گەشتێک بۆ حەزەر
لەم بەرنامەیەدا هەڵمەت عومەر گەشتێک دەکات بۆ شاری حەزەر، یەکێک لە کۆنترین و گرنگترین شارەکانی عێراق و جیهان. حەزەر، کە پێشتر بە مەملەکەتی عەربایە ناسرابوو، دەکەوێتە ناو فراوانترین دەشتی عێراق.
حەزەر بە سیستەمی بەرگریی بەهێزی خۆی ناوبانگی دەرکردووە، کە 163 تاوەری چاودێری لەسەر دیوارەکانی بووە. ئەو مەملەکەتە خاوەنی پەیکەر و هەڵکۆڵدراوی زۆر بووە، کە بەشێک بوون لە ناسنامەی ئایینی و رۆشنبیریی مەملەکەتەکە، ئەمەش وای کردووە حەزەر ببێتە ناوەندێکی دیاری رۆشنبیری لە ناوچەکەدا.
شوێنەواری حەزەر 110 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری موسڵ و، نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شەرگاتەوە دوورە. دەسەڵاتی حەزەر لە رووباری دیجلە لە رۆژهەڵاتەوە تاوەکو فورات لە رۆژئاوا و لە چیای شنگال لە باکوورەوە تاوەکو تەیسەفون و هەیوان مەدائین لە باشوور درێژ بووەتەوە، تەنانەت لە سەردەمی زێڕینیدا گەیشتووەتە خابوور و نسێبین.
شارەکە بە شێوازێکی بازنەیی دروست کراوە، دیوارێکی گەورەش دەوری داوە. بۆ بووژانەوەی ئابووریی مەملەکەتەکە، بازرگانی بە قوماشی حەریر و بەهارات کراوە، هەروەها باج لە دانیشتووان وەرگیراوە.
زۆر لە عەشیرەتە عەرەبییەکان لە حەزەر کۆبوونەتەوە و شانازییان بە پەیکەرەکانی دەکرد، بەتایبەتی پەیکەری خوداوەندی خۆر. لە نووسینە کۆنە ئارامییەکاندا ناوی حەدرا یان حەدراد شەمس هاتووە، هەر بۆیەش بە شاری خۆر ناسراوە.
حەزەر یەکەم شوێنەواری عێراق بووە کە لە ساڵی 1985دا خراوەتە لیستی کولتووریی جیهانیی یونسکۆ.