بێستوون تۆک - خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە
میوان : من هێڤین هەڵۆ، خەڵکی کەرکووکم بەڵام لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە یەکجاری هاتمە هەولێر. پرسیاری من بۆ جەنابتان ئەوەیە هەڵوێستان چییە بەرمبەر مادەی ١٤٠ کە لە دەستووری عێڕاقدا هەیە، بۆ کە دێتە باسی جێ بە جێکردی مادەی ١٤٠ تەنانەت ئامادەن لەگەڵ شیعەکان رێک بکەون دژ بە کورد، تاکەی بە ناحەق ئێوە سوودمەند دەبن لە زەوییەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دەور و بەری، بەڕای تۆ جیاوازی لە نێوان سووپای ئێستای عێڕاق و سووپای سەردەمی سەدام حسێن چییە؟ چوونکە بەڕای منەوە هیچ جیاوازییەکی تیا نیە، ماڵی من لە دەوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ٧ ساڵ لە لایان هێزی سەربازی عێڕاق داگیر کراوە، ماڵی من لە لایان حەشدەوە ستوویندرا پاشان بە ئەمری راکان جبووری کە لە کووتلەی ئێوەیە و وابزانم باشترین هاوڕێی ئێوەیە بڕیاری نوێژەن کردنەوەی دا و داگیر کرا ئێستاش هێزی سەربازی عێڕاق کردوویەتی بە بارەگای سەرەکی.
خەمیس خەنجەر : ئێمە بێگومان لەپێناوی سەقامگیری و بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەگەڵ جێبەجێکردنی هەموو رێککەوتننامە سیاسییەکانین. بەڕاستی بڵێم، لەم دۆسیەدا، ئێمە رازی نابین ماڵی هیچ کەسێک داگیر بکرێ و حورمەتی هیچ ماڵێک پێشێل بکرێ جا ئەوە ماڵی هەرکەسێکە و سەر بە هەر لایەکە. پێشمانوایە جێبەجێکردنی ئەو مادانە بە عەدالەت دەکرێ. ناوچەیەک کە زۆرینەیان لە فڵانە پێکهاتەن، دەبێ رۆڵی خۆیان بەشێوەیەکی سروشتی ببینن و بە تەواویش ئازاد بن، ناوچەی ئەولاتریش کە پێکهاتەیەکی دیکەی تێدایە، بە هەمان شێوە ئازاد بن و لە وەرگرتنی هەر بڕیارێک کە بەباشی دەزانن. ئەم مەسەلەیە پێموایە پێویستی بە دیالۆگێکی راستەقینە و جددی هەیە. هەروەها پێویستی بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامە سیاسییەکان هەیە، بەڵام بە عادلانە و بێ بژارکردنیان. من باوەڕم وایە کە هیچ عەرەبێک نییە نە شیعە و نە سوننە، بتوانێ هەست بە دڵنیایی بکات کاتێک دەبینێ کوردێک ماڵەکەی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە یان لایەنێکی سەر بە پێکهاتەیەکەوە زەوت دەکرێ. بۆیە من هاوپشتی بۆ تۆ و بۆ هەر کەسێک دەردەبڕم کە ماڵەکەی زەوت کراوە و دەستی بۆ درێژکراوە. دەبێ ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.
بێستوون : بەڵام بەبات و یاسای پووچەڵکردنەوەی هەموو بڕیارەکانی دادگای شۆڕشی پێشوو بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیەی کە هازاران خانەوادەی وەکوو ئەم خوشکەمان لە کەرکووک هەیانە، زەوی و ماڵ و موڵکی خۆیان کە موڵکی خۆیانە تاپۆی خۆیانە بەڵام بە پێ کۆمەڵێک بڕیار لە زەمانی سەدام دەرکراون، خەڵکی هاوردەکراو دەسی بەسەر زەوییەکانا گردوە لە پەرلەمانی عێڕاق لایەنە کوردستانیەکان هەرچییەک ئەکەن لایەنەکانی دیکە بە سونە و بە شیعە ناهێڵن ببێ بە یاسا ئەوە، هەڵوێستی ئێوە لەسەر ئەوە چییە چوونکە خەڵکێکی زۆر زۆر چاوەڕێ ئەوە ئەکا چارەسەری ئەم کێشەیە بکرێ بە یاسا.
خەمیس خەنجەر : یەکەم شت ئێمە وەکو تاکەکەس و وەکو لایەنێکی سیاسیش، وا ناسراوین کە پاڵپشتی کوردستان و گەلی کوردستانین، ئەمە لە هەموو ئەو بڕیارانەی دێنە پەرلەمان یان حکومەت. دووەم ئەو یاسایە ئێستا خراوەتە بەردەمی پەرلەمان و پێموایە لەنێو لایەنەکانیشدا گفتوگۆی لەسەر بوو، دواجار گەیشتنە فۆرمولەیەک کە رەنگە لەم ماوەیەی داهاتوودا دەنگی لەسەر بدرێ.
بێستوون : زۆر باشە هەر لە کەرکووک ئیدارەی کەرکووک، ئێوە یەکێک لە ئەندامەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا سەر بە کووتلەکەی ئێوەیە وەک ئەو خووشکەشم باسی کرد راکان جبووریش هاوپەیمانی ئێوەیە نزیکە لە ئێوە، چی ئەکەن چاوەڕێ بڕیاری دادگان وابزانم ٢٤ی مانگ دادگای ئیدارەی بەغدا بڕیاڕ ئەدا لەسەر ئێو دەعوایانەی کە راکان جبووری قەیەدی کردوە و لایەنە تورکمانییەکان قەیدیان کردوە، هەڵوێستان چی ئەبێ، واتا ئێوە کاک رێبوار وەکوو پارێزگاری کەرکووک نابینن؟
خەمیس خەنجەر : بەڵێ، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەسەر بنەمای رێککەوتنێک کە لەسەر سێ یاسا کراوە، یەکێکیان هەمواری یاسای لێبووردنە و دووەمیان ئەم یاسایەیە و هەروەها یاسای باری کەسێتی. پێموایە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەمووان دەنگی بۆ دەدەن و ئێمەش وەکو قەوارەیەکی سیاسی بە دڵنیاییەوە دەنگی بۆ دەدەین.
