مامۆستایەکی زانکۆ: پلاستیک گەورەترین مەترسییە بۆسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان

18 April 2022
مامۆستایەکی زانکۆ: پلاستیک گەورەترین مەترسییە بۆسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان

کەیوان ئەمجەدیان، مامۆستای زانکۆی سۆران، دەڵێت: گەورەترین مەترسی بۆسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی پلاستیکە لەلایەن هاونیشتمانییانەوە، دەشڵێت، هێشتا پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار، بەڵام بەمشێوەیە بەردەوامبین زەنگی مەترسی لێدەرێت.

لە بەرنامی پاشیڤ، پرسی پیسبوونی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە، لەڕووی زانستی و ئایینییەوە گەنگەشە کرا.

کەیوان ئەمجەدیان، مامۆستای بەشی جیۆلۆجی لە زانکۆی سۆران و لێکۆڵەر لەبواری ژینگە، میوانی یەکەمی پاشیڤ بوو، باسی لە مەترسییەکانی سەر ژینگە و هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کرد.

کەیوان ئەمجەدیان، لەبارەی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی رووی لە هەرێمی کوردستان کرد، گوتی: وشکەساڵی یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکەنی خۆڵبارین، دەشڵێت؛ ئەگەر دۆخی ژینگە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت، ئەوا لە داهاتوودا خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و زیادیش دەکات.

" پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار"

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، باسی ژینگەی کوردستانی کرد و گوتی: هێشتا پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بەڵام بەم شێوەیە بڕوات زەنگی مەترسیدار لێدەدرێت. دەشڵێت: ژینگەی هەولێر پیسترە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لەناو هەولێریشدا ژینگەی دەوری قەڵا پیسترە لە گەڕەکەکانی دیکە، ئەویش بەهۆی چڕی هاتووچۆیە تێیدا.

"خۆڵبارینەکەی هەفتەی رابردوو لە بیابانەکانی ئەفریقاوە هاتبوو"

کەیوان ئەمجەدیان دەڵێت: ئەو خۆڵبارینەی لە ماوەی رابردوودا رووی لە هەرێمی کوردستان کرد لە بیابانەکانی ئەفریقاوە هاتووە و تاوەکو نزیکی ئەفغانستان رۆیشت، دەشڵێت: بۆ چارەسەری کێشەی خۆڵبارین دەتوانین بەربەستی سەوزایی دروستبکەین، بەڵام ئەوە چارەسەری کاتییە و دەبێت لە سەرچاوەکەوە چارەسەری بکەین.

دەتوانین چی بکەین بۆ پاراستنی ژینگە؟

لەبارەی ئەوەی تاک دەتوانێت چی بکات بۆ پاراستنی ژینگە، مامۆستا کەیوان ئەمجەدیان دەڵێت: دەتوانین ژینگە پاکوخاوێن رابگرین، کەمتر کارەبا و بەنزین بەکاربهێنین. دەشڵێت: دەبێت بە قوتابییەکان بڵێین ژینگە یەک جارە و دووبارە نابێتەوە، بۆیە دەبێت بیپارێزین، پێشیوایە گەورەترین مەترسی بۆ ژینگەی کوردستان بەکارهێنانی زۆری پلاستیکە لەلایەن هاونیشتمانییانەوە و دەبێت بەکارهێنانی کەمبکرێتەوە.

مەلا مزەفەر: لە قورئان و فەرموودەدا باسی پاراستنی ژینگە کراوە

مەلا مزەفەر زیاد مامۆستای ئایینی، یەکێکی دیکەبوو لە میوانەکانی پاشیڤ، لەڕووی ئاینییەوە ئەرکەکانی موسڵمانی بەرامبەر ژینگە و پاراستنی ژینگە شیکردەوە و گوتی: کۆمەڵێک ئایەتی قورئانی پیرۆز و کۆمەڵێک فەرموودەی پەیامبەر باسی پاراستنی ژینگەیان کردووە، بۆ ئەوەش نموونەی چەند ئایەتێکی قورئانی هێنایەوە کە یەکێک لە ئایەتەکان دەفەرموێت "ئێوەم دروستکردووە بۆ ئەوەی زەوی ئاوەدان بکەنەوە".

