یۆرۆپۆڵ 19 قاچاخچی دەستگیردەکات

یۆرۆپۆڵ 19 قاچاخچی دەستگیردەکات
یۆرۆپۆڵ 19 قاچاخچی دەستگیردەکات

پۆلیسی ئەوروپا (یۆرۆپۆل)، رایگەیاند، یەکێک لە رێکخراوترین تۆڕەکانی قاچاخچێتیی بە کۆچبەرانیان هەڵوەشاندووەتەوە و لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەلجیکا 19 تۆمەتبار دەستگیرکراون.

بەگوێرەی راگەیێندراوی یۆرۆپۆل، ئەو تۆڕە بەرامبەر بە بڕی 50,000 یۆرۆ بۆ هەر کۆچبەرێک، لەڕێگەی فڕۆکەی تایبەت و پاسپۆرتی ساختەی کوالێتی بەرزەوە، کۆچبەرانیان گەیاندووەتە بەریتانیا. ئاماژە بەوەش کراوە کە تۆڕەکە تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا بڕی 1,600,000 یۆرۆیان لە رێگەی سیستمی "حەواڵە"وە بەدەستهێناوە.

ئۆپەراسیۆنەکە لە 20 شوێنی جیاواز ئەنجامدراوە، کە 16یان لە فەرەنسا و 3یان لە بەریتانیا بوون. لە ئەنجامدا دەستبەسەر 10 ئۆتۆمبێل، 60,000 یۆرۆ و 2,500 پاوەندی کاش، 25 مۆبایل و ئامێری ئەلیکترۆنیدا گیراوە و هەژمارێکی بانکی بە بڕی 75,000 یۆرۆ سڕکراوە.

یۆرۆپۆل لەبارەی شێوازی کارکردنی تۆڕەکە رایگەیاند: "ئەم تۆڕە خاوەنی ئاستێکی بەرزی رێکخستن بوو و پاسپۆرتی ساختەی کوالێتی بەرزیان بۆ کڕیارەکانیان دابین دەکرد، بۆ ئەوەی لەکاتی پشکنینی فڕۆکەخانەکاندا تووشی کێشە نەبن."


بەریتانیا گۆڕانکاری لە یاساکانی پەنابەریدا دەکات

حکومەتی بەریتانیا چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە یاساکانی کۆچ و پەنابەرێتیدا راگەیاند، کە چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری لەسەر ئەو کوردانەش هەبێت کە لەو وڵاتە نیشتەجێن. دیارترین گۆڕانکارییەکان بریتین لە:

یەکەم: ئەو کەسانەی لەدوای 2ی ئاداری 2026 داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، لەبری مافی مانەوەی 5 ساڵ، تەنیا مافی مانەوە بۆ ماوەی 30 مانگیان پێدەدرێت. بەگوێرەی ئەم بڕیارە، پەنابەران ناچار دەبن هەر دوو ساڵ و نیو جارێک داوای نوێکردنەوەی مافی مانەوەیان بکەن و ئەگەری ناردنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان زیاد دەکات، بەتایبەتی ئەگەر بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان باشتر ببێت. جێی ئاماژەیە، ئەم یاسا نوێیە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە پێش بەرواری دیاریکراو داوای پەنابەرێتییان پێشکەش کردووە یان پێشتر مافی مانەوەیان وەرگرتووە.

دووەم: بەپێی بڕیارێکی دیکە، ئەو پەنابەرانەی مافی کارکردنیان پێدراوە، تەنیا دەتوانن لەو کارانەدا دابمەزرێن کە لە لیستی کارە پێویستەکانی حکومەتی بەریتانیادان و مەرجی هەبوونی بڕوانامەی زانکۆییان هەیە. ئەم گۆڕانکارییە ئاستەنگ بۆ ئەو گەنجە کوردانە دروست دەکات کە بە شێوەیەکی گشتی لە کەرتی خزمەتگوزاری وەک چێشتخانە و سەرتاشخانەکاندا کار دەکەن و لەوانەیە هانیان بدات روو لە کاری نافەرمی بکەن.

