29-02-2020
14:52
دەزگای لووتکە: هەزاران هاونیشتمانی کوردستان لە تورکیان و دەیانەوێت بپەڕنەوە ئەوروپا
دەزگای لووتکە: هەزاران هاونیشتمانی کوردستان لە تورکیان و دەیانەوێت بپەڕنەوە ئەوروپا
کوردە یەشار، نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەماوەی 24 کاژێردا تەنیا لە وان و ئیستەنبووڵەوە نزیکەی 500 پاس کۆچبەر چوونەتە شاری ئەدێرنە بۆ پەڕینەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، کە 40 پاسیان لە شاری وانەوە بوونە.
کوردە یەشار ئاماژەی بەوەشکرد "لە تورکیا نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەر و کۆچبەری سووری هەن، هەروەها بەهەزاران کوردی باشووری کوردستانیش لەنێو تورکیان، کە زۆربەیان چاوەڕوانی دەرفەتێک دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە وڵاتانی ئەوروپا".
11:39
تورکیا: کارگەیەکی دروستکردنی چەکی کیمیایی سووریامان وێرانکردووە
بەرپرسێکی حکومەتی تورکیا دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی کارگەیەکی دروستکردنی چەکی کیمیایی حکومەتی سووریای لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە بۆردوومانکردووە.
بەرپرسێکی باڵای تورکیا کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، شەوی رابردوو سوپای وڵاتەکەی کارگەیەکی دروستکردنی چەکی کیمیایی وێرانکردووە کە 13 کیلۆمەتر لە باشووری حەلەبەوە دووربووە.
بەرپرسەکەی تورکیا گوتیشی، سوپای وڵاتەکەی ژمارەیەکی زۆر ئامانجی دیکەی حکومەتی سووریای بۆردوومانکردووە.
11:10
عەبدولحەکیم بەشار: لە شەڕی ئیدلب تورکیا پاڵپشتی ئێمە دەکات
عەبدولحەکیم بەشار: لە شەڕی ئیدلب تورکیا پاڵپشتی ئێمە دەکات
جێگری سەرۆکی ئیئتلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایدەگەیێنێت، کە ئەوان پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە پاڵپشتی تورکیا لە ئیدلب دەکەن و دەشڵێت "شەڕ لەنێوان ئێمەو رژێمە، لەو شەڕەدا تورکیا پاڵپشتی لە ئێمە دەکات". سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هێزە کوردییەکانیش لە رۆژئاوای کوردستان بە پێویستی دەزانێت پەیەدە متمانە دروستبکات و ناسنامە و پرۆژەی سیاسی خۆیشیان دیاری بکەن.
عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی ئیئتلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە میانی بەشداریکردنی لە نوڕۆژی دۆستانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی پەیوەندی نێوان لایەنە کوردستانییەکان لە رۆژئاوی کوردستان، چارەنووسی دانوستاندنەکانی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا و پەیەدە و یەکگرتوویی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: "بۆ ئەوەی یەکگرتوویی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا و بۆ یەکبوونی ئێمەو پەیەدە، پیویستە سێ خاڵی سەرەکی جێبەجێ بکرێت".
بە گوتەی عەبدولحەکیم بەشار، لەو سێ خاڵە "خاڵێک لەسەر پەیەدەیە جێبەجێی بکات، دوو خاڵەکەی دیکە لەسەر هەردوولامانە جێبەجێی بکەین. خاڵی یەکەم دروستکردنی متمانەیە، پەیەدە و قەسەدە پێشێلکاریان ئەنجامداوە، هێشتا خەڵکانێکی بێسەروشوێن لای ئەوانە، خەڵکی سڤیل لەسەر دەستی ئەوان کوژراون، ئێمە چ وەڵامێکی کەسوکاری ئەوانە بدەینەوە؟"
سەبارەت بە خاڵی دووەم و سێیەمیش جیگرێ سەرۆکی ئیئتلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێت "پێویستە هەردوولا ناسنامەی سیاسی خۆیان دیاری بکەن، کە ئێمە کێین و تۆ کێی؟ ئێمە ناسنامەی سیاسی خۆمان دیاریکردووە، کە هێزێکی کوردی سەربەخۆین، فەلسەفەی ئێمە وەکو پارتی ئەنەکەسە کاردەکەین بۆ مافی رەوای میللەتی کورد لە سووریا. پێویستە ئەوانیش ناسنامەی خۆیان دیاری بکەن کە کێن".
سەبارەت بە خاڵی سێیەمیش، عەبدولحەکیم بەشار دەڵێ "پێویستە دیاری بکەن کە پرۆژەی سیاسی ئەوان چییە؟ پرۆژەی سیاسی ئێمە لە سووریا ئەوەیە، ئێمە کاردەکەین بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی دیموکراتی و فیدراڵی و فیدراڵیەت لە کوردستانی سووریا، ئێمە خۆمان بە بەشێک لە شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەبینین. پێویستە ئەوانیش پرۆژەی سیاسی خۆیان دیاری بکەن".
لەبارەی دۆخی ئێستای ئیدلب و ئۆپەراسیۆنی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە پاڵپشتی تورکیا و حکومەتی سووریا و هەڵوێستی ئەوان لەوبارەیەوە، عەبدولحەکیم بەشار گوتی "شەڕ لەنێوان ئێمە و رژێمە، لەو شەڕەشدا تورکیا پشتگیری لە ئێمە دەکات".
