ڕادیۆی کوردی لە بەغدا

ڕادیۆی کوردی لە بەغدا

بیست و نۆ29ی جانوه‌ریی یادی دامه‌زراندنی رادیۆی كوردی به‌غدایه‌، كه‌ ئه‌مساڵ 2015 ، حه‌فتاو پێنج 75 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئه‌و رادیۆیه‌، ڕادیۆی کوردی لە بەغدادا ڕەت دەبێت، کە بە یەکەم ڕادیۆی کوردی لە مێژووی کوردستان دادەنرێت.

گەڕانەوە بۆ ئەو مێژووە و بەسەرکردنەوەی وێستگەکانی لە ماوەی حەفتا و پێنج ساڵدا، لە کاتێکدا کە زۆربەی زۆری ئەرشیفی ئەو ڕادیۆیە دوای ڕووخانی بەعس فەوتاوە، کارێکی ئاسان نییە، بەڵام چونکە بەشێک لەو کەسانەی لە قۆناغە جیاوازەکاندا لەو ڕادیۆیەدا کاریان کردووە، لە ژیاندا ماون، دەرفەت بوو، بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ئەو مێژووە، وەک چۆن سۆراخکردنی وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاریشە، کە ڕەنگە زۆر کەس بیانەوێت بیزانن.

لە دوای هەردوو ڕادیۆی بەغدا و کۆشکی ئەلزهوور، ڕادیۆی کوردی لە بەغدا، سێیەم ڕادیۆی عێراق و یەکەم ڕادیۆی کوردییە لە مێژووی کوردستاندا. کە سه‌ره‌تا وه‌ك به‌شێكی بچووك له‌ناو ڕادیۆی به‌غدا كرایه‌وه‌ و پاش ساڵانێكی دوور و درێژ، ئینجا كرایه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕادیۆی كوردی. 

ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی بۆچوونه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن، كه‌ بۆ یەکەم جار له‌ 29ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1939دا  ئێزگەی کوردی لە بەغدا دامه‌زراوه‌ و ساڵانه‌ش هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا یادی كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مامۆستا باكووری ده‌ڵێ له‌ 19ى تشرینى دووه‌م دامه‌زراوه‌. 

به‌شی كوردی ڕادیۆی به‌غدا لە سەرەتاکانی دەستپێکردنیدا لە ڕۆژێکدا تەنها 15 خولەک پەخشی هەبوو. دوای ئەوە، ساڵ دوای ساڵ و بە گوێرەی گۆڕانی هەلومەرجی سیاسی و سروشتی دەسەڵاتدارێتی لە عێراقدا، ماوەی پەخشەکەی کەم و زیاد کرا، بەجۆرێک لە دوای ساڵی 1984 بەدواوە و تاوەکو ڕۆژی داخستنی، پەخشی ڕۆژانەی ڕادیۆكه‌ هەژدە کاژێر بوو. 

زۆرجار گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بین، یان لێره‌ و له‌وێ ده‌خوێنینه‌وه‌، كه‌وا ئه‌و ڕادیۆیه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی خۆی و لە سەردەمی پادشایەتی و کۆماری، هێنده‌ی خزمه‌تی سیاسه‌تی ڕژێمه‌ سه‌رده‌سته‌كانی عێراقی كردووه‌، ئەوەندە خزمه‌تی خودی كوردی كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌وێ كاریان كردووه‌، وێڕای دداننان به‌وه‌ی كه‌ له‌ باری سیاسیدا ئه‌وان ئازاد نه‌بوونه‌، به‌ڵام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کەوا له‌ باری ڕۆشنبیری و هونه‌ری و زمان و كولتووردا، ڕادیۆی كوردی له‌ به‌غدا، خزمه‌تیكی زۆری كوردی كردووه‌.

ساڵی ٢٠٠٣ وەک زۆر دامەزراوەکانی دیکەی عێراق، بارەگای ڕادیۆی کوردیش لە بەغدا بووە ئامانجی هێرشەکانی هاوپەیمانان و بۆردوومان کرا و زیانێکی زۆر بەر ئەرشیفەکەی کەوت. ئەوانەی ئاگاداری ئەو ڕووداوەن، باس لەوە دەکەن، ڕەوانشاد ئیسماعیل گەیلانی، کە پێشتر وەک بێژەر و پێشکەشکار، تەمەنێکی لەو ڕادیۆیە بردببوە سەر، لە هەولێرەوە ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی بچێت ئەرشیفی ڕادیۆی کوردی لە بەغدا بهێنێتەوە کوردستان. گەیلانی دەچێتە بەغدا و ئەرشیفێکی زۆر دەهێنێتەوە، بەڵام پرسیاری هەمووان ئەوەیە، کە ئەو ئەرشیفە هەنووکە سۆراخی نییە و بێ سەروشوێنە.

له‌ رووداوه‌وه‌ ئه‌م دۆکیۆمێنتارییە لەباره‌ی ڕادیۆی کوردی لە بەغدا لە دەبینن.
تۆڕی میدیایی ڕووداو، کە وەک یەکەم کەناڵی کوردی ئەو بیرەوەرییە دێنێتەوە بەرباس، لەو ڕوانگەیەوە ئەو کارە دەکات، کە بە هەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنی، بەو شتانەی کە جێی ڕەخنە و دەستخۆشین لە تەمەنی ئەو ڕادیۆیەدا، بەشێکی لە مێژووی ڕاگەیاندنی کوردی.