یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵەكان، لە بەرژەوەندی كێ بوو؟

یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵەكان، لە بەرژەوەندی كێ بوو؟

یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵەكان، كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، لەلایەن بەشێك لە خەڵكی كوردستانەوە رەخنەی ئەوەی لێگیرا، لە یاساكەدا خانەنشینی پلە تایبەتەكان زۆرە، لەكاتێكدا كەمترین مووچەی خانەنشینی 300 هەزار دینارە، هەر بۆیە مژاری ئەم بەرنامەیەی لەگەڵ رەنج تایبەت بەو پرسە كرا.

عزەت سابیر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی، وەك میوانێكی بەرنامەكە جەختی لەوە كردەوە یاساكە لە بەرژوەوەندی خەڵكی هەژار پەسەند كراوە و گوتی  پێشتر كەمترین مووچەی خانەنشینی 200هەزار دینار ‌و كەمتریش بوو ئێمە بەپێی یاساكە كردومانە بە 300هەزار دینار، جگە لەوە مووچەی خانەنشینی پلە تایبەتەكەمانمان زۆر كەم كردووەتەوە".

فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد هەوڵیانداوە لە یاساكەدا دادپەروەری بۆ مووچە بگەڕێنەوە ‌و گوتی "دادپەروەری تەواوتی تەنیا لەلای خوای گەورەیە، بەڵام ئەوەندەی پێمان كرابێت، هەوڵمان بۆ ئەوە داوە دادپەروەری لە مووچە ‌و دەرماڵەكانی مووچەخۆراندا هەبێت،
پێشتر نادادیەكی زۆر هەبوو، هەر بەنموونە لە پەرلەمانی كوردستان كەس هەبووە 25 ساڵ تەمەنی بووە، كەچی بە راوێژكار خانەنشین كراوە".

حاجی كاروان، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە جەختی لەوە كردەوە بەشێوەیەكی گشتی یاساكەی پێی باشە، بەڵام تێبینی لەسەر چەند بڕگەیەكی هەبوو بەتایبەت خانەنشینی پلە تایبەتەكان ‌و خانەنشینانی ئاسایی. هەر لە بەرنامەكەدا بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، باسی لەوە كرد ناڕەزا خەڵكی لەسەر بەشێكی یاساكەیان پێگەیشتووە و گوتیشی "بەڵام یاساكە لایەنی باشیشی زۆرە بەنمونە یەكخستنی یەكی ژمێریاری هێزەكانی 70‌و 80 ، رێكخستنی 60هەزار پاسەوانی زیادەی بەرپرسان".

دوای ئەم بەرنامەیە ‌و زۆربوونی ناڕەزاییەتەكانی خەڵكی لەسەر بەشێكی یاساكە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا لە پێناو هەمواركردنەوەی، یاساكە بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان.

ئەم بەرنامەیە شەوی 1-3-2018 بەشێوەیەكی راستوخۆ لە پەرلەمانی كوردستانەوە پێشكەشكرا ‌و میوانە سەرەكییەكانیش بریتی بوون لە:

*عزەت سابیر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی
* فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی
*بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان
*نەجیبە لەتیف ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ
*حاجی كاروان، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو