40 هەزار دۆلار ژیانی محەممەدی 31 ساڵ رزگار دەکات
محەممەد جەوهەر، باوکێکە کە خۆی و سێ منداڵەکەی نەخۆشیی تالاسیمیایان هەیە، ئێستا جگەریشی لەکارکەوتووە و بەهۆیەوە سێ مانگە لە ماڵ کەوتووە و توانای کارکردنی نەماوە.
محەممەد تەمەنی 31 ساڵە، بەهۆی ئازار و نەخۆشییەوە بە ئەستەم دەیتوانی لە بەرپرسیار قسە بکات، داوای هاوکاری لە خێرخوازان کرد و گوتی: "ساڵێکە جگەرم لەکارکەوتووە و ئازارم زۆرە، رۆژانە تەنیا دەرزیی هەوکردنی خوێن وەردەگرم و پێویستم بە هاوکارییە."
هاوژینەکەی محەممەد دەڵێت، "هەر سێ منداڵەکەم هەڵگری تالاسیمیان. هاوژینەکەم جگەری ئاوساوە و ئێسکەنەرمەشی هەیە. دوو نەشتەرگەریی بۆ دانراوە، بەڵام بەهۆی کەمدەرامەتییەوە تاوەکو ئێستا نەکراوە."
بە گوتەی دکتۆر ئەسعەد حەسوون، پسپۆڕی نەشتەرگەری شێرپەنجە، پەنکریاس، جگەر و گورچیلە، ژیانی محەممەد لە مەترسیدایە و پێویستی بە پەلەی چاندنی جگەرە.
دکتۆر ئەسعەد لە بەرپرسیار، گوتی: "پەرەسەندنی نەخۆشییەکەی، چارەسەرەکەیشی قورستر دەکات."
نەشتەرگەرییەکەی محەممەد لە هەولێر دەکرێت و تێچووەکەی زیاتر لە 40 هەزار دۆلارە. دکتۆر ئەسعەد، گوتی، نەشتەرگەرییەکە "بە رێژەیەکی زۆر سەرکەوتووە و دوای چوار مانگ چاودێریی پزیشکی، دۆخی زۆر ئاسایی دەبێتەوە."
ئەو خێزانە لە گوندی حەسارۆکان لە سنووری هەولێر نیشتەجێن. تەنیا داهاتیان مووچەیەکی کەمئەندانی محەممەدە کە بەشی دەرمان و خەرجیی هاتووچۆی هەفتانەی نەخۆشییەکەی محەممەد ناکات.
بهشی بكه لە