خەمیس خەنجەر : ببوورە، کێشەکە ئێستا لە کەرکووک کێشە نییە لەگەڵ یەک پێکهاتە. کێشەکە ئەوەیە لە کەرکووک کوتلەی هەرە گەورە لە عەرەب، ئێمە وەکو کوتلەی سیادە لە پلەی یەکەمی نێو عەرەب دێین. لە شەش کورسی کە بۆ عەرەبن ئێمە چوارمان هەیە. کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دوو کورسین، کوتلەی تورکمانی کە دوو کورسین، ئەمانە هیچیان لە ئیدارەی کەرکووکدا بەشدار نین. ئێمە لە زیاتر لە وێستگەیەکدا دەمانتوانی بە تەنیا و بەبێ لایەنەکانی دیکە حکومەت پێکبهێنین، بەڵام وەکو ڕێزێک بۆ دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆکوەزیران و پابەندیمان بەو نەخشە رێیەی داینابوو، دوو جار کۆبوونەوەی خۆمان هەڵوەشاندەوە بۆئەوەی بوار بە هەموو لایەنەکان بدەین بەشدار بن. کێشەکە ئەوەیە ئێستا نیوەی پێکهاتەی کورد لە ئیدارەی پارێزگاکە دوورخراوەتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، دوو لەسەر سێی عەرەب دوورخراونەتەوە کە هاوپەیمانیی سیادەیە و تەواوی پێکهاتەیەکیش دوورخراونەتەوە کە تورکمانن، کەواتە کێماسییەک هەیە لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکەدا و ئەوەش لەڕاستیدا پێشێلکردنی یاسای تایبەت بە کەرکووکە، بۆیە پێمانوایە ئەوەی کرا لە راستیدا نایاسایی بوو، دەبووایە رێزی دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆکوەزیران بگرین و تەنانەت برای بەڕێز سەرۆک بارزانی لە دوو وێستگەدا جەختی لەوە کردەوە کە نابێ دەنگ بۆ پێکهێنانی ئەو حکومەتە بدەین و باشترە چاوەڕێ بین بزانین جەنابی سەرۆکوەزیران چ بڕیارێک دەدات، ئەوەش لەسەر بنەمای رێککەوتنی هەموو لایەنەکان و دانیشتنە بەردەوامەکانمان لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران. بۆیە پێموایە مەسەلەکە پەیوەندی بە پێکهاتەیەک یان لایەنێکی سیاسییەوە نییە.
بێستوون : تاکوو ئێستا ئێوە دان بە کاک رێبوار ناکەن وەکوو پارێزگاری کەرکووک؟
دادگای فیدرالی ئەو داوایەی نەبینی وتی ئیشی من نیە ئۆکی، ئێستا لە دادگای کاڕگێڕیە
خەمیس خەنجەر : مەسەلە ئەوە نییە دانی پێدا دەنێین یان نا، مەسەلەکە سەرپێچییە لە رێککەوتنێکی سیاسی و سەرپێچی یاساشە.
بێستوون : ئەگەر لە دادگاکە بڕیار وا دەرچوو کە دانیشتنەکەی بە دانێستنێکی یاسایی لە قەڵم دا دوای ئەوە ئێوە ئامادەن لەگەل ئەوە مامەڵە بکەن؟ و ئامادەن مامەڵە لەگەڵ ئیدارەکە بکەن و ئەو پۆستانەی کە هێشتا ماون و چاوەڕێی ئەوە ئەکەن پڕ بکرێنەوە، هیج نەبى بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگایە بکەن؟
خەمیس خەنجەر : ئەوە بەشێک نییە لە بواری کاری دادگای فیدراڵی، دادگای فیدراڵی وەڵامی دایەوە کە ئەوە ناچێتە چوارچێوەی کاری ئەوان، بەڕاستیش کاری ئەوان نییە. ئەوە بواری کاری دادگای کارگێڕییە. دادگای کارگێڕی تەماشای ئەو داوایە دەکات و لەڕووی کارگێڕیشەوە دڵنیات دەکەمەوە ئەو دانیشتنە نایاسایی بوو، ئەوە بە دیدی ئێمە و بەدیدی راوێژکارەکانی ئێمە، بۆیە دوورخستنەوەی تەواوی پێکهاتەی تورکمان و دوورخستنەوەی بەشێکی گەورە لە پێکهاتەکانی دیکە سەقامگیری بۆ کەرکووک ناهێنێ. رێزی لێدەگرین. رێزی لێدەگرین. رێز لە یاسا دەگرین. دڵنیات دەکەمەوە. کێشەی کەرکووک کێشەیەکی ئاڵۆزە. خۆتان ئاگادارن کە ئەو کێشەیە چەند ئاڵۆزە، لە رابردوودا و لە 2003 وە هەتا ئەمڕۆ. پێموایە ئەو دیدگایەی جەنابی سەرۆکوەزیران خستییە ڕوو گونجاو بوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پارێزگایە بەشێوەیەکی خولاو لەنێوان پێکهاتەکاندا. ئێمە پێمانوایە ئەوەی کرا نایاسایی بوو، وەرەقەی خۆمان داوەتە دادگا و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەبین. هەر بڕیارێک لە دادگاوە دەرچوو رێزی لێدەگرین و لەکاتی خۆیدا بڕیار دەدەین.
بێستوون : بەشداری کۆبوونەوەکان ئەکەن؟
خەمیس خەنجەر : لەکاتی خۆیدا بڕیار دەدەین کە ئایا وەکو ئۆپۆزسیۆن دەچینە نێو ئەنجوومەنی پارێزگا، یاخود بەشدار دەبین، ئەوە لەکاتی خۆیدا و بەگوێرەی بەرژەوەندیی جەماوەری خۆمان و ئەوەی کە چی بۆ ئارامی و سەقامگیریی کەرکووک باشە بڕیاری لەسەر دەدەین.
خۆشێویستی خەمیس خەنجەر بۆ کوردستان و یادگارییەکانی لە سلێمانی :
میوان : من پرسیارێکم هەیە، سەرەتا بەخێر بێی ئەوەی کە من لەسەر تۆ خوێدوومەتەوە ئەڵێین کە لە زانکۆی سەڵاح ئەلدین خوێندنت تەواو کردوە پرسیارەکەی من دوورە لە پرسیاری سیاسی، لە ماوەی خوێندنت لە زانکۆی سەڵاح ئەلدین خۆشترین یادگاری شاری هەولێر چی بووە لات؟ ئایا کەوتوویتە داوی خۆشەویستی هیچ کچێکی کوردەوە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەیا؟
خەمیس خەنجەر : بەڵێ کەوتمە خۆشەویستییەوە. با ئاشکرای بکەم
بەڵام خۆشەویستیی کوردستان.. ئەو ساڵە وای لێکردم عاشقی کوردستان ببم و گەلی کوردم خۆشبوێ و رێز لە ئیرادەیان بگرم. چونکە دەست و دڵفراوانیم لێ بینیون، راستگۆیی لە مامەڵە، مامەڵەیان لەگەڵت وەکو ئەوەی لە خێزانی خۆیان بیت، بەڕاستی سڵاو لە گەلی کورد دەکەم. سڵاو لە هەموو پیاوانی و لە ژنانی و دەڵێم هێشتا هەر عاشقی کوردستانم.
