جنۆکە دەچێتە جەستەوە، یان نەخۆشی و نارێکی دەروونییەوە؟

جنۆکە دەچێتە جەستەوە، یان نەخۆشی و نارێکی دەروونییەوە؟

بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس، تایبەت بوو بە وەڵامدانەوەی پرسیاری ''ئایا جنۆکە دەچێتە جەستەی مرۆڤەوە؟''. میوانی بەرنامەکە پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان بوو کە هاوکات شارەزاییەکی باشی ئایینیشی هەبوو. 
لە بەرنامەکەدا جەختکرایەوە کە لەڕووی زانستییەوە چوونەناوەوەی جنۆکە بۆ نێو جەستەی مرۆڤ بوونی نییە و ئەو حاڵەتانەی بەو شێوەیە لێکدەدرێنەوە، لە بنەڕەتدا نەخۆشی و ناڕێکیی دەروونین و لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە چارەسەر دەکرێن.
د. زانا ئەحمەد قەساب، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، لە بەرنامەکەدا رایگەیاند''هەندێک حاڵەتی دەروونی هەن، کەسی تووشبوو تێیاندا لەهۆش خۆی دەچێت، دەست و قاچی لە جووڵە دەکەون، توانای قسەکردنی نامێنێت، یان نیشانەی نەخۆشییەک پیشان دەدات کە لە راستیدا نییەتی. ئەمانە هەموویان دەکرێت نیشانەی ناجێگیریی دەروونی بن''. 
د. زانا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم حاڵەتانە لەنێو کۆمەڵگەدا زۆرجار بەهەڵە لێکدەدرێنەوە و وا دەزانرێت جنۆکە چووەتە جەستەی کەسەکەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، کەسێک باسی لە چیرۆکی هاوژینەکەی کرد کە بۆ ماوەیەکی زۆر سووڕی مانگانەی وەستابوو، سەرەڕای سەردانیکردنی پزیشک، چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەدۆزرابووەوە. دواتر کەسێک پێی گوتبوون کە ''جادووی لێکراوە''. وەک خۆی باسی کرد، دوای ئەوەی رێوشوێنی بەتاڵکردنەوەی جادوویان گرتووەتەبەر، هاوژینەکەی لە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێکدا بەتەواوی چاکبووەتەوە.
سەبارەت بەم حاڵەتە، د. زانا ئەحمەد روونیکردەوە، لە روانگەی پزیشکییەوە ئەگەر ئەو خانمە سەردانی پزیشکی دەروونیی بکردایە، زۆر زووتر چارەسەری وەردەگرت، چونکە سەدان حاڵەتی هاوشێوە هەن کە هۆکارەکەیان دەروونییە و بە رێگەی زانستی چارەسەر دەکرێن.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، دکتۆر ئاراس و دکتۆر زانا جەختیان لەوە کردەوە، وەکو باوەڕێکی ئایینی، دان بە بوونی جنۆکە دادەنێن، بەڵام لەڕووی زانستییەوە، تاوەکو ئێستا بوونی جنۆکە نەسەلمێندراوە و زانست لێکدانەوەی بۆ نەکردووە، چونکە شتێکە نابینرێت و بە هەستەکان هەستی پێناکەن، هەروەها دووپاتیان کردەوە کە زۆر لەو حاڵەتانەی لە کۆمەڵگەدا وەکو ''جنۆکە چوونە جەستە'' ناودەبرێن، لە بنەڕەتدا ناڕێکی و نەخۆشیی دەروونین و چارەسەری زانستییان هەیە.