پەروەردەکردنی منداڵ لە ئیسلامدا

پەروەردەکردنی منداڵ لە ئیسلامدا

"وا مەکە خودا کوێرت دەکات،" یان "خودا لە ئاگردا دەتسوتێنێت." ئەم قسانە زۆر باو بوون و زۆرێک لە منداڵانی کورد لەسەری پەروەردە کراون. شارەزایانی دەروونی و ئایینی ئاگادارمان دەکەنەوە کە ئەم جۆرە ترساندنە منداڵ لە خودا نزیک ناکاتەوە. بەڵکو کاتێک گەورە دەبن، تووشی خەوی ناخۆش دەبن و لە ئایین دوور دەکەونەوە.

لە بەرنامەیەکی نوێی "باوەڕنامە"دا، باسی پەروەردەی منداڵ کرا. شارەزایان هەموو کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت خودا بە خۆشەویستی بە منداڵ بناسێندرێت، نەک بە ترس.

پ. د. محەممەد خانی، کە پسپۆڕی دەروونناسییە، باسی لەوە کرد کە دنیای منداڵ وەکو ئەوەی گەورەکان نییە. ئەو گوتی: "منداڵ بە سرووشتی خۆی لە دەنگی بەرز و شوێنی بەرز دەترسێت. کاتێک ئێمەش دێین ترسی سزای خودای بۆ زیاد دەکەین، ئیتر باوەڕی بە ژیان و دەوروبەری نامێنێت."

بە بڕوای ئەو پسپۆڕە، ئەگەر منداڵ بە ترس گەورە بکرێت، هەست بە رێزی خۆی ناکات. کاتێک گەورەش دەبێت، تووشی دوودڵی و نیگەرانیی بەردەوام دەبێت. ئەو جەختی کردەوە کە "خۆشەویستی مرۆڤ بەرەو پێش دەبات، بەڵام ترس بۆ دواوەی دەگەڕێنێتەوە."

لەلایەکی ترەوە، شارەزایانی ئیسلامی رەخنە لەو شێوازە پەروەردەیە دەگرن کە خودا وەکو کەسێکی تۆڵەسێنەر پیشانی منداڵ دەدات. د. مورشید خەزنەوی، گوتی: "پێویستە منداڵ فێر بکرێت کە خودا بەخشندە و میهرەبانە. ئەگەر منداڵ بە ئاگری دۆزەخ بترسێندرێت، دووڕوو دەردەچێت، چونکە تەنیا لەبەر ترس خودا دەپەرستێت."

هەروەها مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی، باسی لەوە کرد کە ترساندن لە ئاییندا بۆ گەورەکانە تاوەکو سنوورەکان نەبەزێنن، نەک بۆ منداڵێک کە هێشتا ژیریی تەواو نییە. ئەو گوتی: "پێغەمبەر (د.خ) بە سۆز و خۆشەویستی منداڵانی پەروەردە دەکرد، نەک بە هەڕەشەی کوێربوون و سووتان."

شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەر، باسی لایەنێکی دیکەی ئەم ترساندنە دەکات و دەڵێت، زۆرجار لە دادگاکان دەبینین کە خەڵکی گەورە لە سوێندخواردن بە قورئان دەترسن، تەنانەت ئەگەر راستیش بکەن. ئەو پێی وایە ئەمە "کاریگەریی ئەو ترسەیە کە لە منداڵیدا لە دڵیاندا چێنراوە." ئەو داوای کرد کە لە قوتابخانەکاندا ئایین بە زمانی خۆشەویستی فێری منداڵان بکرێت تاوەکو دەروونیان ئارام بێت.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، شارەزایان ئامۆژگاریی دایکان و باوکیان کرد کە لە جیاتی ترساندن، "سۆز و میهرەبانی" بەکاربهێنن. ئەگەر دایک و باوک لە منداڵەکەیان تووڕە بن یان لێیان دڵگران بن، کاریگەریی زۆر زیاترە لە لێدان و ترساندن. گۆڕینی رەفتاری منداڵ دەبێت بەوە بێت کە لە مەترسییەکان تێبگەیەندرێت، نەک بە دروستکردنی وێنەیەکی ترسناک بۆ خودا و ئایین. چونکە باوەڕی راستەقینە لە دڵێکدا گەشە دەکات کە پڕ بێت لە خۆشەویستی.

بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان. 

 

کاتی پەخش: 22:00