پێشمەرگەیەک ساچمە لەنێو مێشکیەتی و تووشی گەشکە دەبێت
عەدنان زوهێر، پێشمەرگەی خانەنشینە، پێشتر لە شەڕی داعش لە 2014 سێ جار بریندار بووە، ئێستا لە ماڵ کەوتووە و بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە رۆژانە تووشی گەشکە دەبێت. پزیشکێک دەڵێت: عەدنان مەترسی لەسەر خۆی و دەوروبەریشی دروستدەکات.
عەدنان زوهێر لە بەرپرسیار، داوای هاوکاری لە وەزارەتی پێشمەرگە و خێرخوازان کرد و گوتی: "خانوو و ئۆتۆمبێلم بۆ خەرجیی نەخۆشییەکەم فرۆشت. تاوەکو ئێستا سێ جار لەسەر ئەرکی خۆم نەشتەرگەریم کردووە. ساچمەیەک لەنێو مێشکم ماوە و هەفتانە دوو بۆ سێ جار گەشکە دەمگرێت. داوا دەکەم هاوکاریم بکەن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە و گۆڕینی دۆخی ژیانم."
بەهۆی کەمدەرامەتییەوە عەدنان دوو لە منداڵەکانی لە خوێندن دابڕاندووە. پلەی پەککەوتەی ئەو پێشمەرگەیە بەپێی راپۆرتی پزیشکی کە لە 2021 دەرچووە، بە 70٪ دەستنیشانی کردووە؛ بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی راپۆرتێکی لەبارەی ئەو پێشمەرگەیەوە پلەی پەککەوتەی بە 50٪ دەستنیشان کردووە بێ ناوهێنانی برینداربوون، تەنیا بە ئاماژەدان بە "گەشکە".
خەرجیی مانگانەی دەرمانەکانی عەدنان 200 هەزار دینارە، لەکاتێکدا لە خانووی کرێ لە گوندێکی سنووری خانەقین نیشتەجێیە. تەنیا داهاتی مووچەی خانەنشینی پێـشمەرگەیە.
دکتۆر نەبەرد ئازاد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار لە بەرپرسیار گوتی: "عەدنان نەخۆشی لە خوێنبەر و خوێنهێنەری هەیە و سکماکە، بەوهۆیەوە تووشی گەشکە دەبێت. دووەم حاڵەتیش، برینداربوون و بوونی ساچمە لەنێو مێشکیەتی، پێویستی بە نەشتەرگەرییە و لە هەولێر دەکرێت، کاسەی سەری دەکرێتەوە و ساچمەکە دەردەهێنین. بۆ گەشکەکەی، پێویستی بە دەرمانی بەردەوامە."
بهشی بكه لە