جەهەپە پرسی هەڵبژاردنی تەواوکاری بردە پەرلەمان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رەسەن رەمزی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و جارێکی دیکە داوای هەڵبژاردنی تەواوکاریی کرد. 
 
ئۆزگور ئۆزەل، لە گوتارەکەیدا گوتی: "نەتەوەکەمان ئێستا چاوەڕێی سندووقی دەنگدانە بۆ ئەوەی دەنگی خۆی بدات. کاتی هەڵبژاردنی تەواوکار هاتووە کە بەپێی مادەی 78ی دەستوور فەرمانی پێکراوە. ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەم کورسییە بەتاڵانە پێویستییەکی دەستوورییە."
 
ئۆزەل کە پێیوایە هەڵبژاردنێکی تەواوکاری بۆ پڕکردنەوەی هەشت کورسیی بەتاڵی پەرلەمان پێویستە، ئەم داواکارییەی لە کۆبوونەوەیەکی دوو کاژێری دا، لە 22ی نیسان، پێشکێشی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان کرد.
 
ئۆزەل داوای لە کورتوڵموش کردووە، دەستێوەردان بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی داواکارییەکە بۆ هەڵبژاردنێکی تەواوکاری.
 
لە بەرامبەر دا سەرۆکی پەرلەمان، وەڵامی دایەوە کە بڕیاری هەڵبژاردن تەنیا لە رێگەی کۆدەنگیی نێوان پارتە سیاسییەکانەوە دەتوانرێت بدرێت.
 
ئۆزەل لە رۆژانی رابردوودا چاوی بە سەرکردەکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کەوتبوو بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانییەکی بەرفراوان بۆ داواکارییەکەی بۆ هەڵبژاردنی تەواوکاری، کە ئەمە بۆ زیادکردنی گوشار بوو لەسەر پارتی دەسەڵاتدار بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
 
ئۆزەل لە دوای کۆبوونەوەکە  قسەی بۆ میدیا کرد و رایگەیاند، دۆسیەیەکیان سەبارەت بە هەڵبژاردنی تەواوکاری  پێشکەش بە سەرۆک پەرلەمان کردووە، کە تێیدا سەرجەم خوێندنەوە یاساییەکان لەسەر ماددەی 78 - ئەو بڕگەیەی کە هەڵبژاردنی تەواوکاری رێکدەخات - پێشکەشکردووە و دووپاتی بۆچوونی خۆی کردەوە کە لەم بارودۆخەدا هەڵبژاردنی تەواوکاری بۆ دۆخی ئێستای پەرلەمانی تورکیا، ناچارییە.
 
ئۆزەل ئاماژەی بەوەداوە، "سەرۆکی پەرلەمان هاوڕای ئەو بۆچوونە نییە."
 
ئۆزەل: "ئێمە بۆ هەر جۆرە هەڵبژاردنێک ئامادەین"
 
لەبارەی ئەوەی کە ئۆزەل چۆن دەتوانێت پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی تەواوکاری ببات؟ ئۆزەل گوتی: " پێش هەموو شتێک، ئایا هەڵبژاردنی تەواوکاری دەکرێت یان نا؟  ئەگەر ئامادەن دەتوانین بانگەشەی فراوانی بۆ بکەین، با بانگەواز بۆ هەڵبژاردنێکی گشتی بکەین. با تەنیا هەڵبژاردنێکی تەواوکاری ئەنجام نەدەین - با هەڵبژاردنێکی گشتیی پێشوەختە ئەنجام بدەین. ئێمە ئامادەین." 
 
ئۆزەل داوای لە حکومەت کرد و رایگەیاند: " چ هەڵبژاردنێکی تەواوکاری سنووردار بێت بۆ هەشت کورسیە بەتاڵەکەی پەرلەمان، چ هەڵبژاردنێکی تەواوکاری فراوانتر بێت بۆ 30 کورسی ، یان هەڵبژاردنێکی پێشوەختە لە مانگی حوزەیراندا؛ ئەگەر هێزتان هەیە، ئێمە ئامادەی هەر جۆرە هەڵبژاردنێکین."
 
