بەرپرسیاری رەمەزان؛ لە باتیفا باوکێکی کرێکار بەهۆی هەژارییەوە ناتوانێ کچەکەی بباتە لای پزیشک
ئیحسان عەبدولکەریم، کرێکارێکی تەمەن 35 ساڵانە لە شارۆچکەی باتیفا لە پارێزگای دهۆک، چیرۆکی هەژاری و نەخۆشیی خێزانەکەی دەگێڕێتەوە. ئەو هاونیشتمانییە باوکی دوو منداڵە و بەهۆی کەمدەرامەتی و نەخۆشیی کچەکەیەوە بڕی 6 ملیۆن دینار قەرزارە و لە دۆخێکی سەختی ژیاندایە.
ئیحسان عەبدولکەریم لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، بەم شێوەیە باسی ژیانی خۆی کرد: "کرێکارم و بە رۆژانە کاردەکەم، بەڵام هەموو رۆژێک کار نییە. لە دوو مانگدا تەنیا 20 هەزار دینارم دەستکەوتووە." ئەو بڕە پارەیەی دەستیشی دەکەوێ، بەشی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکەی ناکات و دەڵێت: "ئەگەر رۆژێک کار هەبێت، هەموو پارەکە دەدەمە شیر بۆ دوو کچەکەم."
دیدەم، کچی ئیحسان کە تەمەنی دوو ساڵ و نۆ مانگە، لە سکماکییەوە تووشی نەخۆشیی شەکرە بووە. باوکی دەڵێت، "پێشتر دکتۆر دەرزیی بۆ نووسیبوو، هەر دانەیەکم بە 150 هەزار دەکڕی. تاوەکو ئێستا 6 ملیۆن دینار قەرزارم کە هی قەرزی نەخۆشخانە، دەرمان و کرێی خانووە." بەهۆی نەبوونییەوە، ماوەی ساڵێکە نەیتوانیوە کچەکەی بباتەوە لای پزیشک و دەرزی بۆ بکڕێت.
جگە لە دیدەم، ئیحسان منداڵێکی دیکەی هەیە بەناوی نیدەم کە تەمەنی 10 مانگە، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە تاوەکو ئێستا هیچ پشکنینێکی پزیشکیی بۆ نەکردووە. هاوژینەکەشی، چیدەم شەوکەت، نەخۆشیی رەبۆی هەیە، بەڵام وەک ئیحسان دەڵێت، "دۆخی من دەبینێت، بۆیە داوای پزیشک ناکات."
ئەم خێزانە لە خانوویەکی کرێدا دەژین کە مانگانە 50 هەزار دینار دەدەن، بەڵام ئیحسان چوار مانگە نەیتوانیوە کرێی خانووەکەی بدات. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "15 رۆژ پێش ئێستا خێرخوازێک هات و کرێکەی بۆ دام." خانووەکەشیان مەترسیی رووخانی لەسەرە و خاوەنماڵ داوای لێکردووە چۆڵی بکات.
چیدەم شەوکەت، هاوژینی ئیحسان، باس لەوە دەکات کە خانووەکەیان شێی زۆرە و دڵۆپە دەکات و زۆربەی کەلوپەلەکانیان لەلایەن خێرخوازانەوە بۆ دابین کراوە. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "بژێویمان سەختە و پێویستمان بە خانوویەکە بۆ ئەوەی لە کرێچی و دڵۆپە رزگارمان ببێت."
تاهیر موئەیەد، یەکێک لە دراوسێکانی ئیحسان، دۆخی سەختی ئەو خێزانە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو خێزانە زۆر کەمدەرامەتن و هیچ داهاتێکیان نییە. لە باتیفا بێکاری زۆرە و خێزانی دیکەی هاوشێوەی ماڵی ئیحسان هەن."
بهشی بكه لە