کار و بازرگانی کچان
مژاری ئەمجارەی گفتوگۆی کچان، کار و بازرگانی کچانە. چۆن کچان ببنە خاوەنی کاری خۆیان رێگری و ئاستەنەگەکان چین؟ شەیما، نڤار، بنەوش و بەهرە میوانداری زرێىار هەورامییان کردووە بۆ ئەوەی باسی ئەزموونی خۆی بکات وەک خاونکارێکی سەرکەوتوو. لەم بەرنامەیەدا زرێبار هەورامی رێنمایی کچان دەکات چۆن ببنە خاوەنکار و بزنسی خۆیان و چۆن رووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان ببنەوە. زرێبار هەورامی، دەڵێت "لە ساڵی 2015ـوە کە ئەوکات گەرمەی قەیران و شەڕی داعش بوو دەستم بەکارەکەم [کارگەی جلوبەرگی سەربازی] کردووە. پشوو درێژی و نەوەستان هەنگاوی هەرە گرنگن بۆ سەرکەوتنی بزنس و پشوو درێژی و بەردەوامیم وایلێکردم لە کارەکەم سەرکەوتوو بم و ئێستا بەرهەمی ماندووبوون و کارەکەم دەبینم.
گفتوگۆی کچان بەرنامەیەكی گفتوگۆییە، هەموو شەوانی رەمەزان لە تەلەڤزیۆن و رادیۆ و پۆرتاڵ و سۆشیالمیدیای رووداو کاژێر 21:30 بڵاودەكرێتەوە. گەیاندنی پرسیار و گفتوگۆ نوێیەكانی كچان ئامانجی یەكەمی ئەو بەرنامەیە. خستنەڕووی خولیا و حەزەكانی كچان و گفتۆكردنیان لەگەڵ كچانی ناسرا و سەرکەوتوو ئامانجێکی دیکەی بەرنامەی گفتوگۆی کچانە