لەگەڵ رەنج - باشترین گازی كوردستان لە پشكنین دەرنەچوو

11 February 2024
لەگەڵ رەنج - باشترین گازی كوردستان لە پشكنین دەرنەچوو
دووكەڵی ئۆتۆمبێل ‌و مولیدە‌و كارگەكان مەترسی گەورەیان ‏دروست ‏كردوە

كوالێتی ئەو گازەی موەلیدە ‌و ئۆتۆمبێلەكان بەكاردەهێنن چۆنە؟

باشترین گازی كوردستان لە پشكنین دەرنەچوو

لەنێو ئەم بەرنامەیەدا پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو، راپۆرتێكی ‏ئامادە كردبوو  لەنێو راپۆرتەكەدا، چەند جۆرێك گازی بردبووە ‏تاقیگەیەك بۆ پشكنین، ئەو تووشی سەرسام بوو كە د.سەنگەر ساڵح، ‏سەرۆكی بەشی كیمیا لە زانكۆی ‏سەڵاحەدین پێی گووت رێگەپێدراوی ‏ppm‏ نێو گازوایل، بەپێی ستانداردی عێراق نابێت لە هەشت هەزارە ‏زیاتر بێت، چونكە دەبێت هۆی پیسبوونی زیاتر ژینگە‌و هەوا، بەڵام ‏جۆرە باشەكەی گازوایل كە پەیامنێری  رووداو بردبوویە پشكنین ‏ppm‏ كەی 14هەزار بوو ‏
د.سەنگەر ساڵح‏ لەنێو بەرنامەكە گوتی "ئەو گازوایلەی رووداوی ‏هێنابووی بۆ پشكنین یەكێكیان 29هەزار‌و ئەوەی دیكەیان 14هەزار ‏‎ ‎ppmكەی بوو، ئەوەش بەدەرە لە رێنماییەكانی عێراق، بەداخەوە ‏زۆرینەی ئەو گازوایلانەی لە بازاڕی كوردستاندایە ‏‎ ppm‏ كەی ‏لە نێوان ‏‏25 بۆ 35هەزارە ".‏
ئەو مامۆستایەی زانكۆی سەڵاحەدین بەودەرنجامانە تووشی شۆك بووە ‏دەڵێت "رۆژانە ئەوەندە چاودێری كوالێتی هەوا دەكەم خەریكە تووشی ‏نەخۆشی ‏دەرەوونی دەبەم".‏
‏بەبڕوای د.سەنگەر ‏95% ئەو گازوایلانەی لە كوردستاندا بەكاردێت ‏جۆرێك لە ساختەكردنیان تێدایە ئەو دەڵێت "‏ئەو گازوایلانەی لەلایەن ‏خەڵكی بەكاردێت زۆربەریان خراپن‏، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوە دێت ‌و ‏دەستكاری ناكرێت ئەوە دەكرێت بڵێن زۆرباشە". د.سەنگەر ساڵح‏ ‏جەخت لەوە دەكاتەوە بەشێكی ئەو گازوایلانەی لە  لە كوردستان ‏دەكرێتە مۆلیدەوە تێكەڵەیەكی رۆنە‌و ئەو گوتی "زۆر مەترسیدارە ‏رۆن ‏بسوتێ‌ بەداخەوە لە كوردستان ئەوە دەكرێت".‏
هەر گازوایل نییە كە دەستكاری دەكرێت، بەڵكو نەوتی سپی ماڵانیش ‏دەستكاری دەكرێتد. د. سەنگەر گوتی  "نەوتی ماڵان بەپێی ناوەكەی ‏بێت، دەبێت سپی بێت، بەڵام دەستكاری دەكرێت رەنگی بۆ زەرد ‏دەگۆڕێ‌".‏

