ئەشکەوتی هەزارمێرد

ئەشکەوتی هەزارمێرد
ئەمە گوندی هەزار مێردە، بە 13 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای سلێمانی، تەنیا دوو خێزان لەو گوندە دەژین، کە تاوەکو ئێستا لەسەر ژیانی کۆن دەژین و نان بە تەنوور ئامادە دەکەن.

سه‌بیحه‌ كه‌ریم- دانیشتووى گوندى هه‌زار مێرد "پێمان دەڵێن چی دەکەن لە لادێ، بۆ نایەنەوە شار، ئەڵێم بەخوا من قەت نایەمەوە بۆ ناوشار، بەخوا، هەر ئێرە خۆشە، پێشتر دێیەکان هەمووی رووخابوون، کەسی تیانەما، مەکینەمان سووتا ماڵمان سووتا، یەک حەوشە مریشکمان هەبوو گشتی سووتا، چەند ساڵە لێرەم ئیدی هەر حەزم لێرەیە، قەت حەزم لە سلێمانی نییە، چونکە فێری ئێرەبووم هەر دڵم بێرە دەکرێتەوە".

لە نزیک ئەم گوندە شوێنەوارێکی ناسراو هەیە، کە ئەشکەوتی هەزار مێردە، دەکەوێتە نێو چیای بەرانان، دەبێ زیاتر لە کاژێرێک بە توولە رێیەکاندا، بڕۆین تاوەکو دەگەینە ئەشکەوتەکە".

هێرۆ ساڵح، شوێنه‌وارناس "له‌ ساڵى 1928، گاروود، دۆرس تی گاروود،  هاتووه‌ بۆ ئێرە، ‌ لێکۆڵینەوەو گەڕانی لێرە کردووە، لە ئەنجامی کنە و پشکنینەکانی ئەودا، سێ چینی شوێنەواری دۆزراوەتەوە، چینەکان چینی A لەگەڵ لەگەڵ چینى B لەگەڵ چینی C، چینى A کە تەبەقەی سەرەوە دەکات، پاشماوه‌ى شوێنه‌وارى سەردەمی چاخە مێژووییەکانی تێدا دۆزراوەتەوە، سه‌رده‌مى ئیسلام، هەروەها پێش ئیسلام، لەبەر ئەوەی ئەو گۆڕانەی کە لێرە دۆزرابوونەوە، هی پێش ئیسلام بوون لەگەڵ گۆڕەکاندا، کە سێ گۆڕ بوون، منداڵێک و دوو مرۆڤی گەورە، ئەوانیش گۆزە لەگەڵیاندا نێژراوە، ئەمەش دەلالەت لەسەر ئەوەی کە ئەمە سەردەمی ئیسلامی نەبووە، توانراوە سەردەمی چاخی بەردینی کۆن کە مێژووەکەی بۆ 50 هەزار بۆ 30 هەزار ساڵ بۆ پێش زایین دەگەڕێتەوە، دۆزراوەتەوە، لەنێو پاشماوە شوێنەوارییەکاندا، پاشماوەی بەردین ئۆپزیتی لەگەڵ دلێنت، دۆزراوەتوە، وە هەروەها سەرەتیر و پاشماوەی ئێسکی ئاژەڵ، وەکو بزنە کێوی و ئاسک و چەند جۆرێکی دیکەی ئاژەڵ دۆزراوەتەوە".

شوێنەوارناسان دەڵێن ئەشکەوتی هەزارمێرد، دووەم گەورەترین ئەشکەوتە دوای ئەشکەوتی شانەدەر، مێژووی ئەشکەوتی هەزارمێر دەگەڕێتەوە بۆ 50 هەزار ساڵ پێشزایین

جه‌مال، چاودێرى ئه‌شكه‌وتى هه‌زار مێرد"ئەم هەزارمێردە لە هه‌زار مه‌رده‌وه‌ هاتووه‌، هەزارمەرد، واتە هەزار پیاوی تێدا کۆبوونەوە، هیدی هەر لەم دەوروپشتەوەبووە، مزگەوتی تیابووە، رۆژانی هەینی وتاری تێدا خوێنراوە، هەزارمێرد لە ئەسلەوە ئەم دێیەی ئێمە بووە، ئەم دێیەی ئێمە لەسەرەوەبووە کاتی خۆی، ئیدی چەند سەدەیەک لەمەوپێش، لەبەر تاعوون هاتوونەتە سەرەوە، ئیدی دوای ئەوە کۆچیان کردووەو لەو دێ گوندە کۆنەی سەرەوە نەماون و چوونەتە خوارەوە".

لەم شوێنەدا 7 ئەشکەوتی دیکە هەن، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە کۆندا ژیانی مرۆڤە سەرەتاییەکانی تێدابووە، هەروەها پەناگەی خەڵکی ناوچەکە بووە، بۆ خۆپاراستن لە هێڕشی دوژمنەکانیان.

جه‌مال- دانیشتووى گوند و چاودێرى ئه‌شكه‌وتى هه‌زار مێرد "به‌ هه‌موو ئه‌شكه‌وته‌كان ده‌گوترێت ئه‌شكه‌وتى هه‌زارمێرد، ئەشکەوتەکان ناویان هەیە، ئه‌شكه‌وتى جۆڵاكان، ئەشکەوتی ئه‌شكه‌وته‌ تاریكه‌، ئه‌شكه‌وتى شه‌مشه‌مه‌كه".

‌ رۆژانە گشتیاری بیانی و ناوخۆیی سەردانی ئەم ئەشکەوتە دەکەن و وێنەی یادگاری لێدەگرن.

ئارام سدیق، گه‌شتیار "دووخاڵ هەیە کە بێی بۆ ئێرە، یەکەم ئەوەیە، کە هەم لە شارەوە نزیکە، کە تۆ دەتوانی بە ئاسانی دەستت پێی بگات، دووەمیش هەم سروشتێکی جوانی هەیە، هەم شوێنەوارێکی دێرین و سروشتێکی جوان دەبینی، کە لە کەم شوێنی کوردستاندا، ئەشکەوتی وا فراوان و جوان و سەرنجڕاکێش هەیە، ئەم دوو خاڵە هەیە کە واتلێدەکات، بێیتە ئێرە، هەم لێرەش تۆ دەتوانی دیمەنی شارەکەی خۆت ببینی، شاری سلێمانی ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە شتە سەرنجڕاکێشەکان، کە لە زۆر ئەشکەوتی دیکە ئەمەت دەستناکەوێ".

مێژووى دوور و درێژى ئه‌شكه‌وتى هه‌زارمێرد، سه‌رنجى زۆر شوێنه‌وارناسى جیهانى ڕاكێشاوه‌،‌ دەڵێن ئه‌و كه‌لوپه‌ل و گۆڕانه‌ى له‌ نێو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا دۆزاونه‌ته‌وه‌،  هێمان بۆ كۆنیی ژیانى مرۆڤ له‌ كوردستان.

ئەشکەوتی هەزارمێرد، هەزار چیرۆکی لە رووخساری خۆیدا هەڵگردووە، کە دەماودەم گێڕدراوەتەوە، رۆژگارێک ئەم ئەوشکەوتە لانکەی ژیانی مرۆڤەکان بووە، بەڵام ئێستا بووەتە شوێنەوار و لاپەڕەیەکی لە مێژووی کورددا پڕکردووەتەوە