بۆچوونی پارتە سیاسییەکانی دیکە لەسەر هەڵبژاردنی تەواوکاری
 
جەهەپە، ماوەیەکە داوای هەڵبژاردنی پیشوەختە یان هەڵبژاردنی تەواوکاری دەکات بۆ پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکانی پەرلەمان، کە ژمارەیان 8 کورسییە. 
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەیی نەتەوەیی (مەهەپە) بەفەرمی دەرگای لەسەر ئەم دوو داواکارییەی جەهەپە داخستبوو و رایگەیاندبوو، "هەڵبژرادن لە کاتی خۆیدا دەکرێت و دەبێت رێز لە ئیرادەی گەلی تورکیا بگرین."
 
جەهەپە هێشتا سەرکەوتوو نەبووە لە رازیکردنی پارتەکانی دیکەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە هەڵبژاردنی تەواوکاری. لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بۆچوونی زاڵ ئەوەیە کە هەڵبژاردنێکی تەواوکاری هیچ ئەنجامێک یان گۆرانکارییەکی  سیاسی بەدوای خۆیدا ناهێنێت.
 
موساوات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی، لە کاتێکدا کە پشتگیریی لە هەڵبژاردنێکی گشتیی پێشوەختە دەکات، هەڵبژاردنی تەواوکاری بە "هەوڵێکی بێسوود" ناوبرد.
 
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارت) رایگەیاند: "مشتومڕکردن لەسەر کەشوهەوای هەڵبژاردن کاریگەرییەک دروست دەکات کە هەندێک بابەت دەشارێتەوە. هەر کە وشەی 'هەڵبژاردن' دەخرێتە بەر باس، گفتوگۆکردن لەسەر کێشە سەرەکییەکانی وڵات نامومکین دەبێت."
 
تاوەکو ئێستا، تەنیا پارتێک کە بە ئاشکرا پشتگیریی لە داواکارییەکەی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی تەواوکاری کردبێت، پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) بووە.
 
ئەرکان باش، سکرتێری گشتیی TİPدەربارەی هەڵوێستی پارتەکەی رایگەیاند کە دەبێت هەڵبژاردنی تەواوکاری ئەنجام بدرێت بۆ پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکانی ئێستای پەرلەمان.
 
هەڵبژاردنی تەواوکاری چییە؟
 
بەپێی مادەی 78 لە دەستووری تورکیا، ئەگەر 5٪ی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان (30 کورسی لە کۆی 600 کورسی) بەتاڵ بن، تورکیا دەکرێ بچێتە هەڵبژاردنی تەواوکارییەوە و ئەو کاتە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێ. 
 
ئێستا تەنیا 8 کورسی پەرلەمان بەتاڵن. جەهەپە پێویستی بە رازیکردنی 22 پەرلەمانتاری دیکەیە بۆ ئەوەی پەرلەمانی تورکیا بەرەو هەڵبژاردنی تەواوکاری ببات. هەر بەپێی هەمان مادەی دەستوری، ئەگەر 30 مانگ بەسەر هەڵبژاردندا نەڕاوت، یان 12 مانگ کەمتر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن مابێت، ئەوکاتە ناتوانرێت هەڵبژاردنی تەواوکاری بکرێت. 
 
لە 1982 هاوکات لەگەڵ نووسینەوەی دەستوری ئێستای تورکیاوە تاوەکو ئێستا، تەنیا دوو جار لە تورکیا هەڵبژاردنی تەواوکاری کراوە. یەکەمجار لە ساڵی 1983 و دووەمجار لە ساڵی 2003 بووە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گولیستان دۆکو

لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گولستان دۆکو چڕکرایەوە

وەزیرانی داد و ناوخۆی تورکیا دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گولیستان دۆکو بە هەماهەنگیی بەهێزی سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت بەوردی بەڕێوەدەچن و بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان کۆتایی لەم پرۆسەیەدا بەردەوام دەبن.