تێڕوانینی ئیسلام بۆ ئازادیی تاکە کەس
لەم بەرنامەیەی باوەڕنما دا گەنگەشەی تێڕوانینی ئیسلام بۆ ئازادیی تاکە کەس کرا. لە بەرنامەکەدا هەریەک لە د.محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسیی پەروەردەیی، د.مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی، د.عیماد ستار، دکتۆرا لە سیاسەتی شەرعی، بۆچوونی خۆیان لەسەر مژارەکە خستەڕوو.
دەروون گێژەن لە سەرەتای بەرنامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامانجیان روونکردنەوەی چەمکی ئازادی تاکەکەسییە لە ئیسلامدا و، بەستنەوەیەتی بە راستییەکانی ژیانی ئێستای مرۆڤایەتییەوە. د. محێدین محەممەد خانی لەبارەی پێناسەی ئازادییەوە دەڵێت: "ئازادی لە نائازادبووندا پێناسە دەکرێت، ئازاد نیت ئەگەر ئازادی کەسێکی دیکە لەناو ببەیت، مافی کەسێک بخۆیت و رێزی کەسێک بشکێنیت".هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئازادی دەبێت لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیدا بێت، تاوەکو سنوورەکانی ئازادی دیاری نەکرێن، ئازادیش پێناسە ناکرێت. لەبارەی ئازادی رەهاوە د. محەممەد خانی گوتی: " ئازادی رەها تەنانەت لە دەرەوەی مرۆڤایەتیشدا نییە".
د. مورشید مەعشووق خەزنەوی لە بەرنامەکەدا باسی ئازادی لە ئیسلامدا کرد و گوتی: "کەسێک دەبێتە موسڵمان، ئیتر ئازادی رەهای نامێنێت و موسڵمان ئازاد نییە و هەمو ژیانی بۆ خودایە. هەروەها رەخنەی لەو ئازادییە رەهایە گرت کە سنوورەکان دەشکێنێت و دەبێتە هۆی بێسەرووبەری.
د. عیماد ستار، میوانی دیکەی بەرنامەکە، باسی لەوە کرد کە ئیسلام رێز لە کەرامەتی ئینسان دەگرێت. هەروەها گوتیشی کە ئیسلام هاتووە پێناسەی ئازادی رێکبخات و سنوورداریان بکات لەپێناوی ئامانجێک و گوتی:" ئیسلام ئازادییەکان سنووردار دەکات بۆ پاراستنی کۆمەڵگا و بەها ئاینییەکان". ئەو جەختی لەوە کردەوە کە پێناسەی ئازادی لە ئیسلامدا لەگەڵ ئەو ئازادییەی ئێستا بەربڵاوە جیاوازە.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، بەشداربووان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئازادی لە ئیسلامدا سنووردارە بەئامانجی پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و رێکخستنی ژیانی مرۆڤەکان.