سێیەم: هەر پەنابەرێک سزای 12 مانگ زیندانیکردنی بۆ دەربچێت، تەنانەت ئەگەر سزاکە جێبەجێش نەکرێت، راستەوخۆ لە وڵاتەکە دەردەکرێت. ئەم بڕیارە مەترسی بۆ ئەو گەنجە کوردانە دروست دەکات کە بەهۆی نەشارەزایی یان کەمیی زانیارییان لەبارەی یاساکانی بەریتانیاوە، رووبەڕووی کێشەی یاسایی دەبنەوە.

هەرێمی نۆرد راین ڤێستڤاڵن دەیەوێت مافی مانەوە بە کوردانی ئێزدی بدات
ڤێرینا شێفەر، وەزیری کۆچ و خۆگونجاندنی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ناکۆکییەک لەنێوان حکومەتی هەرێمەکەیان و حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا سەبارەت بە پێدانی مافی مانەوە بە پەناخوازانی ئێزدی دروست بووە.

حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن لە ئەڵمانیا بڕیارێکیان تایبەت بە پێدانی مافی مانەوە بە پەناخوازانی ئێزدی دەرکرد، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی لە بەرلین رەتیکردەوە کە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.

وەزیری کۆچ و خۆگونجاندنی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن، لە هەڤپەیڤینێکەدا، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر رێگرییەکەی بەرلین دەربڕی و رایگەیاند: "ئەڵمانیا بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی بەرامبەر ئێزدییەکان لە ئەستۆیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمانی فیدراڵ تاوانەکانی دژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند." ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمەکەیان ئامادەیە مافی پاراستن و مانەوە بە ئێزدییەکان ببەخشێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی رێگری لەو هەنگاوە دەکات.

ڤێرینا شێفەر ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئێزدی لە هەرێمەکەیان نیشتەجێن و بە شێوەیەکی سەرکەوتوو تێکەڵی کۆمەڵگە بوونە و بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی فرەڕەنگی هەرێمەکە. هاوکات، بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی فیدراڵیی بە "بڕیارێکی هەڵە" ناوبرد و رایگەیاند کە لە کۆنفرانسی داهاتووی وەزیرانی کۆچ و خۆگونجاندنی سەرانسەریی ئەڵمانیادا، کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەکەن.


پارێزەرێک ناردنەوەی سەدا هەشتای پەنابەرانی سووری بە مەحاڵ دەزانێت

لێدوانێکی فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی 80%ـی پەنابەرانی سووری، کاردانەوەی بەرفراوانی لەو وڵاتە لێکەوتەوە، بەڵام شارەزایەکی یاسایی ئەو پرسە بە بانگەشەی سیاسی و بەمەبەستی رازیکردنی دەنگدەران ناودەبات.

لە میانی سەردانێکیدا بۆ ئەڵمانیا، لێدوانێک درایە پاڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، کە گوایە باسی لە گەڕاندنەوەی پەنابەران کردووە. بەڵام دواتر ناوبراو لە بەریتانیا ئەو لێدوانەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە گەڕانەوەی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی سووریا تەنیا لە ئەگەری باشبوونی دۆخی ئابووری و دابینکردنی هەلی کاردا ئەنجام دەدرێت، نەک بە شێوەی زۆرەملێ.

پەیوەست بەم پرسە، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداودا رایگەیاند، ئەڵمانیا پێویستییەکی زۆری بە هێزی کار و پسپۆڕ هەیە و کۆچبەران ئەو پێداویستییەیان بۆ وڵاتەکە پڕکردووەتەوە. وەکو نموونەش ئاماژەی بە پزیشکە سوورییەکان کرد کە بە سەرکەوتوویی لە ئەڵمانیا کار دەکەن و لەگەڵ کۆمەڵگەدا تێکەڵاون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆی 930,112 هاووڵاتیی سووری نیشتەجێی ئەڵمانیا، 246,355 کەسیان رەگەزنامەی ئەڵمانییان وەرگرتووە و بەپێی یاسا ناتوانرێت دیپۆرت بکرێنەوە. هاوکات، دۆسیەی 560,000 کەسی دیکەیان لەژێر پێداچوونەوەدایە و تەنیا نزیکەی 900 کەس بێ مۆڵەتی مانەوەن و ئەگەری ناردنەوەیان هەیە. لەلایەکی دیکەوە، 48%ـی سوورییەکان لە بازاڕی کاری ئەڵمانیادا کار دەکەن، ئەمەش پێشنیازی گەڕاندنەوەی 80%ـی پەنابەران لە ماوەی 3 ساڵدا، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

