کۆگاکانی هەرێمی کوردستان گونجاون بۆ هەڵگرتنی خۆراک؟‎

15 December 2019
کۆگاکانی هەرێمی کوردستان گونجاون بۆ هەڵگرتنی خۆراک؟‎
کۆگاکانی هەرێمی کوردستان گونجاون بۆ هەڵگرتنی خۆراک؟ برنجێكی خراپبوو دەدرێتە بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراك و وەزارەتی  بازرگانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ برنجە تێکچووەکە پێکهێنا. نەبی وەهاب ، کە بریکاری خۆراکە و برنجە خراپەکەی وەرگرتووە و دەڵێت حەوت  ساڵە بریکاری خۆراکم هەیە، ئەوا دووەم جارە برنجی خراپم بۆ دێت ، ١٥ رۆژە  برنجەکەم وەرگرتووە و پێنج فەردە برنج بووە بەلام چوارم فرێداوە و  شوێنەکەی برنجەکەم لێهەڵگرتووە دیوارەکە بلۆکە و سەری دووکانەکەشم بە  دارگرتووە، ئەمجارە بەهۆی پەلەکردنەوە نەمتوانی دار دابنێم، بۆ ئەوەی  برنجەکە لەسەری دابنێن، ئەوە مانای ئەوە نییە لای من خراپ بووبێت بەڵکو  برنجەکە خۆی خراپ بووە.

هێمن سەید موراد ، بەرێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر دەلێت  تێکچوونی  برنجەکە شتێکی ئاساییە، چونکە مانگانە پێنج هەزار و 600 تۆن بەشەخۆراک  هاوردەی هەولێر دەکرێت و برنجەکە  لە ڤێتنام و ئەمەریکای لاتین و بەرازیل  هاوردە دەکرێت و بەم دوایە برنج لە بەرازیلەوە بۆ هەرێمی کوردستان  هاوردەکراوە.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی دەلێت  هەموو خۆراکەکان پشکنینی بۆ دەکرێت ئینجا دابەشدەکرێت  و لە مانگی حەوتی  ئەمساڵدا برنجەکە هاوردەکراوە  و چاودێری بازرگانی دەبێت سەردانی  بریکارەکانی خۆراک بکەن  و برنجەکە تەنیا لای یەک بریکار بینراوە،  گرێبەستی بەشە خۆراکی مانگانە لە بە‌غدا واژۆ دەکرێ نەک هەولێر و هەموو  بەرپرسیارێتییەک لە کوالێتی خۆراک دەکەوێتە ئەستۆی بەغدا و لە ساڵانی  رابردووش خۆراکی ماوەبەسەرچوو یان تێکچوومان بۆ دەهات و برنجە تێکچووەکە  چەند فەردەیەک بووە و تەنیا لای یەک بریکار بووە.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەلێت، زۆربەی ماددەكانی بایعی  بە كەڵكی بەكارهێنان نایەن چونکە گەنجینەكانی هەڵگرتنی خۆراكی بایعی پیسن  و ناكرێت شوێنی هەڵگرتنی خۆراك پیس بێت.

بەرپرسیار، 
لەم بەرنامەیەدا فۆکوس لەسەر کێشەی خەڵک دەکرێت. پاڵەوانی سەرەکی خەڵکن و زۆرترین ماوەی بەرنامەکە دەدرێتە ئەوان. لە هەر بەرنامەیەکدا باسی کێشەی کەسێک یان گرووپێک یان ناوچەیەک دەکرێت. بەشێکی بەرنامەکە تەرخاندەکرێت بۆ چارەسەری کێشەکە. هەروەها کۆمێنتی خەڵکیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەردەگیرێن.

زۆرجار پێشکەشکار خۆی دەچێتە شوێنی کێشەکە، بەدرێژایی بەرنامە پێشکەشکار هەوڵدەدات چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە. بۆیە پێشتر ساوندبایتی کەسێکی یاساناسی وەرگرتووە کە ئەویش پێشنیاز بۆ خاوەن کێشەکە دەکات کە چی بکات بۆئەوەی کێشەکەی چارەسەرببێت.

ئەو بەرنامەیە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات و سیداد لەشکری پرۆدیوسەری بەرنامەکەیە، پێنج رۆژی هەفتە (یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە) کاژێر 18:00 بە کاتی هەولێر پەخشدەبێت.