ئەردۆغان: گەورەترین بەرهەممان تاوەکو ئێستا تورکیای بێ تیرۆرە
رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆگرامێکی تایبەتدا لە ئیستەنبووڵ کە رۆژی شەممە 24-5-2025 بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پرۆسەی ئاشتی بە گەورەترین بەرهەم ناوبرد و جەختیکردەوە، لەم نزیکانە پرۆسەکە بەرەوپێش دەبەن.
سەرۆککۆماری تورکیا لە باسی بەرهەم و جێدەستی حکومەتی تورکیادا جەختی لەسەر ئەو کارانە کرد کە لە ماوەی 23 ساڵی رابردوودا کردوویانن.
هاوکات پەسنی توێژی گەنجانی تورکیای دا و گوتی: "ئەمڕۆ گەنجێک هەیە کە خاوەنداریی زمانەکەی، ئایینەکەی و بەها مەعنەوەییەکانی دەکات".
ئەردۆغان هەروەها گەنجانی وڵاتەکەی بە کاریگەر وەسفکرد و گوتی، ئەوان داهاتووی تورکیا بونیات دەنێن. دواتر لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گوتی: "ئێمە بە بەرهەمەکانمان، بە خزمەت و پڕۆژەکانمان، لەپێناو هەڵگرتنی ئاستەنگ لەبەردەم گەنجانمان، بە هەموو هێزمانەوە کاردەکەین. گەورەترین بەرهەمی ئێمە تاوەکو ئەمڕۆ کە 'تورکیای بێ تیرۆر'ـە، پەنا بەخوا بەم نزیکانە لەسەر بنەمایەکی زۆر تۆکمە بەرزی دەکەینەوە".
پرۆسەی ئاشتی کە رۆژی 1-10-2024 لەلایەن دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرا، چەندین دیداری بەدواوە هات و بەردەوامە.
پرۆسەکە دوای بانگەوازێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گەیشتە قۆناخێک کە پەکەکە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی راگەیاند.
ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی حکومەتی تورکیا و هەنگاوی کردەیی پەکەکەن.