بێستوون : فەرمووت ساڵی ١٩٨١ لە سلێمانی بووی وانیە؟ ئەو ساڵانە زۆر قوورس بە ژیان لە سلێمانی لەبەر ئەوەی لە ناو سلێمانییا بەرهەڵسارییەکی بەهێز هەبوو، سلێمانی شاری شۆڕش گێڕانە راپەڕین لە ڕانییەوە سەری هەڵدا لە سلێمانیەوە، جەنابت عەرەب بووی و لەوێ دەژیای و مەترسی لەسەر ژیانی هەموو کوردێک هەبوو لە سلێمانییا لەبەر ئەوەی هێزی ئەمنییەکان مەترسیان دروست ئەکرد لەسەر ژیانی دانشتوانی سلێمانی لەسەر خەلكی سلێمانی و لە هەمان کاتیشا شۆڕش هەبوو بە بەردەوامی پێشمەرگە بە شەوا ئەهاتنە ناو شار، کەمێک یادەوەرییەکانی ئەو رۆژانە و کاتانەی سلێمانیتم بۆ باس بکە.
خەمیس خەنجەر : بێگومان لە سەردەمێکی وەهادا لە فەلوجەوە بێیت و لە سلێمانی بژیت، سەرەتا هەست بە غەریبی دەکەی. باوکم خودا لێی خۆش بێت بەڵێندەر بوو، لەڕووی گوزەرانەوە تێر و دەوڵەمەند بووین. پەیوەندیی دۆستانەشی لەگەڵ هەندێ خەڵکی سلێمانی هەبوو. تەنانەت نەیهێشت بچمە بەشی ناوخۆیی، سویتێکی لە هۆتێلێک بۆ گرتبووم وابزانم ناوی بێخاڵ بوو. لە بەرامبەر پارێزگا و تەنیشتی فەرمانگەی بەرید بوو.
بەڵام زوو تێکەڵی کۆمەڵگەی سلێمانی بووم، ئەوەش بەڕاستی بەهۆی سۆز و خۆشەویستییان، بە مامەڵەی برایانە و خێزانیانەیان لەگەڵت، وایان لێدەکردی کە هەست بکەی لەنێو خێزانی دووەمتی، ئیدی وای لێهات حەزم نەدەکرد بڕۆمەوە بۆ فەلوجە و پێمخۆش بوو هەر لەوێ بمێنمەوە. کۆمەڵێ برادەر بووین دەچووین بۆ گەڕان، زۆربەی برادەرەکانی زانکۆیشم خەڵکی هەڵەبجە بوون. جا لەو ماوەیەدا زۆربەی ئەو خۆپێشاندانانەی دەکران لە دواناوەندیی کچانەوە دەردەچوون. کچەکان بەڕاستی ئازا و چاونەترس بوون.
لەبیرمە پۆستەری عەلی عەسکەری و مامەڕیشە بڵاودەکرانەوە.
مامەڕیشە و ئەفسەرێکیش هەبوو مولازم بوو، ناوی موحسین بوو. کابرایەکی تاوانباری پیاوکوژی میلیشیاوی بوو. برادەرە کوردەکانم زۆر جار پێداگرییان دەکرد لە هوتێلەکە بمبەن و بچین بۆ ماڵی ئەوان. جا بە رێگەدا دەڕۆیشتین، قسەمان دەکرد و پێدەکەنین. دەمگوت ئەگەر تووشی موحسین بووین دەڵێم من عەرەبم و ئەمانە دەیانەوێ بمڕفێنن، بەڵام ئەگەر پێشمەرگە گرتمی ئێوە رزگارم بکەن. سوپاس بۆ خوا رۆژانێک بوو، بەڕاستی شانازیی پێوە دەکەم و وای لێکردم کە هەتا ئەمڕۆش ئەو نەتەوە مەزنەم هەر خۆشبوێ و شانازییان پێوە بکەم.
بەبەتە گرنگەکان کە گفتووگۆی توندی لەسەر کرا :
میوان : سڵاوتان لێبێ. من جەمال حسێن لە سەلاحەدین، هەندێ پرسیارم بۆ بەڕێز خەمیس خەنجەر هەیە. من دەمەوێ لەبارەی جورف ئەلنەسر پرسیار بکەم، وادەی ئەو نوێژە زۆر دواکەوت، 11 ساڵ بەسەر بێسەروشوێنبوونی کەسوکاری ئێمەدا تێپەڕی و تا ئێستا چارەنووسیان نازانین. من خەڵکی شارۆچکەی عەلەمم، ئەوانەی لەو شارۆچکەیە بێسەروشوێنن سەرووی 150 کەسن، نە هەواڵێکیان هەیە و نە حکومەت هاوکاریمان دەکات، دەمەوێ بزانم وەڵامی تۆ چییە و زۆر سوپاس.
خەمیس خەنجەر : بێگومان وەکو خۆتان دەزانن و زۆر کەسی دیکەش دەزانن، ئێمە ئەو لایەنەین کە ئاڵای بەرگریمان لە هەموو ئەو خاڵانەی بەڕێزت ئاماژەت بۆ کردن، بەرز کردووەتەوە، ئەوە خاڵی جیاکەرەوەی ئێمەشە لە هەموو لایەنەکانی دیکە. ئێمە رێککەوتنی پێشترمان هەیە، زیاتر لە رێککەوتنێکی نووسراومان هەیە لەبارەی ئەو ناوچانە، بۆ زانیاریش لە وەرەقەی رێککەوتنی سیاسیدا من پێداگریم کرد کە دەبێ ناوی جورف ئەلسەخەر بنووسرێ، گوتیان گەڕانەوەی راگوێزراوان، گوتم نەخێر بنووسن جورف ئەلسەخەر، ئەوە بوو نووسیمان جورف ئەلسەخەر لەنێوان دوو کەوانە. گەڕانەوەی راگوێزراوان بۆ شار و گوندەکانیان لەماوەی ساڵێکدا و ناوی جورف ئەلسەخەریشمان لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە سیاسییە زیاد کرد.
بەڵام لایەنە سیاسییەکانی دیکەی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی خاوەخاوی تێدا دەکەن وەکو چۆن کەمێک لەمەوبەر ئاماژەم بۆ کرد. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام بێهیوای نەکردووین. ئێمە متمانەمان بە حکومەتی عێراق و بەتایبەتی بە جەنابی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی و نیازپاکیی ئەو هەیە. متمانەمان بە کارەکانی و بە راستگۆیی ئەو هەیە و دەزانم کە پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی وەرەقەی رێککەوتنی سیاسی، بەڵام هێشتا لە سەرەتای کارەکەداین. مەبەستم ئەوەیە دەتوانی بڵێی هەنگاوی باشمان لە دۆسیەی بێسەروشوێنان بڕیوە و دەشتوانی بڵێی هێشتا لە سەرەتای کارەکەداین. لیژنە پێکهاتوون و ئاماری بێسەروشوێنان وەرگیراوە، هەموو ناوەکان نووسراون و ئەم تیمانەش کەوتوونەتە سۆراخی چارەنووسیان کە لەوکاتەدا چ هێزێک لەو ناوچەیە بووە، ئەم رێکارانە کاتێکی زۆریان پێویست بوو. تا دەگەینە ئەو رێکارە فەرمییانەی کە خەڵک ئیدی چارەنووسی رۆڵەکانیان بزانن، وا مەزەندە دەکەم لەم ماوەیەی داهاتوودا دەبێت. ئێمە لە هەموو دیدارە سیاسییەکانماندا، تەنانەت لە دیدارە نێودەوڵەتییەکانیشدا هەموو ئەو خاڵانە بەبیر دەهێنینەوە، ناوی ئەو شارۆچکانە دەهێنین و بەرگری لە گیراوانی بێتاوان دەکەین، ئەمەش بەشێکی ئەو وێنایەیە کە ئەو برایەی پێش تۆ ئاماژەی بۆ کرد، هۆیەکەش پێداگریی ئێمەیە لەسەر ئەو خاڵانە. خەڵکی تر هەن وەڕز دەبن، ئەوانەی بەرژەوەندییان لەو ناوچانەدا هەیە وەڕز دەبن، بۆیە دەبینی لە هەندێکمان ناڕازین. تەنانەت ئەو وێنایەش کە بۆ بەڕێز حەلبووسی هەیە دەبوو لە سەرۆکایەتی پەرلەماندا بیهێڵێتەوە، بۆچی دوورخرایەوە ئەگەر وێنایەکی باش لەبارەی ئەو هەیە؟ بۆیە مەسەلەکە مەسەلەی وێنا نییە، بەڵکو لەڕاستیدا رێکارگەلێکن دەبێ لە چەند لایەنێکەوە بن کە لەنێو پرۆسەی سیاسیدان. وەکو دەشزانی ئەو پرۆسەی سیاسییەش بە سەختی و ناهەمواریی زۆردا رۆیشت لە ماوەکانی رابردوودا، ئەوە سەرباری قەیرانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی کە ناچارت دەکەن هەندێ دۆسیە وەپاش بخەی. ئێستاش گفتوگۆیەکی گەرم هەیە لەسەر تێپەڕاندنی گرنگترین بڕگەی کە ئەویش بڕگەی هەمواری یاسای لێبوردنە. پشتیوان بەخوا هەواڵی خۆش دەبیستن، دادپەروەری باڵادەست دەبێ و لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو راگیراوانی بێتاوان لە تەواوی عێراق ئازاد دەکرێن.
بێستوون : یا شێخ لەم رۆژانەیا لە میدیای عێڕاقی راپۆرتێکم بینی ڤیدیۆیەکی ساڵی ٢٠١٤ جەنابتیان دەرهێناوە لەوێیا جەنابت وشەی ثوار بەکار ئەهێنی و ئەڵێن جەنابت کە ئەو وشەیە بۆ داعەش بەکار هێناوە، بە کرداری تۆ ئەو کاتە ئەو وشەیەت بۆ داعێش بەکارهێنا؟
خەمیس خەنجەر : من... من لە ساتی یەکەمەوە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوومە، دژی رێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە بوومە و پێموایە ئەو جۆرە رێکخراوانە هەموو لە ئیسلام و بەها کۆمەڵایەتییەکان و رەوشتی کۆمەڵایەتی لایانداوە، بۆیە ئەمە کە رای منە بە دەنگی بەرز دەیڵێم، بەڵام لە 2014 دا تەقە لە خۆپیشاندانەکان دەکرا کە خۆپیشاندانی ئاشتییانە بوون و لە پارێزگاکانی ئێمەدا دەکران. من لێرەوە دەڵێم، ئەگەر ئەوان بڕیاریان بەدەستە، گوێیان لە داخوازیی ئەوکاتەی خۆپیشاندەران گرتبایە، هەموو داخوازییەکان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا خۆیان لە 14 خاڵدا دەبینییەوە و هەموویان بە ئامانجی بنیاتنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر بوون، یەک داخوازی تائیفی تێدا نەبوو. یەک داخوازی تێدا نەبوو کە بۆ نموونە بڵێ دەبێت سەرۆکوەزیران سوننە بێت، یان سەرکردەی گشتی هێزە چەکدارەکان سوننە بێت، یان سەرۆکی ئەرکان سوننە بێت. شتی وای تێدا نەبوو. داخوازییەکانیان هەمان ئەوانە بوون کە ئێستا قسەیان لەسەر دەکەم: ئازادکردنی ژنانی بێتاوان. ئازادکردنی زیندانیان. راگرتنی دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، کێشانەوەی هێزی چەکدار لەنێو شارەکان و رێگری لە بەسەربازگەکردنی شارەکان و.. هەمووی لە خزمەتی بنیاتنانی دەوڵەتێکی دادپەروەردا بوو، دەوڵەتی دامەزراوەیی. سوننە مەرجەعیەتی ئاینییان نییە، هەر باوەڕیشیان بە مەرجەعیەتی ئایینی نییە، باوەڕیان بە دەوڵەت هەیە، بە دامەزراوەکانی دەوڵەت. گەورەترین دڵنیایی بۆ ئەوان و ئاسوودەیی ئەوان ئەوەیە کە ببینن دامەزراوەی نیشتیمانی هەیە، دامەزراوەی راستەقینە و کۆکەرەوە و بەهێز کە نوێنەرایەتی تەواوی عێراقییەکان بکات، بۆیە کاتی خۆیشی من لایەنگری خۆپیشاندانی ئاشتیانە بووم کە پارێزگاکانی ئێمەی گرتەوە، ئەوانە داوای مافیان دەکرد چونکە لەو سەردەمەدا گیانی تایفەگەری بالادەست بوو. رەفتاری تائیفیانە لە هەموو دەزگاکانی دەوڵەتدا بڵاوبوو، بەداخەوە دەڵێم، لە بازگەکان، لەناو شارەکان، هەمووتان ئاگادارن و ئێوە کە لە هەرێمی کوردستان بوون، مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی نەینەوا چۆن بوو؟ ئەوە خەڵکی نەینەوا لێرە هەن، چۆن کچیان ناچار کردووە جنێو بە باوکی بدات لەکاتێکدا هەردووکیان لە یەک ئۆتۆمبێلدا بوون. ئەمە لەناو بازگە کراوە، ئەم شتانە بوون کە خەڵکیان جووڵاند، کە رق و کینەیان بڵاوکردەوە و دواتر ئەوەی لێکەوتەوە کە بینیمان. ئێمە لەو سەردەمەدا پشتگیریی خۆپیشاندانمان کردووە. عەشایەرمان هانداوە کە بەرگری لەو خۆپیشاندانانە بکەن و نەهێڵن خەڵکی نەناسراو تێکەڵی بن، چونکە دەمانزانی هەر بۆشاییەک دروست بێت، سوپا لەو سەردەمەدا ئەو توانایەی نەبوو هیچ بۆشاییەک پڕبکاتەوە، گوتمان خەڵکی نەناسراو پڕیدەکەنەوە و هەرواش دەرچوو.
بۆیە پشتگیریی تیرۆرم نەکردووە و من لە بەرایی ئەو کەسانەم کە تاوانی سپایکەرم شەرمەزار کرد و گوتم خۆم دەخەمە جێی باوکی ئەو گەنجە، یان دایکی و سەیری ئەو تاوانبارانە دەکەم کە کوڕەکەم لەبەرچاوم دەکوژن. ئەوانە تاوانبارن، مرۆڤکوژن، کافرن و فڕیان بە ئایینەوە نەماوە. ئەوە ئێمە بووین کە ئەو تاوانە و زۆر تاوانی دیکەی وەکو تەقینەوەکەی کەڕاددەمان سەرکۆنە کرد، چونکە باوەڕمان وایە کە نابێ بگەینە خوێنڕشتن. ئێمە باوەڕمان بەو فەرموودەیە هەیە کە دەڵێت مرۆڤ هەر گوناهێکی هەبێ، لە رووبەری ئاینەکەیدا دەمێنێتەوە مەگەر ئەوەی خوێنێک بهێنێتە ملی خۆی کە خودا حەرامی کردووە. لابردنی کەعبە لای خودا ئاسانترە لەوەی رۆحێکی بێتاوان بکێشی. بۆیە ئێمە دژی کوشتارین و ئەوەی کاتی خۆیشی داوامان کردووە هەر ئەوە بووە کە دەسەڵاتداران گوێ لە داخوازییەکانی خۆپیشاندەران بگرن. بەڵام بەداخەوە گوێیان نەگرت. خۆ ئەگەر گوێیان گرتبایە خۆپیشاندانەکانی تشرین لەم چەند ساڵەی رابردوودا دووبارە نەدەبوونەوە، چونکە داخوازییەکانی هەردوولا ئەگەر سەیر بکەی، هاوشێوەن و ئەوانیش داوای بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوە و عەدالەتی کۆمەڵایەتییان دەکرد.
بێستوون : ئێستا هیچ مەترسییەک ئەبینن کە شتێکی وەکوو داعەش سەر لە نوێ سەرهەڵبداتەوە بە تایبەتی لەگەڵ ئەو بارودۆخەیا کە لە سوریا دوست بوە، واتا هیچ مەترسیەک نابین کە بەتایبەتی لە ئەنبار لە شوێنەکانی دیکە لەسەر ئەو سنوورە گرژی و ئاڵۆری دروست ببێ کە ببێ بە ئەنجامی ئەوەی شتێکی وەکوو داعەش یان داعێش خۆی یان یەکێک لەو جۆرانەی دیکە کە قاعیدە لە سوریا هەن بێن و مەترسی بۆ سەر عێڕاق دروست بکەنەوە.
خەمیس خەنجەر : نا باوەڕ ناکەم، هیچ شتێک لەئارادا نییە، هیچ خۆپیشاندانێک نییە و هیچ نیاز و جموجووڵێکیش بۆ شتی وا نییە، بەڵام تووڕەییەک هەیە لە هەڵنەگرتنی زوڵم لەسەر خەڵک و دواخستنی مەسەلەی ئازادکردنی زیندانیانی بێتاوان و دواخستنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شار و گوندەکانیان. ئەم تووڕەییە هەیە و زیاتریش هەڵدەکشێ، بۆیە پێویستە ئەو کێشانە بە رۆحێکی برایانە و نیشتیمانیانە چارەسەر بکەین بۆئەوەی رێ نەدەین هیچ پیلانێک سەربگرێ.
خەمیس خەنجەر و حەلبوووسی :
میوان : باشە پرسیارێک دەکەم کە پێموایە زۆر گرنگە و لەبواری شارەزایی خۆیشمە کە کارگێڕی و پەیوەندییە گشتییەکانە. بەڕێز خەنجەر من باسی دوو کەسایەتی دیار دەکەم کە لەڕووی سیاسییەوە نوێنەرایەتی سوننە دەکەن و لەنێو رکابەرەکانیشیاندا لە هەمووان دیارترن: بەڕێز خەمیس خەنجەر و بەڕێز محەممەد حەلبووسی، بەڵام من لێرەدا باسی وێنای خەڵک بۆ ئەوان دەکەم. مەبەستیشم ناوچەکانی باشووری عێراقە. بەڕێز حەلبووسی وێنایەکی زۆر باشی لەنێو خەڵکی باشووردا هەیە، بەڵام بەڕێز خەمیس خەنجەر ئەو وێنایەی لەنێو خەڵکی باشووری عێراقدا نییە. رەنگە ئەو وێنایە لای خەڵکی باشوور بەوجۆرە بێت کە حەلبووسی دەوڵەتمەدارە و توانی ئەنبار نۆژەن بکاتەوە، بەڵام ئەم وێنایە بۆ بەڕێز خەمیس خەنجەر نییە و بەداخەوە دەڵێم وێنایەکی خراپیشی لەنێو خەڵکی باشووری عێراقدا هەیە. ئایا ئەمە بەهۆی ئەوەیە کە بەڕێز خەمیس خەنجەر ناتوانێ وەکو بەڕێز حەلبووسی سیاسیانە رەفتار بکات و پەیامە سیاسییەکانی خۆی بگەیەنێتە خەڵکی باشوور؟ زۆر سوپاس
خەمیس خەنجەر : سوپاس. ئەو وێنایە کە بەڕێزت باسی دەکەی، رەنگە لای کەسانێک وابێت کە تۆ لێیان نزیکی و دەیانناسی، بەڵام لایەکی دیکە تەواو جیاواز بێت لەوەی تۆ بینیوتە. وێناش هەیە لای کەسانێک کە دەربارەی ئەم یان ئەو بەهەڵەدا دەچێ و ناوێکی دیکە بەباش دەزانێ. بۆیە رەنگە پێوەری تۆ بۆ وێنا بکەوێتە ژێر کاریگەریی کەسانێک کە تۆ لێیان نزیکی، بەڵام تۆ ئاگاداری ئەو هەڵمەتانەی، جا لە هەر لایەنێکی سوننییەوە بێت، چ لەوانەی ناومان هێنان یان کەسانی دیکە، باسی هەر شتێک دەکەی، دەبینی بەتوندی بەرەنگاری دەبنەوە و هێرش دەکەنە سەرت و قەبووڵی ناکەن، ئەمە بەهۆی ئەو ناتەباییەیە کە لەنێوان عێراقییەکاندا هەیە و بەڕاستیش من باوەڕم وایە کە ئەوانە زۆرینەی خەڵک نین جا چ لەناو سوننە بن یان شیعە و یاخود کورد.
شیعە بەهۆی ئەوەی کە خۆیان لە دەسەڵاتدان، نایانەوێ عێراقییەک ببینن زوڵمی لێکراوە. هیچ کوردێکیش بیر لەوە ناکاتەوە کۆتایی بە رۆڵی شیعە یان سوننە بهێنێ، هیچ سوننییەکیش نییە بەشێوەیەک بیربکاتەوە کە ئەزیەتی شیعەیەک بدات، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە تەنیا لە عەقڵی هەندێ سیاسەتڤانی نەخۆشدا هەیە کە دەیانەوێ بەوجۆرە جەماوەرێک بۆخۆیان پەیدا بکەن، ئیدی دێن کێشەی تائیفی دەورووژێنن و ئەو جۆرە وێنایە دەربارەی ئەوانی دی بڵاودەکەنەوە. من دەڵێم، باوەڕیشم وایە کە عێراق یەک ماڵە. هەر بەشێکی ئەم ماڵە هەست بە بەختەوەری نەکات، هەست بە دڵنیایی نەکات و هەست بە دادپەروەری نەکات تەواوی ماڵەکە ناسەقامگیر دەبێت. بۆیە من خۆم بە بریکارێک دەزانم بۆ بەرگری لە خەڵکی خۆم و جەماوەری خۆم و ئەوانەی زوڵمیان لێدەکرێ. ئەگەر ئەو زوڵمە لە هەر پێکهاتەیەکی دیکەش بکرێ، بە هەمان شێوە بەرگری لێدەکەم، وەکو هاونیشتیمانییەک و وەکو بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نیشتیمانی و ئەخلاقی بەرگری لەوانە دەکەم کە زوڵمیان لێدەکرێ. بەرگری لە گیراوانی بێتاوان و ئەوانە دەکەم کە بێسەروشوێنن و کەسوکاریان هیچ لەبارەی چارەنووسیان نازانن. بەرگری لە راگوێزراوان دەکەم کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە و دوای شەش ساڵ لە رزگارکردنی ناوچەکانیان ناتوانن بگەڕێنەوە. کەسانی دی بۆ نیفاق و ماستاوچێتی، لەپێناوی بەرژەوەندی و پلە و پۆست، بەڵام ئێمە چاومان لە پلە و پۆست پۆشی و دەستمان لە بەرژەوەندی هەڵگرت لەپێناوی مافی خەڵکی دیکە نەک بۆ بەرژەوەندی تایبەت. بۆیە ئێمە ئەوانەی عاقڵن، ئینسافیان هەیە، تێماندەگەن و دەزانن کە بەوپەڕی جورئەتەوە و راشکاوانە بەرگری لە خەڵکی خۆمان دەکەین، چونکە ئەوانە ئەگەر کەسیان نەبوو بەرگرییان لێبکات، ناچارن روو لە لایەنی دیکە بکەن کە خێریان بۆ عێراق ناوێت و نایانەوێ کێشەکانی نێوانمان بە دانوستاندن و لێکتێگەیشتن و بە سیاسەت و گفتوگۆ چارەسەر بکەین. بۆیە ئەوە بەرپرسیارێتی منە کە لە پێناوی سەقامگیریی وڵاتەکەم و هێزبەخشین بە وڵاتەکەم، خەمی زوڵملێکراوان و بڵاوکردنەوەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەنێو گەلی عێراقدا بکەمە کاری لەپێشین جا کێ رازییە رازی بێت و کێ رازی نییە نەبێت.
میوان : سڵاوتان لێبێ و سوپاس بۆ بێستوون تۆک بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە. شێخ من پرسیارێکم هەیە. سوپاسی پێداگری و پشتیوانیت دەکەم بۆ یاسای لێبووردنی گشتی و هەموارکردنەوەی. پێموایە زیاتر لە شەش ساڵە داوای هەموارکردنەوەی دەکەی. پێنج شەش پرۆژە یاسا وەکو پاکێجێک دەنێرن، بڕیار لەسەر ئەوانی دیکە دەدرێ و بەڵام تۆ لەسەر هەمان ئەو یاسایە پێداگری دەکەی. بەڵام هەندێ بڕگە لە یاسای لێبووردنی گشتیدا هەن، من وەکو پارێزەرێکی خەڵکی دیوانیە قسە دەکەم. بڕگەیەک هەیە بۆ ئەوانەی بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر حوکم دراون، بەڵام راستەوخۆ دەستیان لە خوێنڕشتندا نەبووە، ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە ئەوانە ئازاد دەکرێن؟ لەکاتێکدا هۆکار بوون و خەڵکیان بۆ کاری تیرۆریستی ئاراستە کردووە. خاڵی دووەم تۆ هەمیشە لەوانە بووی کە بە پاساوی ئەوەی خەڵکی بێتاوان لە گرتووخانەکاندان پێداگریت لەسەر ئەو یاسایە کردووە، ئایا ئەوە گومانی تۆیە لە عەدالەتی دەسەڵاتی دادوەری؟ کەمێک پێش ئێستاش باسی ئەوەت کرد کە حەلبووسی بە بڕیاری سیاسی دوورخراوەتەوە. وەختێک وەڵامی پرسیاری ئەو برایەت دایەوە کە باسی وێنای حەلبووسی لای خەڵک کرد، گوتت لای خەڵک خۆشەویست بوو بەڵام دوورخرایەوە. ئەو بە بڕیاری دادگا دوورخرایەوە، بەڵام قسەکەی تۆ وای دەگەیاند کە بە بڕیاری سیاسی بووە. زۆر سوپاس.
