حەمەڕەشید خانی بانە
گوندی دارۆخان سەر بەناحییەی گەرمکی قەزای پێنجوێنە. یەکێکە لە گوندە جوان و ستراتیژییەکان، چونکە دەکەوێتە سەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان.
مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مادەکان و وەکو خەڵکی گوندەکە و مێژوونووسان دەڵێن ناوەندیکی گرنگی زەردەشتیەکان بووە.
باسکردنی گوندی دارۆخان بەبێ ناوهێنانی حەمە ڕەشیداخانی بانە ناتەواوە، چونکە لە ساڵانی 1939 کۆشکێکی لەم گوندەدا دروستکردووە و جێگەی حەوانەوەی خۆی و میوانەکانی بووە. دەیان کەسایەتیی گرنگی کوردستان سەردانی ئەو گوندەیان کردووە، وەکو سەرۆک مستەفا بارزانی.
حەمەڕەشیدا خانی بانە، چەند جارێک رووبەڕووی دامودەزگاکانی حکوومەتی شاهەنشاهیی ئێران بووەتەوە.
لە ساڵی 1925 رەزاشاى ئێران فەرمان بە (سەرهەنگ قولی خان) دەکات، بە پاڵپشتی ژمارەیەک لە سەرۆک خێڵەکانی (مەنگوڕ، دیبوکری و مامەش)، هێڕش بکەنە سەر (گوندی وێنە)، کە جێگای نیشتەجێبوونی خانەکان دەبێت.
حەمە رەشیدخان لەهەرەتی لاوێتیدا دەبێت، بڕیاردەدات بەرپەرچى ئەو هێزانە بداتەوە، ئەوەی جێگای سەرنجە حەمە رەشیدخان توانی تەنیا 10 چەکدار لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، بۆيه توانیان هێزەکەی ئێران و چەکدارە عەشایرە کوردەکان بشکێن و پاشەکشەیان پێبکەن و چەندین سەربازی ئێرانی بکوژن. سەرۆک هۆزی مەنگوریش لەو شەڕەدا دەکوژرێت.
سەرکەوتن لەو شەڕەدا، حەمە ڕەشیدخان تووشی لەخۆبايبوون دەکات، داوا لە خەڵک و هۆزەکانی ناوچەکە دەکات، کە هاوکاری بکەن لە رزگارکردنی شاری بانە، ئەگەرچی پشتیوانیان لێکرد، بەڵام لە ساڵی 1926 و 1927 شکستیانهێنا.
ساڵی 1930 دەستگیردەکرێت، كاتێك لەلایەن موتەسەریفی سلێمانییەوە داوەتدەكرێت بۆ سلێمانی، بە پلانێک لەلایەن حکوومەتی پاشایەتی عێراقەوە
دەستبەسەردەکرێت و بۆ مووسڵ دووردەخرێتەوە. ئەمەش یەکێک دەبێت لە فرت و فێڵەکانی حکوومەتی عێراق کە بە ناوی میواندارییەوە، حەمەڕەشیدخان دەخەنە تەڵەی خۆیانەوە.
حەمەڕەشیدخان پێێاندەڵێت: "ئەوە چ پیاوەتییەکە، کە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ من دەکەن، ئەگەر کەمێک پیاوەتیتان تیابووایە، دەکەوتنە شەڕەوە لەگەڵمان."
لە ساڵی 1932 لەسەرداوای کاربەدەستی ئامێدییەوە،حکوومەتی عێراق ئازادی دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەی .
حەمەڕەشیدا خانی بانە لەساڵی 1889 لەدایکبووە و لەساڵی 1974 کۆچی دوایی کردووە و لە گوندی دارۆخان نێژراوە.