ئاراس فەتاح و ئەیاد حوسێن باس لە بیرەوەری و هاوڕێیەتی نێوانیان دەکەن

ئاراس فەتاح و ئەیاد حوسێن باس لە بیرەوەری و هاوڕێیەتی نێوانیان دەکەن

دوو هونەرمەندی کورد لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا میوانی رووداو بوون، رۆژگار وایکرد رووبکەنە تاراوگە و لە سوێد نیشتەجێ ببن، جارجاریش بە سەردان دەگەڕێنەوە کوردستان.

ئەیاد حوسێن و ئاراس فەتاح لە نزیکەوە یەکدی دەناسن و هەردووکیان بە سەردانێک بۆ سەری ساڵی نوێ گەڕاونەتەوە کوردستان.
لە هەڤپەیڤینێکدا باس لە پەیوەندی نێوانیان و بیرەوەرییەکانیان دەکەن، هەروەها خۆزگە و هیوای خۆیان بۆ 2021 دەخەنەڕوو و یادەورییەکانی 2020یش دەگێڕنەوە.

رووداو: ئێرۆس یان ئاراس یان خەپە گیان؟
ئاراس فەتاح: وەڵڵا بەدڵی خۆت، خەڵک بە ئاراس دەمناسێت، ئێرۆس ناوێکی تایبەتە بۆ پڕۆژە هونەرییەکانم کە بۆ میللەتانی دیکە ئامادەی دەکەم، هەندێ خەڵکیش دەڵێن خەپە گیان، -سەیری ئەیاد حوسێن دەکات- ئەوە خەپە گیانە، من خەپە گیان نیم.
ئەیاد حوسێن: من خەپە گیانم.

رووداو: هیوا و ئاواتتان بۆ 2021 چییە؟
ئەیاد حوسێن: هەموو هیوا و ئاواتم ئەوەیە ئەو کێشانەی کوردستان لە 2020 هەیبوو کۆتاییان پێبێت، کۆرۆنا و کۆڤید 19 و کێشەی ئابووری، پەنا بەخوا ساڵی ئایندە پڕ لە خۆشی و شادی دەبێت بۆ هەموو میللەتی کورد لە هەموو جیهاندا و دووربین لە دەردی ڤایرۆس و هەموو شتێک و کۆتایی بە هەموو کێشەکانی ئێمە بێت.

رووداو: ئەی تۆ کاک ئاراس؟
ئاراس فەتاح: ئەوەی کاک ئەیاد گوتی هیچی بۆ من نەهێشتەوە.

رووداو: ئێوە نێوانتان خۆشە و لە دەرەوەش کە یەکدیمان بینی نێوانتان زۆر خۆش بوو و کەیفخۆش بوون. لە کەیەوە یەکدی دەناسن؟ چۆن یەکدیتان ناسی؟
ئاراس فەتاح: ئێمە 23 بۆ 24 ساڵ دەبێت یەکتر دەناسین، هەردووکمان لە ستۆکهۆڵم دەژیاین.

رووداو: زوو زوو یەکتر دەبینن؟
ئاراس فەتاح: زۆر زووش نا، لەبەرئەوەی خەڵک خەریکی کارە، بەڵام لە ئاهەنگەکاندا، بەتایبەت ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و نەورۆز و لە ئاهەنگی دیکەشدا یەکترمان دەبینی، زۆرجاریش لە ئاهەنگی بووکگواستنەوەدا یەکترمان دەبینی.

رووداو: هیچ کارێکی دوێتتان پێکەوە کردووە؟
ئاراس فەتاح: شتێکی خۆشتان بۆ باس بکەم، من و کاک ئەیاد لە زۆر ئاهەنگدا وەک گۆرانیبێژ پێکەوە بەشداریمان کردووە، جارێکیان لە شوێنێک، ناوی ساڵەکە و وڵاتەکەش ناهێنم، لە ئاهەنگێک بانگهێشتکرابووین، دوو ژوور گیرابوون، یەکێک لە ژوورەکان بۆ دوو هونەرمەند بوون کە هاوژینی یەکتربوون، وایان زانی تەنها یەک هونەرمەندی دیکە دێت و نەیانزانیبوو من و کاک ئەیادین، زۆر شڵەژان و گوتیان چی بکەین، ئێمەش گوتمان یەک شەو لەوێ دەمێنینەوە و کێشەیەک نابێت. سەرینی ژوورەکە دوو نەفەری بوو، منیش گوتم ئەیاد تۆ بخەوە بۆ من کێشە نییە، ئەیاد لێی خەوت، منیش هەر بەجلەوە لە تەنیشتییەوە درێژ بووم، چونکە هەر چەند کاژێرێک مابوو. ئەیاد دەستی بە پرخە کرد، منیش گوتم رەنگە ئەوە تەنیا سەرەتاکەی بێت، دوایی وەکو گۆرانی نۆتەکەی هەر بەرزدەبووەوە، منیش گوتم خودایە چی بکەم، سەرەتا فیکەم بۆ لێدا.

رووداو: هەندێکیش دەڵێن دەبێت لەو کاتە پەنجەی قاچی رابکێشی، شتێکی واش هەیە؟
ئاراس فەتاح: یەکەمجار بە فیکە دەستمپێکرد، سوودی نەبوو، دوایی پەنجەی قاچ یاخود شتێکی لێبکەی، ئەویش سوودی نەبوو، دواتر بانگم کرد، ئەیاد.. ئەیاد، ئەویش هەر سوودی نەبوو، دواتر لێم دا.

رووداو: لێت دا بۆ ئەوەی پرخەی نەمێنێت؟
ئاراس فەتاح: لەخەو هەستا و پرخەپرخەکەی بەردەوام بوو، رەنگە بڕوانەکەن ئەوەی بۆتانی باس دەکەم، چاوی کردبووەوە و سەیری منی دەکرد و چاوی کراوەبوون و پرخە پرخی دەکرد و بەردەوام بوو، من ترسام و گوتم دەبێت شێت نەبووبێت، پرخە پرخەکە هەر بەردەوام بوو و دواتر خەوتەوە، وەکو ئەوەی هیچ شتێک رووی نەدابێت و زانیم کە سوودی نییە.

رووداو: ئەی بیرەوەری تۆ چییە؟
ئەیاد حوسێن: (بەپێکەنینەوە) نازانم بەرنامەکە تەندروستییە، زۆر راستە من ئەگەر شوێنی خەوتنم بگۆڕم و هیلاکیش بم، پڕخەپڕخ دەکەم، دیارە ئەو شەوە من گۆرانی حەیفەم دەگوت بە پرخەپرخ.

رووداو: جگە لەمە یادەوەرییەکی خۆشت لەگەڵ کاک ئاراس؟
ئەیاد حوسێن:  وەڵڵا زۆرن، ئێمە بەردەوام کە یەکتر دەبینین بەردەوام نوکتەکان لەخۆیانەوە دروست دەبن.

ئاراس فەتاح: نەمگوت هێرش دەکەم.
ئەیاد حوسێن: ئەوە هێرشی دەستپێکرد.

رووداو: ئەمساڵ بەرهەمێکت بەناوی "دەڕژێ" بڵاوکردەوە و کلیپەکەشی باسی لە کۆرۆنا دەکرد، بەهەمان شێوەش تۆ بەرهەمێکت لەبارەی کۆرۆنا هەبوو، کۆرۆنا چ کاریگەرییەکی لەسەر کارەکانت و لەسەر کاری هونەرمەندان بە گشتی هەبووە؟
ئاراس فەتاح: کاریگەرییەکە ئەوەبوو زۆر لە هونەرمەندان لە کاتی قەدەخەی هاتووچۆدا کاتیان هەبوو لە ماڵەوە بەرهەم ئامادە بکەن، گۆرانی نوێ ئامادە بکەن، کاتیان هەبوو، لەبەرئەوەی چوونە دەرەوەیان نەبوو، تەنانەت ئەو مارکێتانەی ئامێر و کەلوپەلی میوزیکیان دەفرۆشت، ئەو کەلوپەلانەیان نەمابوون، بەتایبەت مایکرۆفۆن، من دەمویست مایکرۆفۆنێکی باش لە باشترین بازاڕی کەلوپەلی میوزیکی لە جیهاندا بکڕم بۆ ستۆدیۆ، نەمابوو، هەموو هونەرمەندەکان ستۆدیۆی ماڵیان دروستکردبوو، لەبەرئەوەی ناتوانن بچنە ستۆدیۆی گەورە، ئینجا ئەمە یەکێک لە کاریگەرییەکان بوو. ئەو هونەرمەندانەی لە ماڵەوە بوون زۆر شتی نوێیان ئامادەکردووە، پەنا بەخوا لە 2021 بڵاویان دەکەنەوە.

