گرووپێکی کوردی بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵی لەئەستۆگرت

27-12-2015
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن تەقینەوە ئیستەنبوڵ
A+ A-

رووداو- هەولێر

گرووپی چەکداری "بازەکانی ئازادی کوردستان" کە بە گرووپی فالکۆنی کوردستانیش ناسراون، بەرپرسیارییەتی خۆیان لە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی رۆژی چوارشەممەی نزیک دووەم فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ راگەیاند.

گرووپی بازەکانی ئازادی کوردستان لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆیان لە بڵاوکراوەیەکدا رایانگەیاند "ئێمە بەرپرسیارییەتی خۆمان لەبەرامبەر تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن لەئەستۆ دەگرین". 

رۆژی چوارشەممە 23-12-2015، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لەدووەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیستەنبوڵ، ئافرەتێکی پاککەرەوە گیانی لەدەستدا و كەسێكی دیكەش برینداربوو.


ئەم تەقینەوەیە لەکاتێکدایە، هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان لە شەڕێکی قوڕسدان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان PKK.

گرووپە چەکدارییەکە دەشڵێت "هێرشەکەیان بۆسەر فڕۆکەخانەی سەبیحە لە تۆڵەی ئەو پشێوی و ئاڵۆزییەیە کە چەند ماوەیەکە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیای گرتووەتەوە."

بازەکانی ئازادی کوردستان راشیانگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکەیان فڕۆکەخانەکە و 4 فڕۆکەی نێوی زیانی ماددیان بەرکەوتووە.

بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندووە، گرووپی چەکداری  TAK بەرەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK یە، بەڵام  پەکەکە بێ دەسەڵاتی خۆی لە کار و کردەوەکانی ئەو گرووپە راگەیاندووە.

گرووپی چەکداری بازەکانی ئازادی کوردستان لە ساڵی 2004 دامەزراوە و بەوە ناسراوە، ناوچە گەشتیارییەکان لە تورکیا دەکاتە ئامانج، لە 3 مانگی ساڵی 2006 تەقینەوەی 8 بۆمب 2 کوژراو و 47 برینداری لێکەوتەوە، دواتر ئەم گرووپە بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە نیشاندا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە