رووداو دیجیتاڵ
جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێ، چاوەڕێن لە رۆژانی 6-7ی کانوونی یەکەمدا هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەردانی تورکیا بکات.
دەم پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد دا رۆژانی 6-7ی کانوونی یەکەم لە ئیستەنبووڵ "کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" ساز دەکات. تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لەبارەی کۆنفرانسەکەوە قسەی بۆ ماشاڵڵا دەکاک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد کرد و رایگەیاند، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کردووە.
تەیب تەمەل گوتی: "بانگهێشتنامەمان بۆ بەڕێز ئیلهام ئەحمەد ناردووە بۆ ئەوەی بتوانێ بەشداریی ئەم کۆنفرانسەی ئاشتی بکات. لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت قسە دەکەین.''
جێگری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: ''باوەڕمان وایە ئەم دیدارانەمان ئەنجامی ئەرێنییان دەبێ و هیوادارین بەڕێز ئیلهام ئەحمەد بتوانێ بێتە تورکیا و لەم کۆنفرانسەدا ئامادە بێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا تەیب تەمەل ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی کرد بۆ جزیری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان و گوتیشی، دەیانەوێ میوانەکان لە هەرێمی کوردستانەوە ''لە بەرزترین ئاستدا'' بەشداریی کۆنفرانسەکەی ئیستەنبووڵیش بکەن.
وەک جێگری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی دەڵێ، بانگهێشتنامە بۆ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنێرن و گوتی: "ئێمە گرنگییەکی زۆر بەم کۆنفرانسە دەدەین. بۆ ئەوەی لە بەرزترین ئاستدا بەشداری بکەن، ئەوەی بتوانین دەیکەین."
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد کە جاروبار لەلایەن بەرپرسانی مەهەپە و ئاکپارتییەوە دەبەسترێتەوە بە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ باخچەلی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "چاوەڕوانیم ئەمەیە: دامەزرێنەری رێبەریی پەکەکە دەبێت بانگەوازێکی راستەوخۆ بە هەمانشێوە و ناوەڕۆک ئاراستەی هەسەدە/یەپەگە بکات و داوای پابەندبوونیان بکات بەو رێککەوتننامەیەی کە لە 10ی ئادار لەگەڵ ئیدارەی شام واژۆ کراوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