جەلال ئەمین، پارێزەر و شارەزای کاروباری پەنابەران لە بەرلین، بە رووداوی راگەیاند کە جێبەجێکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە بۆ ناردنەوەی پەنابەرانی سووری لە ئەڵمانیا "کارێکی ئەستەمە". بە گوتەی ئەمین، یاسای مانەوە و دەستووری ئەڵمانیا پارێزگاری لە مافی پەنابەران دەکەن و رێگە بەو کەسانە دەدەن کە بۆ ماوەی 5 ساڵ بە شێوەیەکی یاسایی کار دەکەن و باج دەدەن، مافی مانەوەی هەمیشەیی بەدەستبهێنن.

ناوبراو جەختی کردەوە، ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانەوە دەکرێن، زیاتر ئامانجیان بانگەشەی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی پشتیوانیی دەنگدەرانە. روونیشیکردەوە کە بڕیاری ناردنەوە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تاوانی قورسیان ئەنجام داوە و سزای دادگایان هەیە، کە رێژەیەکی زۆر کەمن.

ئەمین دووپاتیکردەوە، دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی کار ناکەن یان خاوەن خێزانن و منداڵەکانیان لە قوتابخانەن، بەهۆی ئاڵۆزیی یاساکانی تایبەت بە پاراستنی خێزان و مافی منداڵانەوە، کارێکی نزیک لە مەحاڵە.

 
رێکخراوێکی کوردی بەهۆی هاوکاری پەنابەرانەوە خەڵات دەکرێت

رێکخراوی پەناگەڕ لە شاری ئۆڵدنبۆرگی ئەڵمانیا، خەڵاتی ساڵانەی پرۆژەی نموونەیی دژی رەگەزپەرستیی بۆ ساڵی 2025 بەدەستهێنا. ئەم رێکخراوە وەک رێزێک بۆ گەنجێکی کورد دامەزرا کە لە کۆچبەرایەتیدا گیانی لەدەستدا. رێکخراوەکە لە سەرانسەری ئەڵمانیا هاوکاریی پەنابەران دەکات و بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا یارمەتیی زیاتر لە 4,000 کۆچبەری داوە کە زۆرینەیان کوردن.

سینا نۆبەخت، ئەندامی رێکخراوی پەناگەڕ بە رووداوی راگەیاند کە لە 11ی نۆڤەمبەری 2023، گەنجێکی کورد لە کەمپێکی شاری گۆسلار گیانی لەدەستداوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە بەرپرسانی ئەڵمانیا رووداوەکەیان وەک خۆکوشتن تۆمار کرد، بەڵام هۆکاری راستەقینەی مردنەکەی تاوەکو ئێستا بە تەواوەتی روون نەکراوەتەوە و، ئەو گەنجە بەهۆی دۆخی خراپی دەروونی و فشاری زۆرەوە دەیناڵاند کە کێشەیەکی باوە لەنێو پەنابەراندا.

نۆبەخت، ئەوەشی خستەڕوو کە مردنی ئەو گەنجە بووە هۆکارێک بۆ دامەزراندنی رێکخراوی پەناگەڕ لەلایەن ژمارەیەک گەنجی خۆبەخشی کوردەوە بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە سیستەمی پشتیوانیکردنی پەنابەراندا بوونی هەیە. ئامانجی سەرەکیی رێکخراوەکە ئەوەیە کە هیچ کەسێک لە کەمپەکاندا بە تەنیا جێنەهێڵرێت و پشتیوانیی پێویستی پێشکەش بکرێت. رێکخراوەکە خاوەنی پلاتفۆرمێکە کە کۆچبەران دەتوانن لە هەر شوێنێکی ئەڵمانیاوە پەیوەندی بکەن و داوای یارمەتی بکەن، تیمەکانیشیان بە خێرایی بەدەم داواکارییەکانیانەوە دەچن.


