رووداو دیجیتاڵ
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بڕیاریداوە لە ماوەی سێ مانگدا بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاشکرا بکات.
بەپێی یاسا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ساڵی 2028 ـدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، رۆژی چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان رایگەیاند، بەربژێری پارتەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رادەگەیێنن و لە یەکەم رۆژی پرۆسەی هەڵبژاردنی بەربژێری سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادان.
ئەنجوومەنی ئەو پارتە کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات لەبارەی دەستپێکردنی رۆژی هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکایەتی کۆمار.
دوای بڕیاری ئەنجوومەن، لە رێکخستنەکانی 81 شار و 973 شارۆچکەی ئەو پارتە دەنگدان دەکرێت. یەک ملیۆن و 600 هەزار ئەندامی جەهەپە دەنگ دەدەن بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری پارتەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا.
جەهەپە دەیەوێت لە ماوەی سێ مانگدا پرۆسەی دەستنیشانکردنی بەربژێری پارتەکەیان بۆ ئەو پۆستە تەواو بکات.
بێجگە لەوە، جەهەپە کۆبوونەوە لەگەڵ توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و رێکخراوە مەدەنییەکان دەکات بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمار.
بەهێزترین بەربژێرەکانی نێو جەهەپە بۆ ئەو پۆستە بریتین لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