کۆنگرەی نۆی پارتی
شوکری نێروەیی، ئەندامی کۆنگرەی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی 14 خولەکی رووداودا باسی کۆنگرەی نۆی حیزبەکەی کرد و رایگەیاند، بەهۆی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و هەلومەرجی ئەو کاتی کوردستان و پارتییەوە کۆنگرەی نۆیەم لە کاتی خۆیدا نەکرا. دوای نۆ ساڵ کۆنگرە لە گوندی دەربەند لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەسترا.
سەرکردایەتیی کاتی (قیادەی موەقەت)ـی ئەو کات سەرکردایەتیی پارتی دەکرد. شوکری نێروەیی لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەوان سەرکەوتووانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد. ئەندامانی سەرکردایەتیی کاتی دەیانویست بەبێ هەڵبژاردن لە سەرکردایەتیدا بمێننەوە، بەڵام ئەندامانی کۆنگرە رەتیان کردەوە، بۆیە ئەوانیش کشانەوە و بەشدارییان نەکرد."
نێروەیی لەو بارەیەوە گوتی: "کاک مەسعوود پێشنیازی کرد مەکتەبی سەرۆکایەتی دروست بکات و ئەندامانی سەرکردایەتیی کاتی بکاتە ئەندام، بەڵام ئەوان رازی نەبوون. هەرچەند ئەگەر خۆیان بەربژێر بکردبایە، ئەوا دەردەچوون. پاشان کاک مەسعوود داوای لێکردن بە ناوی جیابوونەوە و ئینشیقاق نەچنە دەرەوەی وڵات."
ئەو ئەندامەی کۆنگرەی نۆی پارتی گوتیشی: "کۆنگرەی نۆ بووە هۆی ئەوەی پارتی بکەوێتەوە دەستی سەرکردایەتییەکی شەرعی. هەروەها درووشمی کۆنگرەیش بریتی بوو لە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆ عێراق."
نێروەیی روونی کردەوە، لە کۆنگرەی نۆدا سەرۆک مەسعوود بارزانی بە سەرۆکی پارتی وعەلی عەبدوڵڵا بە سکرتێری پارتی هەڵبژێردران.