سوێد کیمیابارانی هەڵەبجە دەخاتەنێو سیستمی خوێندن

وڵاتی سوێد بڕیاری داوە باسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بخاتە نێو پرۆگرامی خوێندنی قۆناخی بنەڕەتیی وڵاتەکەی.

دکتۆر فەرەیدون مورادی، توێژەر لە بواری کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم دەقە فێرکارییە بە هاوکاریی پسپۆڕانی پەرەپێدانی بواری پەروەردە لە سوێد ئامادە کراوە. بەگوێرەی ناوبراو، ئامانج لەم هەنگاوە گەیاندنی زانیاریی پێشکەوتووی کیمیاییە بە شێوازێکی سادەکراوە بە قوتابیانی پۆلی 4 تاوەکو 6ـی بنەڕەتی کە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 13 ساڵدایە. دەقەکە ئەوە روون دەکاتەوە کە ماددە کیمیاییەکان چۆن لە ژیانی رۆژانەدا سوودیان هەیە، وەک لە بوارەکانی پزیشکی و پاککردنەوەی ئاودا، بەڵام هاوکات دەکرێت بۆ مەبەستی زیانبەخشیش بەکاربهێنرێن.

دکتۆر مورادی، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو زانیارییە زانستییەکانی بۆ دەقەکە دابین کردووە و پسپۆڕانی بواری پەروەردەش بە زمانێکی گونجاو بۆ منداڵان داڕشتنەوەی بۆ کردووە، پاشان خۆی پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ ئەنجام داوە.

دکتۆر فەرەیدوون مورادی، کە لە زانکۆکانی کارۆلینسکا و یۆتۆبۆری وەک پسپۆڕی چەکی کیمیایی کار دەکات، رایگەیاند کە لە ساڵی 2015 و لە میانی سەردانەکانیدا بۆ کوردستان، بەڵێنی بە قوربانیانی چەکی کیمیایی داوە کە ببێتە دەنگیان. ناوبراو وەک یەکەم پسپۆڕی کورد لەو بوارەدا لە سوێد، بەردەوام لە کۆبوونەوە و تۆڕە زانستییەکاندا باسی لەو کارەساتە کردووە و ئەم هەنگاوە بەشێکە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی.


ژنێکی کورد کتێبێک بە زمانی فینلەندی بڵاودەکاتەوە 

ساریسا زەنگيبەند، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری سنەیە کە 11 ساڵ لەمەوبەر وەک پەنابەرێک گەیشتە فینلاند، بەڵام 7 ساڵی سەرەتای ژیانی لەو وڵاتە لە بارودۆخێکی پڕ لە ترس و توندوتیژیدا بەسەر برد. ناوبراو سەرکەوتوو بوو لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختە و لە بواری تەندروستیی دەروونیدا خوێندنی تەواو کرد و دەستی بە کار کرد. ئێستا چیرۆکی ژیانی خۆی لە کتێبێکدا بە زمانی فینلەندی و بە ناونیشانی "من ساریسا، ژنێکی بێ نیشتمان" بڵاوکردووەتەوە.

ساریسا زەنگيبەند، لە لێدوانێکدا بۆ دیاسپۆرا رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی هەستێکی تایبەتی پێدەبەخشێت و وەک بەشێک لە سەرکەوتنەکانی ژیانی دەیبینێت. بە گوتەی ناوبراو، یەکێک لە ئامانجەکانی خزمەتکردن بە دۆزی کورد و کوردستان بووە، هەر بۆیە نەخشە و ئاڵای کوردستانی لەسەر بەرگی کتێبەکەی داناوە، کە ئەمەش پرسیاری زۆری لای خوێنەرانی فینلەندی دروستکردووە.

