لە ساڵی 2013وە قوتابخانەی گوندی بانەسۆر لە ئاکرێ داخراوە
لە ساڵی 2013وە قوتابخانەی گوندی بانەسۆر لە ئاکرێ داخراوە، ئێستا رۆژانە قوتابیانی گوندەکە بە پیادە رێگەی 10 کیلۆمەتر دەبڕن تاوەکو دەگەنە قوتابخانە لە گوندێکی دیکە؛ رێگەکە شاخ و دۆڵ و شیوە، قوتابییەکان پێیدا هاتووچۆ دەکەن و رووبەڕووی مەترسی و زەحمەتییەکانی رێگەکە دەبنەوە.
ژمارەی قوتابییەکان 11 قوتابییە، تەمەنیان لەنێوان شەش بۆ 11 ساڵە، هەندێک جار کاژێر و نیوێک بە پیادە دەڕۆن تاوەکو دەگەنە قوتابخانە.
یەکێک لە قوتابییەکان بەناوی خەڵات کامل دەڵێت، "رێگەکەمان ناخۆشە، بەرد و شاخە، ناوێرین پێیدا بڕۆین و لەکاتی باران بارین ئاوی رووبارەکە زۆر دەبێت و ناتوانین پێیدا بپەڕینەوە". قوتابییەکی دیکەش بەناوی قوباد عەواد ئاماژەی بەوە کرد، "رێگەکەمان دوورە و جانتاکانمان قورسن، ماندوو دەبین".
کامیل سدیق، ئەنجوومەنی گوندی بانەسۆر میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوو، دەڵێت، "لە ساڵی 2013وە قوتابخانە لە گوندی بانەسۆر داخراوە، حەوت قوتابی لە گوندەکەمان هەبوون، بەڵام ئێستا 11 قوتابییان هەیە، گوندی مێرگەمۆش 10 کیلۆمەتر لە گوندی بانەسۆرەوە دوورە، رێگەی چوونی قوتابییەکان زۆر ناخۆش و مەترسیدارە، قوتابییەکانمان تەمەنیان شەش تاوەکو 10ساڵین.
کامیل سدیق گوتیشی، هەندێکجار ژنی گوند دەچن بۆ پەڕاندنەوەی منداڵەکانیان لە ئاوی رووبار، چونکە رێگەیەکە کەند و چۆڵە، قوتابیان بە پیادە هاتووچۆ دەکەن، "لە گوندەکەمان هەموو شت ئامادەیە، بەڵام مامۆستامان نییە، هەندێک گوندی دەوروبەرمان هەیە ژمارەی قوتابییەکانیان کەمە و قوتابخانەشیان هەیە".
کاروان زاهیر، بەڕێوەبەری پەروەردەی ئاکرێ دەڵێت، بەپێی رێنوێنیی وەزارەتی پەروەردە، هەر قوتابخانەیەک لە 15 قوتابی کەمتر بوو دادەخرێت، گوندی بانەسۆر یەکێکە لەو گوندانەی 11 قوتابییان هەیە، لەبەر ئەوە قوتابخانە داخراوە، لیژنەیەک پێکهێندرا لە پەروەردەی ئاکرێ بۆ کردنەوەی قوتابخانەکە، بەڵام بڕیار نەدرا بکرێتەوە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی ئاکرێ ئەوەشی خستەڕوو، کێشەی پەروەردەی ئاکرێ نەبوونی مامۆستای دامەزراوە، کێشەی نەکردنەوەی گوندی بانەسۆر بەهۆی نەبوونی مامۆستا بووە، لە سنووری پەروەردەی ئاکرێ 300 قوتابخانە هەن، بۆ ساڵی داهاتوو هەوڵدەدەین قوتابخانە لە گوندی بانەسۆر بکەینەوە.
گوندی بانەسۆر سەر بە ناحیەی بجیلە لە قەزای ئاکرێ و 13 ماڵی تێدا دەژین، جگە لەو 11 قوتابییەش دوو قوتابیی دیکە بۆ خوێندن دەچنە ناوەندی ناحیەی بجیل.
بهشی بكه لە