10:57
تورکیا لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا لەبارەی ئیدلب بەردەوامە
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تورکیا لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا لەبارەی دۆخی ئێستای ئیدلب و پرسی کۆچبەران بەردەوامە، لە نێوخۆی تورکیایش بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە بڕیارە ژمارەیەک کۆبوونەوە لەنێوان سەرۆکی پارتەکان و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی تورکیا ئەنجامبدرێت.
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە رایگەیاند: دوای ئەو هێرشەی لە ئیدلب کرایە سەر هێزەکانی تورکیا و 33 سەرباز کوژران، حکومەتی تورکیا وەکو کاردانەوەیەک و بۆ گوشار خستنە سەر وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا سنوورەکانی بەرەو ئەوروپا بە رووی کۆچبەران واڵاکرد و هەزاران کۆچبەر خۆیان گەیاندە سنوورە ئاوی و وشکانییەکانی تورکیا لەگەڵ یۆنان و بولگاریا.
پەیامنێری رووداو دەڵێ، شەڕو پێکدادنەکان لە ئیدلب تاوەکو دوێنێش لە باشووری شارەکە هەر بەردەوامبوون، تەنانەت چەند گوندێکیش لەلایەن حکومەتی سووریا کۆنترۆڵکرانەوە، بەڵام ئێستا شەڕ بە دیاریکراویش لە دەوروبەری سەراقب و گوندی نەیران کەمبووەتەوە و دانوستاندنی دیپلۆماسیش بەردەوامە.
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەدات، دوێنێ شاندنێکی رووسیا لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە، هاوکات پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان ئەردۆغان و ترەمپ ئەنجامدرا، ئەمریکا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە ئەوەی راگەیاندووە کە بەدوای میکانیزمێک دەگەڕێت بۆ ئەوەی هاوکاری تورکیا بکات. پرسی دیداری نێوان پووتین و ئەردۆغانیش تاوەکو ئێستا دیار نییە، هەرچەندە باس لەوە دەکرێت لە 5 بۆ 6ی ئازار چاویان بەیەک بکەوێت.
سەبارەت بە جمووجوڵەکانیش لە نێوخۆی تورکیا، پەیامنێری رووداو گوتی: بڕیارە ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لەگەڵ پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی کۆببێتەوە، لەلایەکی دیکە بڕیارە هەر ئەمڕۆ کەمال کڵچدارئۆغلۆ، سەرۆکی جەهەپە لە پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکەی کۆدەبێتەوە. رەنگە لە چەند کاژێرێکی داهاتوو هەدەپەش راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە. بڕیاریشە رۆژی سێشەممەش پەرلەمانی تورکیا لیژنەی گشتی بە بەشداری هەموو فراکسیۆنەکان کۆببێتەوە. بە گشتی کۆبوونەوەکانیش بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئێستا و پرسی ئیدلب و کۆچبەران و هەڵوێستی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەبێت.
09:54
دهیان ههزار كۆچبهر و پهنابهره نیشتهجێبووهكانی توركیا روویان كردووهته سنوورهكانی بولگاریا و یۆنان بۆ پهڕینهوه بهرهو ئهوروپا. بە چوونی شهپۆلی كۆچبهران، حكومهتی یۆنان بڕیاری تهلبهندكردنی تهواوی سنووره وشكانییهكانی لهگهڵ توركیا دهركرد.
بهگوێرهی میدیاكانی توركیا، هێزه ئهمنییهكانی یۆنان لهودیوی ناوچهی كارائاغاج و پازاڕكوله لهشاری ئهدیرنه دهستیانكردووه به تهلبهندكردنی سنوورهكانیان لهگهڵ توركیا بۆ رێگریكردن لهبهردهم هاتنی شهپۆلی نوێی كۆچبهران.
ئاماژه بهوهشكراوه، تهلبهنده به مووسهكان بهدرێژایی سنوورهكانی توركیا یۆنان دادهنرێن بۆ ئهوهی رێگری له كۆچبهران بكرێت. ئهمه جگه له گرتنهبهری رێوشوێنی تووندوتۆڵی ئهمنی و سهربازیی و بهكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و ئاوی سارد، گوللـهی لاستیكی و بۆمبی دهنگی بۆ بڵاوهپێكردنیان و دوورخستنهوهیان لهسهر سنوورهكان.
بهگوێرهی ئاماره نافهرمییهكان، نزیكهی پێنج ههزار كۆچبهر و پهنابهر توانیوویانه لهماوهی كهمتر له 24 كاژێر له سنووره وشكانی و دهریاییهكانهوه خۆیان بگهیێننه یۆنان بۆ ئهوهی روو له وڵاتانی ئهوروپا بكهن.
09:43
هەزاران کۆچبەر لەسەر سنووری تورکیا لەگەڵ یۆنان و بولگاریا کۆبوونەتەوە
کۆچبەران لەسەر سنووری تورکیا و بولگاریا
رووداو-هەولێر
بڕیارەکەی حکومەتی تورکیا بۆ کردنەوەی سنوورەکانی وەک کاردانەوە بوو بەرامبەر ئەو هێرشەی لە ئیدلب کرایە سەر هێزەکانی و 33 سەربازی کوژران، تورکیا تەنانەت لە گەیاندنی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا هاوکار بوو و ئامرازەکانی گواستنەوەشی بۆ هەندێکیان دابینکرد.
کۆچبەران کە خەڵکی کوردستان، عێراق، ئەفغانستان، پاکستان و وڵاتانی دیکەن، لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و ئەوروپا ماونەتەوە. نە تورکیا هاوئاهەنگی لەگەڵ یۆنان و وڵاتانی دیکە کردووە و، نە یۆنانیش کۆچبەرەکان وەردەگرێت.