ناوبراو هەروەها رایگەیاند، ئامانجێکی دیکەی لە نووسینی کتێبەکە ئەوە بووە کە ببێتە دەنگی ئەو ژنانەی لە بارودۆخێکی هاوشێوەی ئەودا دەژین و هانیان بدات بە بڕوابەخۆبوونەوە ئەو دۆخە تێپەڕێنن.

ئەو نووسەرە ئاماژەی بە ئەزموونی کەسیی خۆی کرد و روونیکردەوە، چۆن لە چاوەڕوانیی رزگارکردنی لەلایەن کەسانی دیکەوە، گەیشتە ئەو باوەڕەی کە پێویستە پشت بە هێزی ناوەکیی خۆی ببەستێت بۆ رزگاربوون. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێزە لە ناخی هەموو ژنێکدا بوونی هەیە و دەتوانن رۆژێک لە رێگەیەوە خۆیان بناسنەوە و دژی ئەو ستەمەی رووبەڕووی دەبنەوە، بوەستنەوە و داوای ژیانێکی شایستە بکەن.

ساریسا زەنگيبەند رایگەیاند، دوای ئەوەی خۆی رووبەڕووی توندترین شێوازەکانی ئەشکەنجە و توندوتیژیی خێزانی بووەتەوە، ئێستا هەمان ئەو هێزە بۆ بەرگریکردن لە مافی خۆی و منداڵەکانی و ژنانی دیکە بەکاردەهێنێت.

گوتیشی، لە سەرەتادا بە ناباوەڕییەوە پێشوازی لە کتێبەکەی کرا، بەڵام دواتر خوێنەران بینییان کە چۆن ژنێک دەتوانێت لە رابردوویەکی سەختەوە هەستێتەوە و ببێتە پارێزەری مافی خۆی و ژنانی تر.

سەبارەت بە ناونیشانی کتێبەکەی "ساریسا ژنێکی بێ نیشتمان"، نووسەر روونیکردەوە کە هۆکارەکەی ئەوەیە وڵاتەکەی داگیرکراوە و گوتی: "من بێ نیشتمانم چونکە خاوەنی کیان، پاسپۆرت و ئاڵای خۆم نیم". ناوبراو لە کتێبەکەیدا بە روونی باسی لە چەمکی داگیرکاری کردووە و ئێرانی وەک داگیرکەری ئەو بەشەی کوردستان ناساندووە کە تێیدا لەدایکبووە.


نانەواخانەیەکی کوردی بە کارمەندی ژنەوە لە ئەڵمانیا کرایەوە

لە سەرەتای ساڵی 2026 لە شاری کاسڵی ئەڵمانیا، نانەواخانەیەک بە ناوی "زین تەنوور" کرایەوە کە ناوەکەی لە داستانی "مەم و زین" وەرگیراوە. فاتما باڤلی، خاوەنی پڕۆژەکە کە لە ساڵی 1987ـەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، ئەم شوێنەی وەک پارچەیەک لە نیشتمان لە ئەڵمانیا دامەزراندووە.

نانەواخانەکە بە دیکۆرێکی هاوشێوەی خانووە قوڕینەکانی کوردستان و پێشکەشکردنی خواردنی نەریتیی کوردی ناسراوە. ژەمەکان، لەوانەش نانی بەیانی، بە ناوی شار و هەرێمەکانی کوردستانەوە ناونراون، وەک مێردین، حەسەکە و زاگرۆس، تاوەکو میوانەکان هەستی گەشتێک بەنێو کولتووری کوردیدا بکەن. جێی ئاماژەیە، سەرجەم کارمەندانی "زین تەنوور" ژنی کوردن و خەڵکی پارچە جیاوازەکانی کوردستانن.

بۆ سەردانکەران، شوێنەکە زیاترە لە نانەواخانەیەک و وەک دەرفەتێک بۆ ئاشنابوون بە کولتوور و نەریتی کوردی سەیر دەکرێت. فاتما باڤلی، هیوای خواست پڕۆژەکەی ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ ئەو ژنە کوردانەی کە دەیانەوێت لە ئەڵمانیا دەست بە کاری تایبەتی خۆیان بکەن.