هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

11 March 2024
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

هەڤاڵ ئەبوبەكر: ئێستاش خۆم هەڵبژێرمەوە دەنگی زیاتر ‏دەهێنم

لەبەرنامەی (گفتوگۆی باڵۆن) هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، ئەگەر ئێستاش خۆی بەربژێر بكاتەوە دەنگی زیاتر دەهێنێت. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری ئێستای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ‏پارێزگاكاندا لە ساڵی 2014دا 241 هەزار ‌و 241 دەنگی هێنا. لەبارەی ‏بزوتنەوەی گۆڕانیش گوتی "گۆڕانیش ئەگەر رێچكەی سیاسەتكردنی خۆی ‏بگۆڕێت دەنگی زیاتر دەهێنێتەوە". ‏

پارێزگاری سلێمانی لە بەرنامەکەدا ئاشکرای دەكات، ئاساییە رۆژێك بزوتنەوەی گۆڕان ‏بەجێبهێڵێ‌ ‌و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە دەبێت گۆڕان خۆی نوێ‌ بكاتەوە و ‏دەڵێت دوای گۆڕان ناچمە نێو هیچ هێزێكی سیاسیی دیکە. پارێزگاری سلێمانی ئەوەش رووندەكاتەوە، ئەو قسە‌و لێدوانانەی كە دەیدات ‏زۆرینەیان زانیارین دەشڵێت "خەڵكی وەها هەیە دوای 10 ساڵ تێیان ‏دەگات.'' ‏

هەڤاڵ ئەبوبەکر دڵخۆشە بەوەی لە سەردەمی ئەودا سلێمانی لە زۆر بواردا گەشەی ‏كردووە، بەگوتەی ئەو سلێمانی لە چەندین بواری وەكو خوێندەواری ‌و تەندروستی ‌و گەشتیاری لە ‏پلەی یەكەمدایە. هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاماژە بەوەش دەكات، لەماوەی دەسەڵاتداری ئەودا ‏ئابووری چەتەگەری گواستراوەتەوە بۆ ئابووری سەوز ‌و گرنگیدان بە كەرتی ‏گەشتیاری.

سەبارەت بەوەی بۆچی پێش هەڵبژاردنی بە پاسكیل هاتوچۆی دەكرد، بەڵام ‏دوای دەرچوونی وازی لە پاسكیل هێناوە هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەوەی رەتكردەوە ‏كە وازی لە بەكارهێنانی پاسكیل هێنابێت ‌و گوتی "ئێستا ئەگەر لە ‏سەرچنارەوە بچمە دەوام بە پاسكیل بە چەند كاژێرێك ناگەم، چونكە ‏خەڵكی دەموەستێنن ‌و وەك مافێكی خۆیان پرسیارم لێدەکەن". 

لە كۆتایی قسەكانی پارێزگاری سلێمانی ئەوەی روونكردەوە خۆی ‏كارەبای حكومەت ‌و مۆلیدەش بەكارناهێنێ‌، بەڵكو سوود لە سیستەمی ‏سۆلار وەردەگرێ‌ بۆیە پێویستی بەكارەبای دیكە نییە.‏