هاوسەرگیریی مسیار لە هەرێمی كوردستان زیادیكردووە؟‎

06 November 2019
هاوسەرگیریی مسیار لە هەرێمی كوردستان زیادیكردووە؟‎
هاوسەرگیریی مسیار لە هەرێمی كوردستان زیادیكردووە؟پرۆژەیەك بەناوی هاوسەرگیریی مسیار، 12ساڵ لەمەوبەر درایە پەرلەمان، بۆ دەركردنی یاسایەك لەوباریەوە، بەڵام ئەو دەمە پڕۆژەكە رەتكرایە، ئێستا هەمان پڕۆژە، بەڵام بەناوی (هاوسەرگیری سەردەم) دەدرێتەوە پەرلەمان، خاوەنی پڕۆژەكە شێخ ئاریان بەرزنجی، رایدەگەیەنێ‌، لە زۆربەی وڵاتانی كەنداو ‌و میسر و لوبنان ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە هەیە، بۆكوردستانیش  پێویستە.

پرۆژەیاساکە لە سێ ماددە پێكهاتوون. هۆکاری ناوگۆڕینی پڕۆژەکەی بۆ هەڵە  تێگەیشتن لە بابەتی هاوسەرگیرییەکە و ناڕەزایەتی خەڵکی گەڕاندەوە. بەپێی ماددە 78ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پڕۆژەیاساکە دەبێت لەلایەن  حکومەت یان 10 پەرلەمانتارەوە پێشکەش بکرێت.

هاوسەرگیریی مسیار، بریتییە لە گرێبەستی هاوسەرگیریی نێوان ژن و پیاوێك و  دەگوترێت هەموو مەرجە یاسایی و شەرعییەكانی تێدایە، جگە لە سێ‌ مەرجی  سەرەكی كە ژنەكە بە ویستی خۆی دەستبەرداریان دەبێ‌ ئەوانیش، نەفەقە،  خانەی تایبەت بە هاوسەرگیری و دابەشنەكردنی ماوەی مانەوەی پیاوەكە لە  نێوان ژنەكانیدا، ئەگەر پیاوەكە ژنی دیكەی هەبوو

هەورامان گەچێنەیی، سەرۆكی لێژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان، پشتڕاستیكردەوە، پرۆژە یاسایەك لەوبارەیەوە دراوەتە پەرلەمان،  بەڵام گوتی هیچ زانیارییەكم لەبارەیەوە نییە.

لەبارەی ئامانج لە هاوسەرگیرییەكە شێخ ئاریان عەزیز ئەحمەد بەرزنجی،  دەڵێت دانانی سنوورێك بۆ خۆكوشتن و خۆسووتاندنی ئافرەتان و سوودمەندبوونی  زۆرترین بێوەژن و ئەو كچانەی تەمەنیان هەڵكشاوە، لە پرۆسەی هاوسەرگیری و  بنبڕكردنی دیاردەی زینا و خیانەتی نێوان ژن و مێرد و زۆربوونی تێچووی  شووكردن و ژنهێنان و زۆربوونی رێژەی ئافرەتان بەرامبەر پیاوان و 
رەخساندنی هەلی شووكردنەوە بۆ ئەو بێوەژنانەی باری داراییان باشە. لە وڵاتانی كەنداو، لە ئیران، میسر و لوبنان ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە هەیە،  بەڵام لە هەرێمی كوردستان نەبووەتە دیاریدە. تاكە مەرجی ئەو جۆرە  هاوسەرگیرییەش بەلای شێخ ئاریانەوە، ژن و پیاوە تەمەنیان لە 35 ساڵ زیاتر  بێ‌، تاوەکو ئەوانەی بە گەنجی دەرفەتی شووكردن و ژنهێنیان بۆ نەڕەخساوە،  بتوانن هاوسەرگیری بكەن.

ئازاد عومەر،  مامۆستایەکی ئاینیە و دەلێت هاوسەری مسیار شەرعیە و یەکێک  لە هۆکاری مسیار زۆربوونی بێوەژنە و بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان لە ٩٥% پیاوەکان ناتوانێت هاوژینی دووەم پێکبهێنێت و دەمانەوێت لە رێگای  مسیار رێگا لە زینا و حەرام بگرین.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پلان و ئامار لە ئەنجوومەنی دادوەری لە  ماوەی ساڵانی 2017 و 2018دا لە هەرێمی کوردستان77270 گرێبەستی هاوژینی  پێکهێناوە و 14921 تەڵاق و لێکجیابوونەوەش هەبووە.

ئاماری سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر ئاشکرای دەکات 29653  گرێبەستی هاوژینی  6583  حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە .

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە لەڕووی شەرعەوە رێی پێدراوە؟  مەلا عومەر حەسەن، ئەندامی لێژنەی باڵای فتوای هەرێمی كوردستان دەڵێت  مادام هاوسەرگیرییەكە خاڵییە لە هەست و خۆشەویستی بۆیە كاریگەری لەسەر  ئەو منداڵەش دەبێ‌، كە لەو جۆرە هاوسەرگیرییە پەیدا دەبێ‌ و منداڵەكە لە  سۆزی باوكی بێبەش دەبێ‌ بۆیە هاوسەرگیرییەكی دروست نییە.

شێخ ئاریان بەرزنجی بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو هاوسەرگیرییە لە هەرێمی  كوردستان زیادیكردووە. هەوڵەكانیشی ئەو بۆ برەودان بەو جۆرە هاوسەرگیرییە  بەردەوامە، بەڵام هەنگاوەکەی لەگەڵ پێوەرە کۆمەلایەتییەکان و دابوونەریت  و یاساکانی باری کەسێتی و سزادانی عێرقی یەکانگیر نییە.

بەرپرسیار، 
لەم بەرنامەیەدا فۆکوس لەسەر کێشەی خەڵک دەکرێت. پاڵەوانی سەرەکی خەڵکن و زۆرترین ماوەی بەرنامەکە دەدرێتە ئەوان. لە هەر بەرنامەیەکدا باسی کێشەی کەسێک یان گرووپێک یان ناوچەیەک دەکرێت. بەشێکی بەرنامەکە تەرخاندەکرێت بۆ چارەسەری کێشەکە. هەروەها کۆمێنتی خەڵکیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەردەگیرێن.

زۆرجار پێشکەشکار خۆی دەچێتە شوێنی کێشەکە، بەدرێژایی بەرنامە پێشکەشکار هەوڵدەدات چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە. بۆیە پێشتر ساوندبایتی کەسێکی یاساناسی وەرگرتووە کە ئەویش پێشنیاز بۆ خاوەن کێشەکە دەکات کە چی بکات بۆئەوەی کێشەکەی چارەسەرببێت.

ئەو بەرنامەیە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات و سیداد لەشکری پرۆدیوسەری بەرنامەکەیە، پێنج رۆژی هەفتە (یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە) کاژێر 18:00 بە کاتی هەولێر پەخشدەبێت.