ئەربەکان داوای لێسەندنەوەی وڵاتینامە لەو تورکانە دەکات کە سەربازی ئیسرائیلن

رووداو دیجیتاڵ

فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات وڵاتینامە لەو هاووڵاتییانەی تورکیا وەربگرێتەوە کە لە ریزەکانی سوپای ئیسرائیل سەربازن.
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ رایگەیاند، نزیکەی پێنج هەزار هاووڵاتیی تورکیا لە ریزەکانی سوپای ئیسرائیلدا سەربازن.
 
ئەربەکان لەمبارەیەوە گوتی: "ئەو کەسانە کە لە نێو سوپای زایۆنیی کۆمەڵکوژ ئەرکدارن و بۆمب بەسەر کۆرپە و منداڵانی غەززەدا دەبارێنن و خەڵکی سڤیلی بێتاوان دەکوژن، دەگەڕێنەوە تورکیا و هیچ رێکارێکی یاساییان لە بەرامبەردا ناگیرێتەبەر و لەگەڵمان دەژین. ئەمە جێی قبوڵکردن نییە".
 
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ رووی دەمی کردە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکە و گوتی، " تەواوی ئەو هاووڵاتییانەی کۆماری تورکیا کە لە ریزی سوپای زایۆنیی ئیسرائیلن، دەبێت راستەوخۆ وڵاتینامەکانیان هەڵبوەشێندرێتەوە".
 
ئێستا جگە لە بۆردومانەکانی سەر غەززە، هاوکات رێگە نادرێت کۆمەکی مرۆییش بگاتە ئەوێ.
 
بەگوێرەی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 124 کەس بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، کە 84یان منداڵن.