هۆڵەندا دەیەوێت ماڵباتێکی ئێزدی دیپۆرت بکاتەوە

05 November 2021
هۆڵەندا دەیەوێت ماڵباتێکی ئێزدی دیپۆرت بکاتەوە
لە دیاسپۆرای ئەم هەفتەیە ئەم مژارانە هەبوون؛ هۆڵەندا دەیەوێت ماڵباتێکی ئێزدی دیپۆرت بکاتەوە، بڵاوبوونەوەی کتێبی کوردێک لە ئەڵمانیا گەنگەشەی دروستکردووە، ژمارەیەک ئەمریکی حەز دەکەن فێری زمانی کوردی ببن و ناساندنی هونەرمەند و هۆزانڤانێکی کورد لە ئەڵمانیا.

هۆڵەندا دەیەوێت ماڵباتێکی ئێزدی دیپۆرت بکاتەوە

ئەم هەفتەیە لە ئەمستەردام هۆڵەندی و کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە گردبوونەوە. ئامانجی گردبوونەوەکە پشتیوانیکردن بوو لە ماڵباتێکی ئێزدی کە مەترسی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە. 

لەنێو ماڵباتە شەش کەسییەکەدا تەنیا کچێکی چواردە ساڵ بەناوی میلێنا و برایەکی بەناوی تۆماس ناسراون. دایکوباوکیان نایانەوێ دەرکەون. چیرۆکی میلێنا سەرنجی پەرلەمانتاران و چالاکڤانانی راکێشاوە. چونکە تەمەنی دوو ساڵ بووە کە لەگەڵ ماڵباتەکەی لە ئەرمینیاوە هاتوونەتە هۆڵەندا و دوای دوازدە ساڵ هەڕەشەی لەسەرە بنێردرێتەوە ئەرمینیا. 

بۆ رێگەگرتن لە دیپۆرتکردنەوەی ئەو ماڵباتە ئێزدییە زۆرتر لە 13 هەزار واژۆ کۆکراونەتەوە. پێویستە 40 هەزار واژۆ کۆبکرێنەوە بۆ ئەوەی دۆسێی ئەو ماڵباتە لە پەرلەمانی هۆڵەندا گەنگەشەی لەسەر بکرێت. ئێلیزا چیوپیێڤا، کە پارێزەری ماڵباتەکەیە داوای یارمەتی دەکات بۆ کۆکردنەوەی واژۆی زۆرتر. لە بەرنامەی داهاتووی دیاسپۆرادا سپێشەڵ ریپۆرتێک لەسەر میلێنا و ماڵباتەکەی دەبینن.

گەنجێک کتێبی وازهێنانی لە ئیسلام بڵاودەکاتەوە

لە ئەڵمانیا کتێبی گەنجێکی کورد گەنگەشەی لەنێو کوردی دیاسپۆرانشیندا دروستکردووە. ئەوانەی کتێبەکەیان بینیوە هەندێکیان پێیان خراپە و هەندێکیشیان پێیان ئاساییە. 

بەکورتی کتێبەکە باسی وازهێنانی ئەو گەنجە دەکات لە ئیسلام. زنار شینۆ نیوزفیچەرێکی لەسەر ئامادەکردووە. لە بەرنامەکە لەگەڵ پارێزەرێک و مامۆستایەکی ئایینی گەنگەشەی ئەوە کرا کە یاساکانی ئەڵمانیا و ئایینی ئیسلامیش لەسەر ئایینگۆڕین یان وازهێنان لە ئایین چی دەڵێن؟.

فێربوونی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا

لە زانکۆیەکی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا بەشی زمانی کوردی کراوەتەوە. واتە کەسێک بیەوێ لە ئەمریکا فێری کوردی بێت پێویستی بەوە نییە لەوێوە بگەڕێتەوە کوردستان، بەڵکو دەتوانێ بەشێوەی ئەکادیمی و لە زانکۆیەکی ئەمریکی فێری ببێت. رۆژ زاڵە سپێشەڵ ریپۆرتێکی باڵکێشی لەسەر ئەمە ئامادەکردووە و لە دیاسپۆرا بڵاوکرایەوە.

ناساندنی هونەرمەندێکی کورد لە ئەڵمانیا

زەردەشتێ کال ناوی هونەرمەندێکی کوردستانی ئەڵمانییە. لە رۆژانی رابردوودا لە هانۆڤەر بە شانۆگەرییەکی باڵکێش سەرنجی جەماوەری ئەڵمانیی راکێشاوە. ئەو میوانی دیاسپۆرا بوو و باسی کارەکانی کرد