لە ئادانا پیاوێک دوای کوشتنی دوو منداڵەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئادانای تورکیا، پیاوێک دوای ئەوەی دوو منداڵەکەی بە دەمانچە کوشت کە یەکێکیان خاوەنپێداویستیی تایبەت بوو، کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێنا.
 
رووداوەکە درەنگی شەوی چوارشەممە، 24-12-2025 لە شارۆچکەی یورەگیر لە ناوەندی شاری ئادانا روویداوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئیبراهیم کیراجی، تەمەن 46 ساڵ، کە لە گەڕەکی سەیهان لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەکی سێ نهۆمیدا دەژیا، بە دەمانچە تەقەی لە کوڕ و کچەکەی کردووە.
 
منداڵەکان ناویان (دۆرەک - 11 ساڵ) کە خاوەنپێداویستیی تایبەت بووە و (دەرین - 13 ساڵ) بووە و هەردووکیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیبراهیم ماوەیەک بەر لە ئێستا لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە.
 
سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن، باوکەکە دوای تاوانەکە چووەتە نهۆمی سەرەوە و بە خاوەن ماڵەکەی گوتووە: "منداڵەکانم کوشت"، دواتر گەڕاوەتەوە نێو ماڵەکەی خۆی و بە هەمان چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
 
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی پۆلیس و فریاگوزاری گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تەرمی ئیبراهیم و دوو منداڵەکەیان بۆ توێکاری رەوانەی پزیشکی دادی ئادانا کردن و دەستیشیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کرد.