رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، نەوتی ناوچەی گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان پشکی شێری لە دابینکردنی ئاسایشی وزەی وڵاتەکەی بەردەکەوێ و 44٪ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی نێوخۆیی پێکدەهێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات نەمانی شەڕ و سەقامگیربوونی ناوچەکە ئابووریی وڵاتەکەی دەبووژێنێتەوە و دەبێتەهۆی گەڕانەوەی وەبەرهێنان بۆ ئەو شوێنانەی پێشتر بەهۆی شەڕەوە چۆڵ ببوون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە دووەمین لووتکەی نێودەوڵەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "ئێستا 44٪ی بەرهەمهێنانی نەوتی نێوخۆمان لە بیرەکانی ناوچەی گابارەوەیە. تورکیا بەهۆی تێچووی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی شەڕی دژی تیرۆر، زیاتر لە 2 تریلیۆن دۆلار باری دارایی قورسی لەسەر شان بوو، بەڵام بە بنبڕکردنی تیرۆر، ئەم سەرچاوە داراییە بۆ پەرەپێدانی ئابووری بەکاردەهێندرێو کە سوودەکەی بۆ تەواوی 86 ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا دەبێت."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کۆمپانیا نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی کار لەسەر دۆزینەوەی بیرە نەوتی نوێ دەکەن، بە جۆرێک لە دوای کێڵگەی گابار، لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان 4 ناوچەی نوێی نەوتیان دەستنیشان کردووە و لە 3 ساڵی داهاتوودا کار لەسەر لێدانی 24 بیری نوێش دەکەن.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە توانای رۆژانەی هاوردەکردنی گازی سرووشتیی تورکیا گەیشتووەتە 495 ملیۆن مەترسێجا؛ هەروەها گوتی:"تورکیا چی دیکە تەنیا پشت بە چەند سەرچاوەیەک نابەستێت، بەڵکو خاوەنی ژێرخانێکی گەورەیەو کە لە 39 وڵاتی جیاواز و لە زیاتر لە 50 کۆمپانیاوە گازی سرووشتی دابین دەکات."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتیەکانی تورکیا، توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە تورکیا گەیشتووەتە 135.671 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی باکووری کوردستان، وەکو باتمان، سێرت، ئامەد و مێردین 28٪ لە تێکڕای ئەو بەرهەمهێنانە پێکدەهێنن، کە دەکاتە 35 هەزار 85 بەرمیل لە رۆژێکدا. تورکیا لە ساڵی 2024 زیاتر لە 38 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. لە ساڵی 2025 دا کۆی بەرهەمهێنانی 26٪ بەرزکردووەتەوە بۆ 47.9 ملیۆن بەرمیل.
هاوکات کۆمپانیای نەوتی تورکیا (TP) پلانی داڕشتووە، لە رێگەی چڕکردنەوەی کارەکانی گەڕان و هەڵکەندنی بیرە نوێکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت و گازی سروشتی خۆی بگەیەنێتە 1 ملیۆن بەرمیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