رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی بۆغازئیچی لە شاری ئیستەنبووڵ، کەسێک کچێکی تەمەن 15 ساڵی کوشت و دواتریش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
رووداوەکە شەوی شەممە، 30ـی ئابی 2025، کاژێر نزیکەی 19:30 لە کافتریای زانکۆی بۆغازئیچی روویدا.
بەپێی زانیارییەکان، کەسێک بە ناوی "ئایبەرک.ک" کە تەمەنی 20 ساڵ بوو، چووەتە کافتریاکە و تەقەی لە کچێک کردووە بە ناوی "هیلال ئۆ" کە دەگوترێت پێشتر دەستگیرانی بووە.
باس لەوە دەکرێت کچەکە وەکو گارسۆن کاری کردووە. هەردووکیان ماوەیەک هاوڕێ بوونە و بە هۆکارێکی نادیار دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا دروست بووە.
ئایبەرک، سەرەتا گولـلەیەکی ناوە بە سەری کچەکە، دواتر بە هەمان چەک خۆی کوشتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەقەکەرەکە قوتابیی زانکۆکە نەبووە و بەشداریی لە چالاکییەکی زانکۆکەدا کردووە.
دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی دەرکەوتووە، تەقەکەرەکە 24 دۆسیەی تاوانی هەبووە.
زانکۆی بۆغازئیچی راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "هاووڵاتییەکی سڤیلمان لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا گیانی لەدەستداوە، دواتر هێرشکارەکە بە هەمان چەک خۆی کوشتووە."
بەگوێرەی داتاکانی پلاتفۆرمی "تاوانی دژ بە ژنان دەوەستێنین"، تەنیا لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیا 31 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.
هەمان پلاتفۆرم ئاشکرای کردووە، لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 136 ژن کوژراون و مردنی 145 ژنی دیکەش گوماناوییە. زۆربەی ئەو ژنانە لەلایەن دەستگیران و هاوژین یان دەستگیران و هاوژینی پێشوویان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