عومەر شێخ مووس، نووسەر و سیاسەتمەداری رۆژئاوای کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی
عومەر شێخ مووس، نووسەر و سیاسەتمەداری رۆژئاوای کوردستانە و لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەیدا باس لە شەڕی داعش و پەیوەندی نێوان حیزبەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ یەکدی دەکات.
لەبارەی شەڕی داعش، شێخ مووس دەڵێ "شەڕ لە دژی داعش لە بەرژەوەندی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە" و، جەختیش دەکاتەوە لەوەی "داعش دووجار مەترسی لەسەر کورد دروستکردووە ... نەهێشتنی پایتەختی داعش لە بەرژەوەندی کوردانە "، هەروەها دەڵێ "شەڕی کورد لە دژی داعش ناوبانگی بۆ کورد پەیدا کرد".
لە باسی رۆژئاوای کوردستان ئەو ئەندامەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باس لەوە دەکات " لە کوردستانی سووریا هێزی هەرە ئازا کوردن" و، " دان بە رێڤەبەری خۆسەری نەنراوە و، گرنگە هێزە کوردییەکان هاوکاری یەکدی بکەن".
بە ئاماژەدان بەوەی "ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە دژی فیدراڵی وەستاوەتەوە" عومەر شێخ مووس هەروەها دەڵێ "سووریا، تورکیا و ئێران لەدژی فیدراڵی وەستاونەتەوە" و ئاماژەش بەوە دەدا "بوونی هێزی ئەمریکا و رووسیا لە سووریا باش بوو".
ئەو باس لە کاتی دوای نەمانی داعش دەکات و دەڵێ " دوای پاشەکشەکردنی داعش دەبێت هێزەکانی کورد ئامادە بن و لەگەڵ یەکدی هاوکار بن".
باس لەوە رەخنانەش دەکات کە ئاراستەی هێزەکانی پەیەدە و یەپەگە دەکرێت و دەڵێ "ئەمریکا و بەریتانیا کەمێک لە پەیەدە نیگەرانن، گرنگە پەیەدە و یەپەگە رەخنەکان لەبەرچاو بگرن".
ئەو نووسەر و سیاسەتمەدارەی کورد لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا دەڵێ " دوور نییە حکومەتی راگوزەر لە مانگی ئاب یان ئەیلوول دابمەزرێت".
جەختیشدەکاتەوە لەوەی "لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەرفەتێکی لەو شێوەیە بۆ کورد نەڕەخساوە "، بەڵام لەهەمان کاتدا رەخنە لە هێزە کوردییەکان دەگرێت و دەڵێ " دەتوانین رەخنەی ئەوە لە حکومەتی کوردی بگرین کە ئەوان یەکگرتوو نین، پێویستە نێو ماڵی کورد رێکبخرێت".
لەبارەی حیزبە کوردییەکانی باشووری کوردستانیش عومەر شێخ مووس گوتی " هەریەکێک لە یەکێتی، گۆڕان و پارتی یارمەتی هاوپەیمانەکانی خۆیان دا، باشترە هاوکاری یەکدیش بن".
"لەو باوەڕەدام لە رۆژئاڤا شەڕ لەنێوان هێزە کوردییەکان روونادات"، شێخ مووس هەروەها دەڵێ " لەو باوەڕەشدام رژێمی سووریا نامێنێت".
لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا عومەر شێخ مووس، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی گوتی : گرنگە مرۆڤ بە زیرەکی دانوستاندن لەگەڵ دراوسێکانی خۆی بکات، لە بەرژەوەندی رۆژئاڤا نییە دژایەتی لەگەڵ وڵاتانی هاوسنوور بکات"، جەختیشی کردەوە لەوەی "ئێستا رەوشی کوردان لە جاران باشترە".
بهشی بكه لە