بەنزینش بەپێی ستاندارت نییە
د.ساڵح نەجیب، مامۆستا لە بەشی سامانە سروشتییەكانی ‏كۆلێژی ‏‏زانست لە زانكۆی سلێمانی باس لە دیوێكی دیكەی سوتەمەنی دەكات ‏ئەویش بەنزینە دەڵێت ‏
‏"توێژینەوەیەكەم كرد لەسەر 812 ئۆتۆمبێل ‏ppm‏ ی بەنزینەكەیان ‏دەبوو 200 بێت، بەڵام 50% زۆر لەوە زیاتر بوو".‏
‏". د.ساڵح نەجیب جەخت لەوە دەكاتەوە ‏ هێشتا ساڵانسای بەشێك لە ‏ئۆتۆمبێلەكان دەردەهێنرێ‌ كە بەوهۆیەوە دووكەڵێكی زۆری زیان ‏بەخش بەهەوادا بڵاو دەبێتەوە "هەر دەنكۆڵەیەكی لەناو دووكەڵی ‏ئۆتۆمبێل هەشت جۆر شێرپەنجە لەخۆی دەگرێت، دەبێت ئەوەش ‏روون بێت دووكەڵ تەنیا هۆكار نییە بۆ شێرپەنجە، بەڵكو دووكەڵ ‏دەبێتە هۆی تووشبوون بە 75جۆر نەخۆشی دیكە".‏

‏"بەراوورد بەشارەكانی دیكە هەوای هەولێر پیسترە"‏
د.ساڵح نەجیب ئەوەش دەخاتەڕوو هەرچەندە لە كوردستان وێستگەی ‏پێوانەی هەوا بوونی نییە ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە، بەڵام بەپێی ‏سایتێكی جیهانی كە چاودێری هەوای شارەكان دەكات هەوای هەولێر ‏بەراوورد بەشارەكانی دیكە، زۆر پیسترە بۆ ئەوەش چەند وێنەیەكی ‏پیشانی ئامادەبووانی بەرنامەكەدا‌و گوتی "بەپێی پێوانەیەكی هەوا، ‏كوالێتی هەوای هەولێر بەو زستانە خراپ، بەداخەوە لە هاوین زۆر ‏خراپتر دەبێت". بۆ زیادبوونی شێرپەنجە د.ساڵح نەجیب، بەراوورد لە ‏نێوان ساڵی 2020‌و 2023دەكات ‌و دەڵێ‌ "‏لە 2020دا 6293 ‏حاڵەتی شێرپەنجە تۆماركرابوو، بەڵام 2023دا گەیشتۆتە 9911 ‏ئەوەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە".‏

گازوایل هاتووە بەستوویەتی
عوسمان محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەكانی ‏‏سلێمانی هەرچەندە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ‏لە سلێمانی مۆلیدەكان ‏گازی باشتر بەكاردەهێنن، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە هەندێجار ‏گازوایلی خراپیشیان بۆ دێت ئەو گوتی "گازوایل یان بۆ هێنام هێندە ‏خراپ بووە لەكاتی سەرمادا بەستی". سەبارەت بەوەش بۆچی فلتەر ‏بۆ مۆلیدەكانیان دانانێن گوتی "چونكە دانانی مۆلیدەكان بەشێوەی ‏كاتی بووە هێشتا نازانین تاوەكو كەی دەتوانین كار بەمۆلیدەكانمان ‏بكەین". عوسمان محەممەد ئەوەشی خستەڕوو لە سلێمانی لیژنەكانی ‏قایمقامیەتی سلێمانی لێپرسینەوەی زۆر لە خاوەن مۆلیدەكان دەكەن. ‏
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا عوسمان محەممەد ئەوەشی ئاشكرا كرد  ‏لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە پێنج هەزار مۆلیدەی ئەهلی ‌و نزیكەی ‏سێ‌ هەزار مۆلیدەی كەسی ‏‌و شوێنی گشتی بوونی هەیە ئەو گوتی ‏‏"نزیكەی هەشت هەزار مۆلیدە لە كوردستاندا هەیە ئەوەش هۆكار بۆ ‏زیاتر پیس بوونی ژینگە"‏

