رووداو- ئەنقەرە
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری تورکیا رایگەیاند:" لە ئەگەری دروستبوونی هەرمەترسییەکدا بۆ سەر خاکی تورکیا، سوپای تورکیا و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە لەوپەڕی ئامادەباشیدان".
گوتەکانی داودئۆغڵو لە کاتی خوانێكی بەربانگی رەمەزاندا هات کە وەزارەتی کاروباری ئایینی تورکیا ئامادەیکردبوو.
داودئۆغڵو گوتی "ئەگەر بگەینە ئەو قەناعەتەی کە مەترسییەک بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی تورکیا دروست بووە لەسەر سنوورەکانمان، ئەوە هەموو ئامادەباشییەک ئەنجامدراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەگەرە".
گوتیشی:" سوپای تورکیا و هەموو دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکە و هەموو دامەزراوەکانمان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی تورکیا لەسەر پێ و ئامادەن".
داودئۆغڵو هەموو ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە ئاماژە بە هاوکاریکردنی تورکیا بۆ داعش دەکەن و گوتی " ئەوانەی ئەم تۆمەتەمان بۆ دروست دەکەن ویژدانیان لەدەستداوە".
رۆژی 27-6-2015 رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک رێگا نادەین دەوڵەتێک لە باشووری تورکیا و باکووری سووریا دروستببێت، باجەکەی هەرچی بێت رێگری لێدەکەین".
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە خوانێکی رۆژووشکاندندا گوتی: "بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە ناکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