ماری رەش و زەرد بوونە میوانی پاشیڤ

04 April 2022
ماری رەش و زەرد بوونە میوانی پاشیڤ

لە بەرنامەی سێیەمی پاشیڤ عەبدولستار ئەمین، لە شێخانەوە چەندین ماری هێنایە ستۆدیۆی پاشیڤ، بەشێک لە پێشکەشکارەکان مارەکانیان کردە ملیان و دەستیان لێدا، بەڵام پەیام عەزیزی نەیوێرا نزیکی مارەکان بکەوێتەوە.

بەرنامەی سێیەمی پاشیڤ بە چەندین بڕگە و میوانی جیاوازەوە پێشکێش کرا، لە بڕگەی یەکەمیدا هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران میوانبوو، باسیی لەو رێنوێنی و رێکارانە کرد کە لە ئیدارەی سۆران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ گیراونەتەبەر لە مانگی رەمەزاندا، هەروەها باسی هاتووچۆی خەڵکی کرد لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە.

لە بڕگەی دووەمدا عەبدولستار ئەمین مزووری لە شارۆچکەی قەسرۆک لە قەزای شێخانەوە هاتبووە بەرنامەی پاشیڤ و حەوت ماری رەش و مارێکی زەردی لەگەڵ خۆی هێنابوو، باسی ئەوەی کرد کە لە ماڵەوە نزیکەی 60 مار بەخێودەکات و چەندین کەس سەردانی دەکەن بۆ ئەوەی ترسیان لەمار بشکێت.

دکتۆر ئەحمەد محۆ سەیدۆ، مامۆستای زانستە ئیسلامییەکان میوانێکی دیکەی بەرنامەی پاشیڤ بوو، باسی گەشت و سەیرانی کرد لە رەمەزاندا، گوتی کە لە رەمەزاندا گەشت و سەیران رێگەپێدراوە، بەڵام حەرامە رۆژوو و بشکێندرێت لەبەر خاتری سەیران.

دکتۆر کامەران عەبدولعەزیز، سەرۆکی کۆمەڵەی پاراستنی مافی بەکاربەر میوانێکی دیکەی پاشیڤ بوو، باسی لە پاراستنی مافی بەکاربەر کرد لە بازاڕەکانی کوردستان و چەندین رێنوێنی بۆ هاونیشتمانیان خستەڕوو لەبارەی چۆنیێتی بازاڕکردن و پاراستنی ئابووریان.