خەمیس خەنجەر : من نەمگوت بەبڕیاری سیاسی بوو، شتێک لە دەمی منەوە مەڵێ کە نەمگوتووە. من گوتم ئەگەر ئەو وێنایە وەکو ئەوە بوو کە تۆ دەڵێی، بۆچی نەیانهێشت لە سەرۆکایەتی پەرلەماندا بمێنێتەوە؟ بۆیە من دەڵێم ئەو تۆمەتانەی بەرەوڕووی بەڕێز حەلبووسی کرانەوە تۆمەتی ئەخلاقی بوون، ساختەکاری و تۆمەتبارکردنی ئەوانەی دەوروبەری بە گەندەڵی و ئەو تۆمەتانەی بەرەوڕووی ئێمەش کراونەتەوە تەنیا تۆمەتی سیاسین، جارێک دەڵێن بەعسی بووە و جارێک دەڵێن سەر بە فڵان لایەن، من ئینتیمای لەوجۆرەم نەبووە و بەشی ئەوەش جورئەتم هەیە کە بە ئاشکرا بڵێم چیم کردووە. من لە ژیانمدا بەعسی نەبووم بەڵام بەرگری لەوانە دەکەم کە زوڵمیان لێکراوە. قەبووڵ ناکەم زوڵم لە هیچ عێراقییەک بکرێ لەسەر ئەوەی سەر بە فڵان ئاراستەی سیاسییە. مەسەلەی یاسای لێبووردن. من بۆ زانیاریت پێداگریم لەسەر ئەوە کردووە کە پێویستمان بە یاسای لێبووردن نییە. ئێمە لێبووردنمان ناوێ. لێبووردنێکمان ناوێ تاوانباران ئازاد بکات. بۆیە زیاتر لە جارێک داوامان کردووە. لەکاتی نووسینەوەی رێککەوتننامەی سیاسیشدا ئەوەمان نووسی. ئێمە دەمانەوێ یاسای لێبووردن بەجۆرێک هەموار بکرێ کە دەرفەتی ئازادبوون بداتە ئەوانەی بێتاوانن. تەنیا ئەوە. لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیانەی لە پارێزگاکانی ئێمەدا کراون. خۆت دەزانی هێزی سوپا و دەزگا ئەمنییەکان هەموو پاشەکشەیان کرد. لە هەندێ پارێزگا بەشێوەیەکی سەیر و جێی سەرسوڕمان کشانەوە. شارێکی وەکو موسڵ 400 چەکدار هاتنە ناوی، بەڵام لە بەرامبەردا چەند فیرقەیەک پاشەکشەیان کرد کە رەنگە دەیان هەزار سەربازیان هەبووبێ. ئەو کشانەوەیە بۆ خەڵک چاوەڕوانکراو نەبوو، لەناکاو رژێمێکی نوێ هات کە ناوی داعش بوو. ئەم رژێمە نوێیە دیوەخان و قوتابخانە و خانووەکانی تەقاندنەوە و خەڵکە دەستەبژێرە سیاسی و فکری و ئاینییەکانی کوشتن. مامۆستای ئایینی لەسەر مینەر کوژراوە، چونکە فەرموودەی پێغەمبەری بەبیرهێنابووەوە کە دەڵێ هەرچی گوتی لا ئیلاهە ئیللەڵا ماڵ و خوێن و شەرەفی لە تۆ حەرامە، بەڵام وەختێ سوپا و هێزە ئەمنییەکان هاتنەوە و ئەو ناوچانەیان ئازاد کرد، دیارە هەندێ لەو هێزانە نیزامیش نەبوون کە لەگەڵ سوپا هاتبوون ئەو ناوچانە ئازاد بکەن، ئەمانە وێنایەکیان لا دروست بووبوو کە هەرچی ئەوانەی لەو ناوچانە دانیشتوون داعشن، ئێ ئەمە کارەساتە. بە هەزاران کەس گیراون کە گوایە هەواڵدەری نهێنی هەواڵی لێداون، ئەو یاسا بەدناوەی هەواڵدەری نهێنی کە رێ دەدات بچم بڵێم ئەو چاکەتەی لەبەری تۆدایە، بۆمبێکی تێدا بوو کاتێک چوویتە رێستورانتەکە و پاشان تەقییەوە. تەواو هەر بەوەندە من بوومە کەسێکی پارێزراو، تۆیش بوویتە تاوانبار. ئەمە یاسایەکی زاڵمانەیە. دووەم، بێینە سەر پێناسەی ئینتیما، هەر کەسێکیان لەو ناوچانە چنگکەوت ئەوە سەر بە داعشە! ئەی تۆمەتبار بێتاوان نییە تا ئەوکاتەی تاوانەکەی لەسەر دەسەلمێ؟ نەخێر وای لێهات هەموو کەس بوونە تۆمەتبار تا ئەوکاتەی بێتاوانیی خۆیان دەسەلماند، واتە پێچەوانە بووەوە. بۆیە ئێمە ویستمان ئەم ئینتیمایە پێناسە بکەینەوە. ئینتیما بۆ داعش چییە؟ یەکەم ئێمە وەکو دەوڵەت داتا و زانیارییەکانی داعشمان لەبەردەستە، ئەمریکی و فەرەنسییەکان هەموویان دابووە حکومەتی عێراق. ناوی هەموو ئەوانەی تێدایە کە ئەندامی داعش بوونە، ناوەکانیان و ئەدرەسەکانیان، واتە وێنەکە رۆشن بوو، ئەوە سەرباری ئەو زانیارییە زۆرەی کە دەزگا ئەمنییەکانی خۆمان کۆیانکردبوونەوە، ئەمە وا لە ئێمە دەکات وەکو دەوڵەت کە بزانین کێ داعشە و کێ داعش نییە. ئەوەی لە هەموارکردنەوەی یاسای لێبووردن دەمانەوێ تەنیا دوو بڕگەیە، یان سیانە، یەکەم لابردنی هەواڵدەری نهێنی، واتە هیچ تۆمەتێک لەڕێی هەواڵدەری نهێنییەوە نەبێت. دووەم لێکۆڵینەوە. باسی ئەوەت کرد کە گومانم لە دەسەڵاتی دادوەری هەیە، بەپێچەوانەوە، ئێمە نەمانگوتووە دادگایی بکرێنەوە، چونکە دووبارەکردنەوەی دادگایی گومانکردنە لە دادگا. نا من گومانم لە دادگا نییە، گومانم لە لێکۆڵەرەکە هەیە، لە ئەفسەرەکە، لەو پۆلیسەی لە بازگەیەکدا ئەوانەی دەستگیر کردووە. من گومانم لەوانە هەیە، بۆیە