دادگایەکی بەریتانیا پەناخوازێکی کورد بە سوتاندنی دوو هۆتێل تاوانبار دەکات
دادگایەکی بەریتانیا پەناخوازێکی کورد بە سوتاندنی دوو هۆتێل تاوانبار دەکات
پەناخوازێکی کوردی تەمەن 37 ساڵ، ئەم هەفتەیە لەلایەن دادگایەکی ناوچەی سەسسێکس لە ئینگلتەرا بە تاوانی سووتاندنی دوو هۆتێل بە تاوانبار ناسێنرا. بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، رەوەند لە 28ی مانگی ئاداری ساڵی رابردوو هۆتێل فۆنیکسی سووتاندووە کە تایبەت بووە بە پەناخوازان. دوای گواستنەوەیان بۆ هۆتێلێکی دیکە، دوای تەنیا 7 رۆژ هۆتێلی دووەمیشی سووتاندووە. لەبەردەم دادوەردا، رەوەند دانی بەوەدا ناوە کە هەردوو ئاگرکەوتنەوەکە کاری ئەو بووە، بەڵام جەختی کردەوە کە مەبەستی نەبووە زیان بە ژیانی هیچ کەسێک بگەیەنێت. هەرچەندە سەرەتا رەوەند نکۆڵی لە تاوانەکە کردبوو و گوتبووی رەنگە جنۆکە ئەو کارەیان کردبێت. دادوەر بە قسەکانی رەوەند رازی نەبووە و بریارە سزای بدات، بەڵام هێشتا سزاکەی دیاری نەکراوە. ئەو گەنجە خەڵکی باشووری کوردستانە و لە کاتی داواکردنی مافی پەنابەریدا گوتبووی کە لە کوردستان شوان بووە.
دەستگیرکردنی گومانلێکراوی سەرەکی کوشتنی مێردمنداڵێکی کورد لە ئەڵمانیا
دوای دوو هەفتە لە رووداوی کوشتنی مێردمنداڵێکی کورد لە نزیک شاری کیلی باکووری ئەڵمانیا، ئەو رووداوەی لە 11ی ئازار شاری ئێکەرنفۆردەی هەژاند، پۆلیسی شاری کیڵ رایگەیاند کە گومانلێکراوی سەرەکی دۆسیەکە دەستگیرکراوە. تۆمەتبارەکە گەنجێکی تەمەن 22 ساڵی تورکە و دانیشتووی شاری برێمنە، دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆی، خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردوە و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. تارق بەکر، باوکی قوربانیەکە بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، کە تۆماتبارێک لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوەو گوتیشی کە تا ئێستا پاڵنەرەکانی پشت رووداوی کوشتنی کوڕەکەی ئاشکرانەکراون. ئەم پێشکەوتنە لە کاتێکدایە کە پێشتر پۆلیس بە هەڵە گەنجێکی تەمەن 23 ساڵی تری خەڵکی برێمنی دەستگیرکردبوو، بەڵام دوای ئەوەی سەلمێندرا کە لە کاتی تاوانەکەدا لەوێ نەبووە، ئازاد کراوە. رووداوەکە لە پارکینگی سۆپەرمارکێتێک لە ناوەندی شارەوە بووە، کاتێک ئەحمەدی تەمەن 15 ساڵان دوای دەمەقاڵێیەک بە سەختی بریندار کرا. کاتێک پۆلیس گەیشتە شوێنەکە، تەنها خوێن لەسەر زەوییەکە دەبینن، بەڵام دوای گەڕانێکی زۆر، قوربانییەکە لە دووری سێ کیلۆمەتر بە برینداری دۆزرایەوە. سەرەڕای هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی، لە رێگەی نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. بەپێی وتەی داواکاری گشتی، لێکۆڵەران گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی لەم هێرشەدا ئەو مێردمنداڵە "بە ئامانجگیراو" بووە. ئێستا پۆلیس بەردەوامە لە کۆکردنەوەی زانیاری و بڕی 5 هەزار یۆرۆ پاداشتی بۆ هەر کەسێک تەرخان کردووە کە زانیاریی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەربارەی وردەکارییەکانی تری ئەم تاوانە پێشکەش بکات.
