قەڵای باشتابیە

قەڵای باشتابیە

لەم بەرنامەیەی باژۆدا، هەڵمەت عومەر دەچێتە سەر قەڵای باشتابیە، یەکێک لە کۆنترین قەڵاکانی عێراق، کە دەکەوێتە شاری موسڵ. قەڵای باشتابیە بەهۆی مێژووە دەوڵەمەندەکەیەوە شانازییەکی گەورەی خەڵکی موسڵە، دەکەوێتە ناوەڕاستی شار و لەسەر لێواری رووباری دیجلەیە. ناوی قەڵاکە تورکییە و بە مانای "بورجی سەرەکی" یان "قەڵای سەرەکی" دێت.

قەڵای باشتابیە لەلایەن مەڕوانی کوڕی محەممەدەوە لە سەدەی 3ی کۆچی دروستکراوە. قەڵاکە لە تاوەرێکی بەرز، ژوورەکان، تونێلەکانی ژێر زەوی پێکهاتبوو، هەروەها بە شارە کۆنەکەوە بەسترابوو. قەڵاکە چەندین جار رووخێندراوە و نۆژەنکراوەتەوە، لەوانە لەلایەن ئەلبەساسیر و شەرەف ئەلدەولە، هەروەها لە کاتی هەڵمەتی هۆلاکۆ و تەیموور لەنگیش زیانی بەرکەوتووە، بەڵام لە سەردەمی حاکم بەکر پاشا و حوسێن پاشا ئەلجەلیلی نۆژەنکراوەتەوە.

قەڵای باشتابیە وەکو هێمای ناسنامەی شاری موسڵ لە یادەوەری عێراقییەکاندا ماوەتەوە. قەڵاکە لە بەرزترین خاڵی شاری موسڵ دروستکراوە. لەسەردەمی خۆیدا، تونێلەکانی قەڵاکە بۆ پەیوەندی و هەناردەکردنی چەک بەکاردەهاتن. قەڵای باشتابیە رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە کاتی گەمارۆدانی موسڵ لەلایەن نادرشا لە ساڵی 1743.

لە درێژەی بەرنامەکەدا، هەڵمەت عومەر سەردانی قەرەسەرا دەکات، کە دەکەوێتە نزیک قەڵای باشتابیە. قەرەسەرا کۆشک و بارەگای سوڵتان بەدرەدینی لولووی ئەتابەگی بووە و، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 800 ساڵ پێش ئێستا. سەرەتا ناوی ئەقسەرا بووە، بەڵام دوای سووتاندنی لەلایەن سووپای هۆلاکۆوە ناوی گۆڕدراوە بۆ قەرەسەرا. پاشماوەی کۆشکەکەی قەرەسەرا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسییەکان و لەلایەن عیمادەدین زەنگی و نوورەدین ئەرسەلان زەنگییەوە بەکارهاتووە.