کانیی قیر
ئەڵقەی ئەمجارەی بەرنامەی باژۆ تایبەتە بە گەشتێک بۆ پارێزگای ئەنبار و شاری هیت. هەڵمەت عومەر، پێشکەشکاری بەرنامەی باژۆ، سەرەتا دەچێتە شاری هیت، کە بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیهان دادەنرێت و، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش سۆمەرییەکان. هەڵمەت لەبارەی شاری هیتەوە دەڵێت، لە سەردەمی خۆیدا خاکێکی بەپیت و بەرەکەت بووە و هەموو جۆرە میوە و دانەوێڵەیەکی لێ رواوە. هەروەها ئاوی رووباری فوراتیش بە بەردەوامی بەنێویدا رۆشتووە.
دواتر هەڵمەت باسی ناعوڕەکان دەکات کە دەکەونە سەر لێواری رووباری فورات و بە دووری 109 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای بەغداوە دوورن. لە کۆتایی ساڵی 2021 بڕیاردرا ناعوڕەکان بخرێنە ناو لیستی یونسکۆ بۆ کولتووری جیهانی.
هەروەها هەڵمەت سەردانی کانییە قیرەکان دەکات، کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان. سۆمەرییەکان سوودیان لەو قیرە بینیوە و لە دروستکردنی باڵەخانە و پەرستگەکانیان بەکاریان هێناوە. لە وەرزی هاویندا کانییە قیرەکان تووشی بەهەڵمبوون دەبن، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئەوەش وا دەکات بۆنێکی ناخۆش بەسەر ناوچەکە بڵاوببێتەوە.
لە کۆتاییدا، هەڵمەت سەردانی ناحیەی بەغدادیە دەکات، کە 40 کیلۆمەتر لە هیتەوە دوورە. ناوی ناحیەی بەغدادیە لەوەوە هاتووە کە لە کاتی خۆیدا کەسێک لە بەغداوە هاتووەتە ئەوێ و خانووێکی دروستکردووە و تێیدا نیشتەجێ بووە.