کوردێک بووە ئەندامی پەرلەمانی دانیمارک
کوردێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دانیمارکدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە ئەندامی پەرلەمان. لەو هەڵبژاردنەدا دە کورد خۆیان بەربژێر کردبوو، تەنها ئیبراهیم بەنلی توانی سەرکەوێت و کورسی پەرلەمان بۆ خۆی مسۆگەر بکات. دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە بەدەستهێنانی خراپترین ئەنجام بوو لەلایەن پارتی سۆسیال دیموکراتوو، بەهێزبوونی پارتە راسترەوەکان بەروونی دیاربوو. ئیبراهیم بەنلی، بەربژێری پارتی لیستی یەکێتی بوو، رایگەیاند کە پارتەکەی لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا دۆستی کورد بووە و کاری زۆری بۆ دۆزی کورد کردووە. بەنلی، کە کوردێکی خەڵکی ئەنقەرەیە و ماوەی 25 ساڵە لە دانیمارک دەژی، ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان دەنگیان پێداوە. جەختی کردەوە کە هەرچەندە خۆی بە پەرلەمانتاری دانیمارک دەزانێت، بەڵام هاوکات نوێنەری گەلی کوردیشە و ناسنامە و دۆزی کوردی لەبیر ناکات. بەڵێنی دا کە لە رێگەی پارتەکەی و وەزارەتی دەرەوەی دانیمارکەوە کار بۆ چارەسەرکردنی کورد بکات لە هەر شوێنێک بن.
ژنێکی کورد لە ئەڵمانیا کار لەسەر ئاقڵکردنی رۆبۆتەکان دەکات
لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا، ژنە ئەکادیمییەکی کورد بە ناوی دکتۆر رۆژین موفتیزادە لە زانکۆی لایبنیز سەرپەرشتیی پرۆژەیەکی گرنگی رۆبۆت دەکات. ئەو هەوڵدەدات لە رێگەی ئەلگۆریزمی پێشکەوتووەوە، رۆبۆتەکان فێری جووڵەی سەربەخۆ بکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە پیشەسازیی بیناسازیدا بەکاربهێندرێن. رۆژین موفتیزادە، لە تاقیگەکەیدا لەگەڵ رۆبۆتێک کاردەکات کە ناوی جیۆپاوە (GeoPawe). رۆژین، روونیدەکاتەوە کە ئەم ناوە لە "جیۆ" بە واتای جوگرافیا و "پاو" بە واتای پەنجەی سەگ پێکهاتووە. هەرچەندە لەنێو خەڵکدا بە "رۆبۆتی سەگ" ناسراوە، بەڵام لە زانستدا پێی دەگوترێت "رۆبۆتی چوارپێ. دکتۆر رۆژین موفتیزادە، لەبارەی تایبەتمەندییەکانی ئەم رۆبۆتەوە گوتی: "دیزاینی ئەم رۆبۆتە لە ئاژەڵانەوە وەرگیراوە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ئەم رۆبۆتە 'زیرەک' بکەین، پێویستە بتوانێت بە سەربەخۆیی بەنێو بەربەستەکاندا تێپەڕ ببێت، نەخشە دروست بکات و بۆ مەبەستی جیاواز بەکاربهێندرێت. کاری سەرەکیی رۆژین، لەسەر سیستەمەکانی ئاڕاستەکردنە. ئەو ئەلگۆریزمەکان ئامادە دەکات بۆ ئەوەی رۆبۆتەکە بتوانێت لە رێگەی هەستەوەرەکانەوە دەوروبەری خۆی بناسێتەوە. رۆژین موفتیزادە، لەبارەی ئامانجی پرۆژەکەوە درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی، ئامانجی درێژخایەنی ئێمە ئەوەیە کە ئەم رۆبۆتە بنێرینە نێو کایەکانی بیناسازی. ئەو لەوێ 'چاودێریی کوالێتی' دەکات کۆنترۆڵ دەکات کە دیوارەکان چۆن دروستکراون و ئایا کەموکورتییان هەیە یان نا. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستی بە ئەلگۆریزمی زۆر ورد هەیە کە زانیاری لە هەستەوەری جیاواز وەربگرێت و پێکەوەیان ببەستێتەوە.
ژیریی دەستکرد و ترسەکان لەبارەیەوە
لەنێو خەڵکدا سەبارەت بە ژیریی دەستکرد هەندێک ترس هەن. رۆژین، وەک پسپۆرێکی رۆبۆت پێیوایە کە دەبێت کۆنترۆڵ هەمیشە لە دەستی مرۆڤدا بێت. رۆژین، لەسەر ئەم بابەتە گوتی: "من خۆم لە ژیریی دەستکرد ناترسم. من باوەڕم وایە کاتێک کەسێک پسپۆڕی لەسەر زیرەکیی دەستکرد هەبێت و هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکات، ئەو سیستەمە سەلامەت دەبێت. ئەو پسپۆڕەی رۆبۆت گوتیشی، پێم وا نییە رۆژێک بێت کۆنترۆڵی ئەم رۆبۆتانە بەتەواوی لە دەستی مرۆڤ دەربچێت، پێویستە ژیریی دەستکرد و مرۆڤ پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بەتەواوی پشت بەم ئامێرانە ببەستین.
ژیانی ئەکادیمی لە تاراوگە
دکتۆر رۆژین موفتیزادە، لە ساڵی 2016ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی. ئەو دوای تەواوکردنی ماستەرەکەی، ساڵی 2019 دەستی بە خوێندنی دکتۆرا کردووە و ساڵی 2023 تەواوی کردووە، ئێستا وەک توێژەرێکی پۆست دکتۆرا درێژە بە کارەکانی دەدات. ئەکادیمیسیانە کوردەکە، زانیاریی لەبارەی ژیانی رۆژانەی خۆیەوە دا و گوتی، "من رۆژانە 8-9 کاژێر لە زانکۆ کار دەکەم و سەرپەرشتیی قوتابیانی ماستەر و دکتۆرا دەکەم، هەرچەندە کارەکەم قورسە، بەڵام هەوڵ دەدەم هاوسەنگیی نێوان ژیان و کارم رابگرم."
گەنجێکی کورد لە ئەڵمانیا نهێنی دابەزاندی کێشی ئاشکرا دەکات
سامان حەمە سەعید، گەنجێکی کوردی تەمەن 35 ساڵی خەڵکی هەڵەبجەیە و ماوەی 10 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، لە چەندین ماراسۆنی ئەو وڵاتەدا بەشداری کردووە و ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە. بەگوێرەی لێدوانێکی بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا، سامان رایگەیاند کە پێشتر کێشی 100 کیلۆگرام بووە و دوای دابەزاندنی بۆ 65 کیلۆگرام، وەرزشی راکردنی کردووەتە خولیا. لە ماوەی 2 ساڵدا لە نزیکەی 15 ماراسۆندا بەشداریکردووە کە درێژییەکەیان لەنێوان 10 بۆ 30 کیلۆمەتر بووە و لە دوایینیاندا پلەی دووەمی لە ماراسۆنێکی 30 کیلۆمەتری لە شاری هێرنە بەدەستهێناوە. سامان پلانی هەیە لە مانگی نیسان بەشداری لە ماراسۆنێکی 21 کیلۆمەتری لە شاری بۆن بکات و دەیەوێت بە ئاڵای کوردستان و جلی کوردییەوە بەشدار بێت.