رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا رایگەیاند، هێڵی ئاسنی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا بۆ هەناردە و هاوردەکردن بە فەرمی کرایەوە.
نیکۆڵ پاشنیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا کرانەوەی هیڵی ئاسنی تورکیا-ئەرمینیای راگەیاند و گوتی، ئەم پێشهاتە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ ئابووری و بازرگانیی دەرەکیی وڵاتەکەی دادەنرێت.
پاشینیان ئاماژەی بەوە کرد، دوای کەوتنەکاری هێڵی ئازەربایجان، ئێستا هێڵی ئاسنی نێوان ئەرمینیا و تورکیا لە رێگەی جۆرجیاوە بۆ هەناردە و هاوردەکردن بە فەرمی کراوەتەوە.
پاشینیان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X، لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "خۆشحاڵم رایبگەیێنم کە دوای هێڵی ئاسنی ئازەربایجان، ئێستا هێڵی ئاسنی تورکیا لە رێی جۆرجیاوە بە رووی هەناردە و هاوردەی ئەرمینیادا کراوەیە. ئەمە پێشهاتێکی گەورەیە بۆ ئابووریی وڵاتەکەمان. سوپاسی هاوبەشەکانمان لە تورکیا و جۆرجیا دەکەین کە بونیاتنەرانە هاوکارییان کردین".
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەرمینیا لە 30 ساڵی رابردوودا
دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، ئەرمینیا رۆژی 21ـی ئەیلوولی 1991 سەربەخۆیی راگەیاند. تورکیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی رۆژی 16ـی کانوونی یەکەمی 1991 دانی بە سەربەخۆیی ئەرمینیادا نا و هاوکاریی مرۆیی بۆ نارد.
هەروەها بۆ پاڵپشتیی زیاتر، لە ساڵی 1992 ئەرمینیای بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی دامەزرێنەر لە رێکخراوی هاوئاهەنگیی ئابووریی دەریای رەش، بەڵام دوای ئەوەی ئەرمینیا ساڵی 1993 هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباخی لە ئازەربایجان داگیر کرد، پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەرمینیا پچڕا و سنوورییان بەڕووی یەکدیدا داخست.
تورکیا بۆ ماوەی 12 ساڵ هیچ پەیوەندییەکی فەرمی و دیپلۆماسیی لەگەڵ ئەرمینیا نەهێشت.
ساڵی 2005، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا، نامەیەکی بۆ رۆبێرت کۆچەریان، سەرۆککۆماری ئەوکاتەی ئەرمینیا نارد و تێیدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کرد.
پەیوەندیی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی نزم لەنێوان هەردوو وڵات دەستی پێکردەوە. ساڵی 2008 عەبدوڵڵا گول، سەرۆککۆماری ئەو کاتەی تورکیا، نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی سێرژ سارکیسیان کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری ئەرمینیا. رۆژی 12ـی نیسانی 2008، بۆ یەکەمجار ئەردۆغان لەگەڵ سارکیسیان لە واشنتن کۆبوونەوە.
رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2008، عەبدوڵڵا گول، سەردانی ئەریڤانی پایتەختی ئەرمینیای کرد. ئەمە یەکەم سەردانی تورکیا بوو لەسەر ئاستی سەرۆککۆمار دوای 15 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. سەردانەکەی گول بۆ یەک رۆژ بوو، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەرمینیا ئامادەی یاریی تۆپی پێی نێوان تورکیا و ئەرمینیا بوون کە یاریی ئامادەکاری بۆ جامی جیهانیی 2010 بوو.
ئەو سەردانە بە "دیپلۆماسیی تۆپی پێ" وەسف کرا. مانگێک دواتر سارکیسیان، سەرۆککۆماری ئەرمینیا سەردانی ئەنقەرەی کرد.
رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2009 رێککەوتننامەی زیورخ - پرۆتۆکۆڵی بونیاتنانەوەی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەنێوان تورکیا و ئەرمینیا - واژۆ کرا، بەڵام بەهۆی رەتکردنەوەی مەرجەکانی تورکیا کە داوای کشانەوەی ئەرمینیای لە ناوچەی ناگۆرنۆ-قەرەباخ دەکرد، پەرلەمانی ئەرمینیا ئەو مەرجانەی رەتکردەوە و نیسانی 2010 پرۆتۆکۆڵەکەی هەڵوەشاندەوە.
دوای دەستپێکی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا و وەرگرتنەوەی ناگۆرنۆ-قەرەباخ، ئەردۆغان پەیامی ئەوەی بە ئەرمینیا گەیاند کە ئامادەن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.
لە 15ـی کانوونی یەکەمی 2021، تورکیا باڵیۆزی خۆی (سەردار کڵچ) بۆ ئەریڤان دەستنیشان کرد و 3 رۆژ دواتر ئەرمینیا باڵیۆزی خۆی (روبێن روبینیان)ـی ناردە ئەنقەرە.
لە 1ـی کانوونی دووەمی 2022، ئەرمینیا ئابڵوقەی لەسەر سەرجەم بەرهەمە تورکییەکان هەڵگرت. لە 14ـی هەمان مانگ، یەکەم شاندی دیپلۆماسیی نێوان ئەرمینیا و تورکیا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کۆبوونەوە.
نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە مانگی حوزەیرانی 2023 لە رێورەسمی دەستبەکاربوونی ئەردۆغان بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەشداریی کرد. لە مانگی حوزەیرانی 2025 پاشینیان لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