کارگەی چیمەنتۆ

22 April 2025
کارگەی چیمەنتۆ
 ئەم بەرنامەیەی مەید ئین کوردستان باسی کارگەیەکی دروستکردنی چیمەنتۆ دەکات لە هەرێمی کوردستان.
کارگەی چیمەنتۆی دابین لە نزیک بەنداوی گۆمەسپان، لە ساڵی 2025 دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە.
ئەم کارگەیە لە ماوەی 24 مانگدا لەلایەن ئەندازیارانی کوردەوە دامەزراوە و رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 8 هەزار تۆن چیمەنتۆ و 6 هەزار تۆن کلینکەری هەیە..
بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ کارگەکە سەرەتا بەردی لایمستۆن لە کانەکانی ناوچەکە دەهێنرێت، دواتر لە فڕنەکەدا بە پلەی گەرمی 1400 دەسووتێنرێت و دەگۆڕێت بۆ کلینکەر.
پاشان کلینکەر لەگەڵ گەچ و بەردی ئاسن تێکەڵ دەکرێت و دەچێتە ناو ئاشەکانی چیمەنتۆوە.
دوای ئەوە، چیمەنتۆی ئامادەکراو دەچێتە ناو چوار سایلۆی جیاواز و لە کۆتاییدا دەکرێتە ناو کیسەی 50 کیلۆگرامی و دەخرێتە بازاڕەوە.
کارگەکە سێ جۆری چیمەنتۆی جیاواز بەرهەم دەهێنێت: چیمەنتۆی تایبەت بۆ کۆنکرێت، چیمەنتۆی تایبەت بۆ بلۆک و چیمەنتۆی گشتی.
کارگەکە هەوڵی بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆجیای ئەورووپی و چینی، سیستەمی کۆنترۆڵی رۆبۆتی داوە بۆ باشترکردنی کوالێتی بەرهەمەکەی..
ئەم کارگەیە بە وەبەرهێنانی 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دامەزراوە و سەلماندوویەتی کە، بەپێچەوانەی راپۆرتە پێشووەکانی حکومەتی عێراق، بەردی چیمەنتۆ لە هەولێر و دەڤەری بادینان بوونی هەیە و دەکرێت بەرهەم بهێنرێت بە کوالێتییەکی بەرز.