‏"گازوایلی خراپ لە هەولێر بەكارنایە ئەوە هەیە  بۆ دەرەوە ‏دەڕوات"‏
نەسڕەت زەنگەنە، گاز فرۆش ‌و خاوەن مۆلیدە لە ‏هەولێر، وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی رەت دەكاتەوە كە لە هەولێر ‏گازوایلی خراپ بەكاربێت ئەو گوتی ‏"گازوایلی خراپ لە هەولێر ‏بەكارنایە ئەوە هەیە  بۆ دەرەوە دەڕوات"‏. سەبارەت بە پشكنینەكانی ‏د.سەنگەریش گوتی "ئەو گازەی د.سەنگەر پشكنینی بۆ كردەوە ‏مۆلیدەكان بەكاریناهێنن، ئەو دووكەڵەش كە هەندێ‌ مۆلیدە هەیەتی ‏پەیوەندی بە مەكینەكانیانەوە هەیە كە كۆن بووە". ئەو گازفرۆشە ‏هەموو ئەو پشكنینانەی بە ناراست زانی كە بۆ گازوایلی كوردستان ‏دەكرێت دەڵێت "من لە خۆمەوە سەیری دۆخەكە دەكەم، خاوەن ‏مۆلیدەكان گازوایلی خراپ بەكارناهێنن"‏

‏دەستەی ژینگە: پێویستمان بە پۆلیسی ژینگە هەیە
‏ رەزاق خەیلانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ‏ژینگە ‏و ‏‏‏راگەیاندن لە ‏دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان میوانێكی دیكەی ‏بەرنامەكە بوو ئەو نكوڵی لەوە نەكرد كە گازوایلی خراپ بەكاردێت، ‏بەپێی توانای خۆشیان رووبەڕووی ئەو گرفتە بوونەتەوە ئەو گوتی ‏‏"‏بەپێی توانای خۆمان تیمەكانمان سەردانی مۆلیدەكان دەكەن ئەوەی ‏مۆلیدەكەی  دووكەڵ بكات ناچاری دەكەین فلتەر دابەنێ‌، ئەگەر ‏نەیكرد سزای دەدەین". رەزاق خەیلانی ئاماژەبەوەش دەكات بۆ ‏لێپرسینەوە پێویستیان بە پۆلیسی ژینگە هەیە ئەو گوتی "ئێمە ‏پۆلیسی تایبەت بە خۆمان نییە ئەوەی هەیە جار جار پۆلیسی ‏شارەوانی هاوكارمان دەبن".‏
خەیلانی، جەخت لەوە دەكاتەوە ‏پێویستە پاڵاوگە نایاساییەكان ‏دابخرێن چونكە وەك ئەو گوتی "هۆكاری هەرە سەرەكین بۆ پیس ‏بوونی ژینگە"‏
‏هەر بەپێی قسەی رەزاق خەیلانی، ئەو گازەی لە ‏سپلیتیش دەردەچێت ‏هۆكارە بۆ پیس بوونی ژینگە. لە كۆتایی قسەكانی بەرپرسەكەی ‏دەستەی ژینگە ئەوەشی خستەڕوو لەسەر كۆیی كێشەكانی ژینگە ‏ناڕەزاییان بە راپۆت داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران "مەرج نییە بۆ هەموو ‏ئەو كێشانە كۆنگرەی رۆژنامەڤانی بكەین، بەڵكو بەردەوام راپۆرت ‏دەدەینە سەرووخۆمان".‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 11-02-2024 پێشكەش كراو میوانە ‏سەرەكییەكان پێكهاتبوون لە
‏- د.سەنگەر ساڵح، سەرۆكی بەشی كیمیا لە زانكۆی ‏سەڵاحەدین ‏‏
‏- رەزاق خەیلانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ‏ژینگە ‏و ‏‏‏راگەیاندن لە دەستەی ژینگە ‏‏
‏- د.ساڵح نەجیب، مامۆستا لە بەشی سامانە سروشتییەكانی ‏كۆلێژی ‏‏زانست لە زانكۆی سلێمانی ‏
‏- نەسڕەت زەنگەنە، گاز فرۆش ‌و خاوەن مۆلیدە لە ‏هەولێر ‏‏
‏- عوسمان محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەكانی ‏‏سلێمانی ‏‏‏

‏ ‏