پاراستنی دابونەریتی راستەقینەی کوردەواری

پاراستنی دابونەریتی راستەقینەی کوردەواری

بەرنامەی ئەمشەوی باوەرنەما باسی لەو دابونەریتە نوێیانە کرد کە بوونەتە مایەی شێواندنی کۆمەڵگەی کوردی. لە بەرنامەکەدا د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسیی پەروەردەیی، د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی و، د. بوشرا کەسنەزانی، مامۆستای زانکۆ، گەنگەشەی بابەتەکەیان کرد.
 
د. بوشرا کەسنەزانی لە سەرەتای بەرنامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کۆمەڵێک دیاردەی ناشارستانی نادروست کە پێشتر لە کولتووری کوردیدا باو نەبووە، ئێستا خەریکە دێنەناو کولتووری کوردی. د. بوشرا کەسنەزانی چەندین خاڵی باسکرد کە بوونەتە مایەی نیگەرانی.

یەکیک لەو دیاردە ناشیرینانەی کە باسکرا "بێمنەتی" بوو کە باو بووە. د. بوشرا ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک کەس کاتێک خزمەتیان پێدەکرێت، دوای تەواوبوونی کارەکە بێمنەت دەبن و، رێز لە بەرامبەرەکەیان ناگرن. ئەم دیاردەیە تەنانەت بۆ ناو پەیوەندییە ئەویندارییەکانیش رۆیشتووە. د. بوشرا ئاماژەی بەوە کرد کە لە کولتووری پێشووترماندا ئەویندارەکان و شاعیرە گەورەکان وا بیریان نەدەکردەوە و، چەند نموونەی شیعری لە شاعیرانی وەک ئەحمەدی هەردی و مەحوی هێنایەوە کە پێچەوانەی ئەم کولتوورەن.

دیاردەیەکی دیکە کە باسکرا، پرسەگێڕان بەو شێوازەی ئێستا لەنێو کۆمەڵگە دەکرێت. د. بوشرا باسی ئەوەی کرد کە چۆن پرسە لە کۆمەڵگەی کوردی بووەتە ئەرکێکی قورس لەسەر خێزانی مردووەکە و گوتی: "خێمەیەک دەهێنین ناوەڕاستی جادەکەی پێدەگرین، کۆمپانیایەک سەرپەرشتی ئەم خێمەیە دەکات و ستافێکی لەگەڵدایە کە خزمەت دەکەن و خەرجییەکی گەورە دەکەن. لە کۆندا هەندێک خەڵک نانی پرسەیان نەدەخوارد و، دەیانگوت حەرامە و خەرجی زیادەیە."

د. مورشید خەزنەوی پشتگیری بۆ قسەکانی د. بوشرا دەربڕی. لە روانگەی ئایینیەوە باسی ئەوەی کرد کە "بەداخەوە ئەم گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەگشتی هەیە و تەنیا تایبەت بە باشوری کوردستان نییە. ئێستا دونیا بووە بە گوندێکی بچووک و کولتوورێکی جیهانی درووستبووە، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم کولتوورە جیهانییە درووستە و کولتوورەکانی ئێمە هەڵەن". د. خەزنەوی جەختی لەوە کردەوە کە کولتووری ئێمە راستە و دەبێت گرنگی بە کولتووری خۆمان بدەین. د. مورشید باسی لە بابەتی زمان خۆشی و رێزلێنان کرد و گوتی:" رێزگرتن و زمانخۆشی وەسییەتی خودا بۆ پێغەمبەری ئیسلام بووە و فەرمویەتی: ئەگەر زمانت رەق بێت، تەنانەت تۆ پەیام و داخوازییەکی راستیشت ببێت، کەس گوێت لێناگریت".

د. محەممەد خانی ئاماژەی بە کولتووری ناشرینی رێزنەگرتن لە کات و نۆرە کرد و گوتی: "دزی پارە قەرەبووی هەیە بەڵام دزینی کات قەرەبوو ناکرێتەوە". هەروەها گوتیشی: "تاقیکردنەوەی باوەڕداری و ئاکاری کەسێک دەبێت لە سەر نۆرەگرتن بکرێت.'' هەروەها گوتی: ''من خۆم لە منداڵییەوە پێوەرم بۆ ناسینی مرۆڤەکان، رێزگرتن لە نۆرەگرتن بووە". 

بەشداربووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە هەندێک لەو ئاکار و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییانە پێویستییان بە چارەسەرکردن هەیە. بەرپرسیارێتی تاکەکانی نێو کۆمەڵگەیە رووبەڕووی دیاردە ناشرین و نەگونجاوەکان ببنەوە.