راپرسییەک: لە تورکیا پارتێک بەتەنها دەسەڵات دەگرێتەدەست

30-10-2015
محەممەد ئۆوز
نیشانەکردن تورکیا
A+ A-

روواو - ئەنقەرە

بەپێی دوایین راپرسی کە دوو رۆژ بەر لە هەڵبژاردنی گشتیی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، پارتی داد و گەشەپێددان AKP بەتەنها دەسەڵات دەگرێتە دەست.


کۆمپانیای ئۆپتیماری تورکی بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاری ئەنجامی ئەو راپرسییەی بڵاوکردەوە، کە لە بەرواری 23 - 27 ی تشرینی یەكەم لە 27 شاری تورکیا و باكووری كوردستان ئەنجامیدابوو.

سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەری ئۆپتیمار حیلمی داشدەمیر بە رووداو رایگەیاند، بەهۆی قەدەخەی هەڵبژاردنەوە پارتەکان بە ریزبەندی بڵاودەکەینەوە:

پارتی یەکەم: % ٤٤،٢
پارتی دووەم: % ٢٦،٨
پارتی سێیەم: % ١٣،٦
پارتی چوارەم: % ١١،٨
پارتی پێنچەم: % ١،٣
پارتەکانی دیکە: % ٢،٦

داشدەمیر ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەری گرتنە دەسەڵات، تەنها لە لایەن پارتێکەوە مەحاڵ نییە و گوتی: "لەم هەڵبژاردنەدا بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکەی 7 ی حوزەیراندا دوو پارتی سیاسی دەنگەکانیان بەرزدەکەنەوە، ئەوانیش بریتین لە ئاک پارتی و جەهەپە. دەنگەکانی ئاک پارتی 3پۆینت زیاد دەکەن و دەگاتە دەوروبەری 44%. دەنگەکانی جەهەپە بە نزیکەی 26% دەبێت. لایەنی كەم دەنگەكانی مەهەپە 2 پۆینت دادەبەزن. بەگشتی دەنگەکان لە پارتە بچووکەکانەوە بۆ پارتە گەورەکان دەڕۆن.

حیلمی داشدەمیر راشیگەیاند "هەدەپە بەربەستی هەڵبژاردن تێدەپەڕێنێت و رێژەی دەنگەکانی 12% دەبێت."
بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دوای هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی 2015، سەرۆککۆماری تورکیا دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی راسپارد بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و، رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2015 بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دیاریكرا.

لەو 31 پارتەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی حەوتی حوزەیرانی 2015 دا كردبوو، تەنیا چوار پارت گەیشتنە پەرلەمان، ئەوانیش: ئاكەپە بە رێژەی 44.66% (258 كورسی)، جەهەپە 25.13% (132 كورسی)، مەهەپە 16.45% (80 كورسی) و هەدەپە 12.96% (80 كورسی).

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە