فیدان دەڵێت، بە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیایان گوتووە بچنە نێو سوپای سووریاوە

27-01-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند نزیکەی 80 هەزار چەکداری گرووپەکان لە سووریان کە نزیکی تورکیان و ئەنقەرە پێیگوتوون، هیچ کێشەیەک دروستنەکەن و بەشداری لە سوپای سووریادا بکەن.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵێکی سعودی گوتوویەتی: "دەستێوەردانی زێدەڕۆیانەی هێزە بیانییەکان و بەرگریکردنی هەندێک دەوڵەت لە بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکە لە بری بەرژەوەندیی خۆیان، دەرئەنجامی وەک ئەوەی سووریای لێکەوتووەتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "لە قۆناخی نوێدا، پەند لەم ئەزموونە وەردەگرین و هەوڵ دەدەین لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە وەک سعودیە، ئیمارات، قەتەر، میسر، ئوردن و عێراق سیاسەتێک پەیڕەو بکەین کە سەقامگیری پێشینە بێت".
 
فیدان هەروەها وەبیریهێنایەوە، قۆناخی پێشووی سووریا، شەڕ، دابەشبوون، ناسەقامگیری و ئاوارەبوونی خەڵکی لێکەوتەوە. هەروەها گوتی: "نابێت ئەمە ببێتە چارەنووسی ناوچەکەمان. دەبێت چارەنووسی ئەو ناوچەیەی موسڵمانەکانی لێ دەژین، عەرەب، تورک و فارسی تێدا دەژین بگۆڕدرێت. پێموایە ئەم گۆڕانکارییە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دەستی پێکردووە".
 
سەبارەت بە چاوەڕوانییەکان لە دەسەڵاتی نوێی سووریا، فیدان گوتی: "دەسەڵاتی نوێی سووریا نابێت هەڕەشە بێت بۆ سەر ناوچەکە و نابێت رێگە بە تیرۆریزم بدرێت، بەتایبەتی داعش و پەکەکە. دەبێت مامەڵەی باش لەگەڵ کەمینەکان بکرێت و حکومەتێکی بەرفراوان پێکبهێنرێت".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها بە گرنگی زانی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سیاسیی وڵات بە تەواوی دەستەبەر بکرێن و گوتی: "لەسەر ئەم مەرجانە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە رێککەوتووین و داواکارییەکانمان گەیاندووەتە دەسەڵاتی سووریا. ئێستا هەر کاممان بچین هەمان شت دەڵێین، ئەمە چاوەڕوانیی ئێمەیە لە سووریا".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا روونیکردەوە کە هیچ وڵاتێک بە تورکیاشەوە داواکاریی تایبەتی نەخستووەتە بەردەم دەسەڵاتی نوێی سووریا و تەنیا چاوەڕێی دەسەڵات و هەنگاوێکن کە خێری خەڵکی سووریا، سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەی تێدا بێت.
 
سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان، فیدان رایگەیاند، "یەکێک لە گرنگترین دۆسیەکانی بەردەم دەسەڵاتی نوێی سووریا رێککەوتنی هەموو لایەنەکانە. دەبێت هەموو گرووپە چەکدارەکان لەژێر یەک چەتری سوپادا کۆببنەوە و تەنیا یەک دەزگای یاسایی دەوڵەت مافی هەڵگرتنی چەک و بەکارهێنانی هێزی هەبێت. لە هەموو دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا دەبێت وابێت".
 
ئەم گوتانەی فیدان لەکاتێکدایە، چەند گرووپە چەکدارێک لە سووریا، بەتایبەتیش لە باکووری سووریا هەن کە لە لایەن ئەنقەرەوە پشتگیرییان لێدەکرێت.
 
لەمبارەیەوە هاکان فیدان باسی لەوە کرد 80 هەزار چەکداری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا هەن و گوتی: "بێ دوودڵی پێمانگوتن بچن بەشداری لە سوپای نیشتمانیدا بکەن و رێگە مەدەن ناڕێکی لە وڵاتدا دروست بێت. هیوادارین لە باشووریش، لە سوەیدا و دەرعا هەمان شت بکرێت".
 
لەگەڵ هێرشە لەناکاوەکەی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب، لە رۆژی 25-11-2024 کە دواجار رۆژی 8-12-2024 بووە هۆی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا، کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، هێرشیان کردە سەر هەسەدە کە کۆنترۆڵی بەشێکی فراوانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریای لەدەستدایە و تەلرەفعەت و شاری منبجیان کۆنترۆڵ کرد.
 
لەو کاتەوە، سەرەڕای ئاگربەستێک کە پێشتر ئەمریکا نێوەندگیریی کردووە، پێکدادان لەنێوان هەردوولا لە دەوروبەری شاری منبج و بەنداوی تشرین بەرەو کۆبانی بەردەوامە.
 
فیدان سەبارەت بە مەرجەکانیان بۆ پشتیوانی لە ئیدارەی نوێی سووریا، گوتی: "پێویستمان بە هاوکێشەیەک هەیە، کە مانەوەی دەستبەسەرکراوانی داعش لە زیندانەکان و دەستبەرداربوونی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە چالاکیی تیرۆریستی و پاراستنی مافەکانی کورد مسۆگەر بکات".
 
روونیشی کردەوە کە هاوکێشەکە بریتییە لە "دەستبەرداربوونی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە چەکەکانیان و دەسەڵاتی نوێی سوریا لە دیمەشق بەرپرسیارێتیی زیندانەکانی داعش وەربگرێت، ئێمەش ئامادەین پشتیوانی پێشکەش بکەین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە