نووسینی بزماری، سوودەکانی بەفربارین و چەند فیچەرێکی دیکە

11 February 2022
نووسینی بزماری، سوودەکانی بەفربارین و چەند فیچەرێکی دیکە

بەفربارین لە حەسەن نوورانی رۆژهەڵاتی کوردستان

حەسەن نووران گوندێکی گەورەی سەر بە شاری شنۆیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ژمارەی دانیشتوانی 700 کەسە. لە وەرزی زستاندا بەفرێکی زۆر لەم گوندە دەبارێت و تەواوی بەرزی و نزمییەکانی ئەم گوندە سپیپۆش دەبێت. ئەگەرچی ژیانیان زەحمەت دەبێت بەهۆی زۆریی بەفربارین و نەبوونی رێگە بۆ شار، بەڵام چێژێکی تایبەت بە خەڵکەکەشی دەبەخشێت. گەورە و بچووک شەڕە بەفر دەکەن. 

سوودەکانی بەفربارین

هەموو ساڵێک لە مانگی یەک و دوو بەفرێکی زۆر لە ناوچە کوێستانییەکانی کوردستان دەبارێت. جگە لەوەی دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بە خەڵکەکە دەبەخشێت، سوودێکی زۆر بە کانیاوەکان و زەویش دەبەخشێت. وەکو شارەزایان باسیدەکەن، بە بەفر دەگوترێت پەینی جووتیارە هەژارەکان. چونکە چەندین ماددەی سوودبەخش لەگەڵ خۆی دەهێنێتە سەر زەوی کە وەکو خۆراکی زەوی سوودی هەیە. 

کچە هونەرمەندێک بە خەڵوز و بزمار تابلۆ دەکێشێت

ساکار سلێمان، یەکێک لە کچە هونەرمەندە دیارەکانی شاری سلێمانییە، بە جۆرەها کەرەستە تابلۆی هونەری دروستدەکات، لە ساڵی 2005 زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. هەروەها ساڵی 2019 لە پۆلۆنیا لە زانکۆی یانیمەتیکۆ بانگهێشتکراوە، بۆ خوێندنی سێ مانگ لە گرافیک دیزاین. تابلۆکانی لە چەندین وڵاتی جیهان نمایشکراون. ئەو بە رەنگ و خەڵووز و بەرد و بزمار و دار تابلۆی زۆر سەرنجڕاکێش دروستدەکات. 

نووسینی بزماری لە ئەشکەوتی گوندکی ئاکرێ

یەکێک لە ئەشکەوتە دیارەکانی قەزای ئاکرێ، ئەشکەوتی گوندەکە، ئەشکەوتەکە دەکەوێتە گوندی گوندک، لە رۆژئاوای قەزای ئاکرێ. لە نێو ئەشکەوتەکە و دەرگەکەش، چەندین تابلۆی ئاژەڵ و نووسینی بزماری لەسەر تاشە بەردەکان هەڵکۆڵدراون، کە مێژووەکەیان بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.