ئێمە داوای بڕگەیەکمان کردووە و واژۆمان کردووە. داوای دووبارە لێکۆڵینەوەمان کردووە. لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش ئەو قسەیەم کرد، پێش ئەم دوایین کۆبوونەوەیە گوتم ئێمە گومان ناخەینە سەر دادگا، بە پێچەوانەوە ئەوەی کە ئێوە دەڵێن دووبارە دادگایی، ئەوە گومانکردنە لە دادگا. ئێمە داوای دووبارە لێکۆڵینەوە دەکەین. واتا لیژنەیەک لە لێکۆڵەرانی نوێ بێن سەیری ئەو کێشانە بکەنەوە. رووداوی زۆرمان هەن نامەوێ لێرە باسیان بکەم. تەقینەوە هەیە هەر نەکراوە و نەبووە، کەچی کۆمەڵێ گەنجی لەسەر گیراوە کە ئاگایان لە هیچ نەبووە. سزای لەسێدارەدانیشیان بۆ دەرچووە. سەلماندیشمان کە تەقینەوەی وەها نەکراوە و ئەوە بوو ئازادکران. یەکسەر بەرائەتیان بۆ دەرچوو، ئەمە دوای 17 ساڵ زیندانی و دوای 13 ساڵ و دوو ساڵ و سێ ساڵ. کەواتە هەڵوەشاندنەوەی هەواڵدەری نهێنی، دووبارە لێکۆڵینەوە و پێناسەکردنی ئینتیما، تەنیا ئەم سێ خاڵە زیاد بکرێن هەموو بێتاوانەکان ئازاد دەبن و ئەوانەش سزا بدرێن کە تاوانیان لە دژی گەلی عێراق کردووە، ئەمە دەبێتە هۆی بەدیهاتنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و مایەی رەزامەندیی هەموو گەلی عێراق. لەو باوەڕەشدام هیچ کەسێک لەم عێراقەدا نییە کە حەز بکات زوڵم لە کەسێک بکرێ و کەسێک لەسێدارە بدرێ بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی کردبێ.
بێستوون : هەر ئەم پرسیارە و پرسیاری رابردووش باسی محەمەد حەلبووسیتان کرد پەیوەندیتان چۆنە کۆتا جار کەی قسەت لەگەڵی کردووە؟
خەمیس خەنجەر : مەسەلە پەیوەندی نییە. پەیوەندی ئاسانە و هیچ شتێک لەنێوانماندا نییە، بەڵام چیرۆکەکە لەوە گەورەترە. مەسەلە میتۆدی کارە، ئێمە هیچ ناکۆکییەکمان لەسەر پلە و پۆست نییە، هیچ کێشەیەکم لەگەڵ پۆست نییە و جیاوازیمان لە میتۆدی کاردایە. تێڕوانینی من بۆ هەرێمی کوردستان بە تەواوی جیاوازە لە تێڕوانینی ئەو. تێڕوانینم بۆ جێبەجێکردنی وەرەقەی رێککەوتنی سیاسی جیاوازە لە تێڕوانینی ئەو. شێوازی مامەڵەی من لەگەڵ ئەو دۆسیانە و مەسەلەی مافی خەڵک جیاوازە لە شێوازی ئەو. هەڵبەستنی تۆمەت بۆ لایەنی دیکە، من نامەوێ کەس بریندار بکەم و هەر ناشتوانم خۆم بکێشمە ناو ئەو جۆرە رەفتارانە. من کوڕی بنەماڵەیەکم لەسەر رەوشتی جوان و بەهای باڵا پەروەردە کراوم و هەندێ سنوورم هەن ناتوانم بیانبەزێنم، بۆیە هەندێ جار، تەنانەت ئەو گرووپەی لەگەڵمن، داوام لێدەکەن کە توندتر بم، بەلام پەروەردەی خێزانیم و رەوشتم و ئەو هەستە نیشتیمانییەی کە هەمە و هەروەها روانینم بۆ ئایندە، وام لێدەکەن زۆر مەسەلە تێپەڕێنم کە تێپەڕاندنیان بۆ هەر لایەنێکی سیاسی رەنگە زەحمەت بێت.
هاوسەرگیری بە کۆمەڵ، بۆ ٢٠٠ گەنج :
نانا (ژیری دەستکرد ) : ئێوە هەمیشە داوای گفتووگۆ لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا دەکەن بەڵام بەڕای ئێوە ئەو بەربەستە راستەقینەیانە چین کە رێگری لە گەنجانی عێراق و کورد دەکەن بۆ پێشەنگایەتی کردنی ئەم گۆڕانکارییە و چۆن دەتوانین دەرفەتی راستەقینە بڕەخسێنین کە دەنگیان ببیسترێت و کاریگەرییان لەسەر ئایندەی عێراق روون بێت.
خەمیس خەنجەر : بێگومان یەکێ لە ئاستەنگە سەرەکییەکان بوونی ئەو پیرانەیە کە نایانەوێ گوێیان لە هیچ دەنگێکی گەنجانە بێت، لەبەر ئەوەی دەنگی ئەوان دەنگێکی عەقڵانییە و هیچ گرێیەکی رابردووی تێدا نییە. دەیەوێ خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بەدی بێت، بۆیە پێموایە ئەرکی گەنجان بۆ شکاندنی ئەو بەربەستە بریتییە لە پەیوەندیی زیاتری نێوان گەنجان لە تەواوی عێراقدا. سوپاستان دەکەم بۆ ئەم دەستپێشخەرییە کە وا دەکەن هەموو پارێزگاکانی عێراق کۆبکەنەوە و عێراقی گەورە و بەهێز لەسایەی ئەم گەنجانەدا ببینم. سوپاستان دەکەم و پێموایە پێویستمان بە دەستپێشخەریی لەمجۆرە هەیە. ئەگەر دەستپێشخەرییەک بکەن و 100 – 200 گەنج لە کوڕان و کچان بۆ هاوسەرگیرییەکی بە کۆمەڵ کۆبکەنەوە، ئەوە تێچووەکەی با هەمووی لەسەر من بێت.
بێستوون : یانی ئەمە بەڵێنە؟
خەمیس خەنجەر : پادندییە
بێستوون : پابەندیە؟
خەمیس خەنجەر : پاندی ئاشکرا.
بهشی بكه لە