لە دهۆک رێگەنادرێت دوو خانوو لەسەر یەک پارچە زەوی دروستبکرێن

22 May 2024
لە دهۆک رێگەنادرێت دوو خانوو لەسەر یەک پارچە زەوی دروستبکرێن
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

شارەوانیی دهۆک 9 مانگە بە بڕیارێک رێگری دەکات لە دروستکردنی دوو خانوو لەسەر یەک پارچە زەویی خوار رووبەری 200 مەتری. 
 
بەشێکی ئەو هاونیشتمانییانەی زەویی 150 مەترییان هەیە و مۆڵەتیان بۆ دروستکردنی دوو خانوو پێش بڕیارەکە وەرگرتووە، ناڕازین. سەندیکای نووسینگەکانی خانووبەرەی دهۆک رەخنە لە بڕیارەکە دەگرێت: "نادادیی زۆر لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە هەیە".
 
عەبدولعەزیز رەشید، هاونیشتمانییەکی شاری دهۆکە؛  زەویی 200 مەتریی هەیە و لە 2022 مۆڵەتی بینادروستکردنی وەرگرتووە. بەڵام دوای بڕیارەکە ویستوویەتی بیکاتە خانوو، ئێستا رێگەی پێنادرێت.
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "زیاتر لە 90٪ـی گەڕەکەکەمان خانووی 125 مەترین، ئەوکات بۆ مۆڵەت وەرگرتن دوو ملیۆن دینارم داوە، ئێستا تەنیا کێشەی من نییە، لە زۆربەی گەڕەکەکانی دهۆک هەمان کێشە هەیە."
 
بڕیارەکەی شارەوانیی دهۆک، زیانی بە نووسینگەکانی خانووبەرەش گەیاندووە. نفرۆز حەمید، خاوەن نووسینگەی خانووبەرەیە لە دهۆک، دەڵێت: "بەهۆی بڕیارەکەوە بێکاربووین. تەنانەت بەشێکی خاوەن زەوییەکان ئێستا داوای گەڕاندنەوەی پارەکانیان دەکەن."
 
سەندیکای نووسینگەکانی خانووبەرە لە دهۆک لە هەوڵی گەیاندنی دەنگی ناڕازییە بۆ بەرپرسانی شارەکە. ماهیر چرانی، نوینەری سەندیکاکە لە بەرپرسیار، گوتی: "جیاوازی زۆر لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکرێت. لە هەولێر خانووی 100 مەتر رێگەپێدراوە و لە دهۆک رێگەپێدراو نییە."
 
شارەوانیی دهۆک چاوەڕێی رێنمایی نوێی وەزارەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. ئیسماعیل تاهیر، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک، گوتی: "هەر کەسێک خانوو دروستدەکات دەبێت بەپێی رێنمایی و بەپێی رووبەری رێگەپێدراو دروستبکات. داوامان لە وەزارەت کردووە رێنمایی نوێ دەربکات. بۆ بڕیارەکەش جیاوازی لەنێوان هیچ گەڕەکێک ناکرێت."