رووداو: ئەی تۆ کاک ئەیاد؟
ئەیاد حوسێن: قسەکانی کاک ئاراس زۆر راستە، زیاتر بەشێوەی ئۆنلاین کارەکان لەرێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرانەوە، چونکە خەڵک لە ماڵەوە بوون و سەیریان دەکرد، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە قەدەخە و کەرەنتینی تێدابوو، بەهۆیەوە زیاتر شتەکان بە هەواداران و خۆشەویستان دەگەیشت، لەلایەکی دیکەشەوە کاریگەری هەبوو و ئاهەنگەکان کەمبوونەوە، تەنانەت ئەو شوێنانەی ئێمە هەفتانە لایڤمان لێی هەبوو.

رووداو: ئێوە لە ئەوروپا دەژین و لە ئەوروپاش گرنگییەکی زۆر بە سەری ساڵی نوێ دەدرێت، پلانی ئێوە چییە بۆ ئەو بۆنەیە؟
ئەیاد حوسێن: بە دڵنیاییەوە ئێمە بۆ ئەم سەری ساڵە لێرەین، بەبۆنەی سەری ساڵەوە لایڤ میوزیکم لە هەولێر و لە سلێمانی هەیە، لە سوێد هەموو شتێکیان سنووردار کردووە، بۆ نموونە لە هۆڵێکدا نابێت زیاتر لە 50 کەسی تێدا بێت، لە کاژێر 10ـی شەو دەبێت هۆڵەکە چۆڵبکرێت، بۆیە ئاهەنگ ناکرێت.

رووداو: ئەی تۆ کاک ئاراس، لە سوێد دەژی و چۆن سەری ساڵ بەسەر دەبەیت؟
ئاراس فەتاح: هەرساڵەوە جۆرێکە، شتێکتان بۆ باس دەکەم، دەڵێن چۆن پێشوازی لە سەری ساڵ دەکەی، ساڵەکە بەو شێوەیە دەبێت. پێشوازیم لە 2020 ناخۆشترین پێشوازی بوو لە ساڵی نوێ، ساڵەکەش بە هەمان شێوە.

رووداو: کەواتە هیوا و ئاواتت بۆ 2021 چییە، ئەوەی تاوەکو ئێستا بەدی نەهاتووە و دەتەوێت بەدی بهێنیت؟
ئاراس فەتاح: هەمووجار خەونەکانم زۆر گەورەن، زۆر پڕۆژەی هونەریی گەورەم هەیە، رەنگە هەواداری کارە هونەرییەکانم ئاگاداربن، من 2020 خۆم بۆ "خەپە گیان 2" ئامادە کردبوو.

رووداو: باشە تۆ بەنیازی بەشی دووەمی "خەپە گیان" بەرهەمبێنیت، ئەی کوا قژە درێژەکەت؟
ئاراس فەتاح: سەبارەت بە قژە درێژەکەم، ئەوە نهێنییە، لە بەشی دووەمدا هەموو ئەو نهێنیانە ئاشکرا دەبن، ئەوە نهێنییە جارێ کەس نایزانێت، پەنا بە خودا بۆ 2021.

رووداو: ئەی خەون و ئاواتی تۆ لە رووی هونەرییەوە چییە؟ بەرهەمێکی تایبەت هەیە بتەوێت لێرەوە باسی بکەیت؟
ئەیاد حوسێن: بەدڵنیاییەوە دەبێت، بۆ 2021 دەبێت یەک دوو بەرهەممان هەبێت، لەگەڵ سەرقاڵی و ئەو کێشانەی لە 2020 هەمانبوو، توانیمان دوو بەرهەممان هەبێت، یەکێکیان لەبارەی کۆرۆنا بوو.

رووداو: بەرهەمی دیکەت هەبوو نەتتوانیبێت بەهۆی کۆرۆناوە بڵاوی بکەیتەوە؟
ئەیاد حوسێن: نەخێر، بەڵام بەرهەمێکی دیکەشم هەبوو بەناوی "هیچم پێ مەڵێ"، ئەویش بە ڤیدیۆکلیپ بڵاوکرایەوە، ئەوەی دیکەیان بۆ خۆپاراستن بوو کە لەگەڵ چەند هونەرمەندێک لەبارەی کۆرۆناوە گوتمان و بە رای من و زۆر کەسی دیکە کارێکی جوان بوو. بێگومان بۆ 2021یش یەک دوو کار بۆ هەوادارانی خۆشەویستم دەکەم.

رووداو: ئێستا بەرهەمێکی تایبەت نییە کاری بۆ بکەیت؟
ئەیاد حوسێن: ئێستا شتێک لە مێشکمدایە، بەڵام نهێنییە باسی ناکەم.