مەلا مزەفەر: ژینگە پیسکردن و مرۆڤ کوشتن وەک یەک وایە

مەلا مزەفەر زیاد، پێیوایە ژینگەپیسکردن لەگەڵ کوشتنی مرۆڤدا جیاوازی نییە. دەشڵێت: ساڵانە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە گیان لەدەستدەدەن، بۆیە ئەو کەسەی ژینگە پیسدەکات وەک ئەوەوایە مرۆڤی کوشتبێت.

"ئازاردان و کوشتنی گیانلەبەران بێ ھۆکار حەرامە"

مەلا موزەفەر زیاد دەڵێت: لە ئیسلامدا راوکردنی ئاژەڵ و ئازاردانی گیانلەبەران بەبێ هۆکار حەرامە. دەشڵێت، پەیامبەر فەرموویەتی هەرکەسێک ئاژەڵێک بەبێ هۆکار بکوژێت، یان ئازاری بدات لەو دونیا هەمان ئازاری دەدرێتەوە.

خێرخوازێک: رێژەی هەژاری زۆر زیادیکردووە

میرخان قەهرەمان، سەرپەرشتیاری ماڵی هەژاران لە دهۆک، یەکێکی دیکەبوو لە میوانەکانی پاشیڤ، گوتی: لە ساڵی 2011 وە کاری خێرخوازی دەکەم بەڵام رەمەزانی ئەمساڵ رێژەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکارییە زۆر زیادیکردووە. گوتیشی: لە دهۆکەوە تاوەکو هەولێر 196 کەسی هەژار پەیوەندییان پێوەکردووم بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەین، داواش لە حکومەت دەکات کاری جیدی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری بکات.

شەیدا سەیاد: زۆرینەی ئەو سابوونانەی دێنە هەرێمی  کوردستان لە زەیتی بەکارهاتوو دروستدەکرێن

شەیدا سەیاد، کچێکی خاوەن کاری شاری هەڵەبجەیە، ئەو لە ناحیەی سیروان کارگەیەکی دروستکردنی سابوونی کردووەتەوە.

شەیدا میوانی پاشیڤ بوو، لەبارەی چۆنیێتی فێربوونی پیشەی سابوون درووستکردنەوە گوتی: لەڕێگەی ئۆنلاینەوە فێری سابوون دروستکردن بووم، سەیرمکرد زۆرینەی ئەو سابوونانەی دێنە هەرێمی کوردستان لە زەیتی بەکارهاتوو و ناتەندروست دروستدەکرێن، بۆیە بڕیارمدا خۆم فێری سابوون دروستکردن بکەم، دەشڵێت: یەکەم سابوون کە دروستم کرد دەموچاوی خۆمی سووتاند، بەڵام ئێستا سابوون بۆ بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەنێرم.

شەیدا سەیاد: زۆرترین ئەو سابوونانەی دەیانفرۆشم لە زەردەچەوە دروستکراون

شەیدا سەیاد، دەڵێت، دەتوانم بێجگە لە دروستکردنی سابوون، شامپۆی قژ و لەش و هەندێک کرێم بەرهەم بهێنم، دەشڵێت: زۆرینەی ئەو سابوونانەی دەیانفرۆشم سابوونی زەردەچەوە و زەیتی هەنارە، کە لەناوکی هەنار دروستیدەکەم.
 
ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک کۆمپانیا ویستوویانە کاریان لەگەڵ بکەم بەڵام رێکنەکەوتووین، باسی ئەوەشی کرد، کارگەکەی دەوتوانێت رۆژانە 5 هەزار سابوون بەرهەم بهێنێت.