رووداو دیجیتاڵ
نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێ، هەلومەرجی ناوچەکە و جیهان، تورکیا هان دەدات کە پرسی کورد چارەسەر بکات.
رۆژی هەینی، 31ی تشرینی یەکەمی 2025، کورتوڵمووش بەشداریی لە کۆبوونەوەی لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پڕۆژە بودجەی ساڵی 2026ـدا کرد گوتارێکی پێشکێش کرد.
کورتوڵمووش باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی کاری "لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە بە ئامانجی سەرخستنی پڕۆسەکە پێکهێندراوە.
کورتوڵمووش دەڵێت، هەلومەرجی هەرێمی و جیهانی، تورکیا هان دەدات پرسی کورد چارەسەر بکات.
رۆژی 01-10-2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند: "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
رۆژی 11-7-2025 لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانیدا، 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانیان سووتاند و گەڕانەوە بنکەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