باکوور لە گوڵان دا
گێڕانەوەی چیرۆکی پشتگیریی کوردانی باکوور بۆ شۆڕشی گوڵان لە باشوور
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975 بەهۆی رێککەوتننامەی جەزائیر، کاتێک تارمایی نائومێدی باڵی بەسەر باشووری کوردستاندا کێشابوو، دەرگای ماڵەکانی باکووری کوردستان بە رووی پێشمەرگە و خێزانە ئاوارەبووەکانی باشووردا کرانەوە، ئەمە تەنیا چیرۆکی میوانداری و حەواندنەوە نەبوو، بەڵکو چیرۆکی لەدایکبوونەوەی ورە و هەڵگیرسانەوەی چرای شۆڕشێکی نوێ بوو کە بە "شۆڕشی گوڵان" ناسرا.
بەڵگەفیلمی گوڵان لە باکوور دای تۆڕی میدیایی رووداو، بە گەواهی و گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، پەردە لەسەر ئەو رۆڵە مێژوویی و چارەنووسسازەی کوردانی باکوور لادەدات.
ساڵی 1975 ساڵێکی تاڵ و پڕ لە ئازار بوو، شایەتحاڵێک لە بەڵگەفیلمەکەدا باس لەو شۆکە گەورەیە دەکات و دەڵێت"گوتیان شۆڕش تەواو بوو، شۆڕش نەما". ئەو هەستە گشتی بوو، هەستێکی تێکشکێنەر کە هەزاران پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی ناچار کرد روو لە سنوورەکان بکەن، لە کاتێکدا رێگەی ئێران بۆ بەشێکی زۆریان داخرابوو، باکووری کوردستان بووە تاکە پەناگە.
پێشمەرگەکان بە دڵێکی پڕ لە گومان و ترسەوە سنووریان دەبڕی، بەڵام ئەوەی لەودیوی سنوور چاوەڕێی دەکردن، لە پێشبینییەکانیان گەورەتر بوو، گوندنشینانی کورد لە ناوچەکانی شرنەخ، جۆلەمێرگ و سەر سنوور، نەک هەر دەرگای ماڵەکانیان، بەڵکو دڵی خۆشیان بۆ کردنەوە، یەکێک لە بەشداربووانی شۆڕش دەڵێت"ئەشهەدوو بیللا خەڵکی باکوور هاوکارییان دەکردین، بۆ خاتری کوردایەتی، بۆ خاتری رێبازی بارزانی، ئەوەی لە توانایاندا بوو بۆیان دەکردین".
هاوکارییەکە تەنیا لە پێدانی نان و ئاو و شوێنی حەوانەوەدا کورت نەکرایەوە، خەڵکی باکوور جلوبەرگ، پێداویستی و تەنانەت چەک و فیشەکیشیان بۆ پێشمەرگەکان دابین دەکرد، ئەمە بووە بنچینەیەک بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری.
سەرکردایەتیی کاتی (قیادە موەقت) بە فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی و بە سەرپەرشتیی ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعود بارزانی دامەزرا، کەسایەتییە دیارەکانی وەک جەوهەر نامیق و کەریم شنگالی گەیشتنە ناوچەکە و دەستیان بە کاری رێکخستن کرد، ماڵە کوردەکانی باکوور بوونە بارەگای نهێنی و ناوەندی کۆبوونەوەکان، یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکان دەگێڕێتەوە و دەڵێت"ئەو کاتەی کاک جەوهەر و کاک کەریم هاتن، هەموو شتێک ئامادە بوو، خەڵکەکە رێکیانخستبوو، هیچ زەحمەتییەکمان نەدی".
کاریگەریی ئەم هەستە نەتەوەییە هێندە بەهێز بوو کە گەنجانی باکووری کوردستانیشی گرتەوە، زۆرێک لەو گەنجانە کە شایەتی ئازار و ورەی پێشمەرگەکانی باشوور بوون، بڕیاریان دا چەک هەڵگرن و ببنە بەشێک لە شۆڕشی گوڵان.
یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە خەڵکی باشوورە، باس لە یەکەم مەفرەزەی خۆی دەکات و دەڵێت"لە مەفرەزەیەکی هەژدە کەسیدا، تەنیا من خەڵکی باشووری کوردستان بووم، ئەوانی دیکە هەموویان خەڵکی باکوور بوون. نان و جلوبەرگ و تەنانەت فیشەکی تفەنگەکانیشمان هی ئەوان بوو". ئەم گەواهییە بە روونی قەبارەی ئەو تێکەڵاوییە نیشان دەدات کە خوێنی باکوور و باشووری لە سەنگەرێکی هاوبەشدا یەکخست.
یەکێک لە ساتە مێژووییەکان، چاپکردنی یەکەم بەیاننامەی دەستپێکردنی شۆڕشی چەکداریی گوڵان بوو لە 26ی گوڵان، شایەتحاڵێک بە شانازییەوە باس لەو رۆژە دەکات و دەڵێت"ئامێری نووسینی دەستیمان هەبوو، بەیاننامەکەمان پێ چاپ کرد و بڵاومان کردەوە". ئەو بەیاننامەیە کە لە ماڵێکی کوردی باکوور و بە ئیمکانیاتی سەرەتایی چاپکرا، بووە جاڕدانی قۆناخێکی نوێی خەبات.
مەفرەزەکان یەک لە دوای یەک پێکدەهێنران و بەناوچە سنوورییە سەختەکاندا دەپەڕینەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکی دژی رژێمی بەعس، کوردانی باکوور نەک تەنیا وەک پشتیوان، بەڵکو وەک رێپیشاندەر و هاوسەنگەریش رۆڵیان دەگێڕا، لە زۆربەی شەڕ و داستانەکاندا، وەک شەڕی گۆڤکێ، بڵێ و سەرێ خەنووکێ، پێشمەرگەی باکوور و باشوور شانبەشانی یەکتر دەجەنگان و شەهید دەبوون.
چیرۆکی بەڵگەفیلمی گوڵان لە باکووردا تەنیا یادەوەرییەکی مێژوویی نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر یەکێتیی چارەنووسی گەلی کورد. سەلماندی کە سنوورە دەستکردەکان ناتوانن هەستی نەتەوەیی و ئەرکی هاوبەش لەناوبەرن، ئەو پشتیوانییە بێمەرجە، ئەو فیداکارییە و ئەو باوەشە گەرمەی کە کوردانی باکوور بۆ شۆڕشی باشووریان کردەوە، بناخەی سەرکەوتنەکانی دواتر بوو و بووە وانەیەکی پرشنگدار لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا کە نیشانیدا "کورد هەر یەکە و جڤات هەر یەکە".
بەرهەمی بەشی بەڵگەفیلمی تۆڕی میدیایی رووداو
مۆنتاژ: هەردی قادر
ساڵی 2025
بهشی بكه لە