خێرخوازێکی دھۆک جلوبەرگی جەژنی بۆ سێ ھەزار منداڵ دابینکردووە

23 April 2022
خێرخوازێکی دھۆک جلوبەرگی جەژنی بۆ سێ ھەزار منداڵ دابینکردووە

"ئەحمەدی خانی باوکی نەتەوەپەروەری کوردە"

ئیبراهیم خەلیل باران، نووسەر و سەرۆکی پارتی کوردستانی لە بەرنامەی پاشیڤ باسی لە بیری نەتەوەپەروەری لای ئەحمەدی خانی کرد و گوتی: ئەحمەدی خانی باوکی نەتەوەپەروەری کوردە و یەکەم کەس بووە کە باسی لەوەکردووە کورد پێویستە ببێتە خاوەنی دەوڵەت.

ئەحمەدی خانی ساڵی 1651 لە شاری بایەزیدی باکووری کوردستان لەدایک بووە و بە پێشڕەوی بیری نەتەوەپەروەری کورد دادەنرێت، لە نووسین و گوتارەکانیدا داوای لە کورد کردووە یەکگرتووبن و دەوڵەتێک بۆ خۆیان دابمەزرێنن. لە ساڵی 1706 کۆچی دوایی کردووە و هەر لە بایەزید بەخاکسپێردراوە.

"ئەحمەدی خانی داوای کردووە کورد یەک سەرکردەی هەبێت"

لە بەرنامەی پاشیڤ، ئیبراهیم خەلیل باران، نووسەر و سەرۆکی پارتی کوردستانی باسی لە بیری نەتەوەپەروەری لای ئەحمەدی خانی کرد و گوتی: ئەحمەدی خانی باوکی نەتەوەپەروەریی کوردییە، دوای ئەو چەندین نەتەوەپەروەر و شاعیر و سەرکردە دەرکەوتوون، بەڵام نەیانتوانیوە ئەحمەدی خانی تێپەڕێنن، ئەو لە سەردەمێکدا ژیاوە کە کوردستان کراوەتە دوو پارچە و بەسەر دەوڵەتانی سەفەوی و عوسمانیدا دابەشبووە، یەکەم کەس بووە بە ئاشکرا داوای کردووە کورد دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت و یەک سەرکردەی هەبێت، هەروەها نەخشەڕێگەی دروستکردنی دەوڵەتەکەی دیاریکردووە.

"نەتەوەپەروەرەکانی کورد ئەحمەدی خانی بە پێشەنگی خۆیان دەزانن"

ئیبراهیم خەلیل باران، لەبارەی شارەزایی ئەحمەدی خانی لە کاروباری سیاسی دەڵێت: خانی، تەنیا مەلایەکی ئایینی نەبووە و تەنیا لە حوجرەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو نووسەری میری بایەزید بووە و لەناو سیاسەتدا بووە، ئاگاداری کاروبارە رامیارییەکان بووە، هەروەها چەندین نووسینی لەبارەی پەروەردەکردنی منداڵان و بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نووسیوە، کاریگەریی بیرە نەتەوەپەروەرییەکانی وایکردووە کە لەسەدەی نۆزدەدا کاتێک بیری نەتەوەگەرایی گەشەدەکات، ناسیۆنالیستە کوردەکان بیری ئەحمەدی خانی دەکەنە رێچکەی کارەکانیان و بە پێشەنگی خۆیانی دەزانن.

"ئەحمەدی خانی داوای لە کورد کردووە نەبنە قەڵغان بۆ شەڕی تورک و فارس"

ئیبراهیم خەلیل باران دەڵێت: ئەحمەدی خانی لەرووی جوگرافیای سیاسییەوە، نەخشەی دابەشبوونی کوردستان و ئەو دەوڵەتەی کێشاوە کە کورد دەبێت دروستی بکات، بە خەڵک و دەسەڵاتدارانی کوردی گوتووە دەبێت یەکگرتووبن و دەوڵەت دروستبکەن، لەبەر ئەوەی ئێمە کەوتووینەتە نێوان دەسەڵاتی سەفەوی و عوسمانی، تاوەکو ئێستا ئەوان شەڕیان کردووە و خوێنی کورد رژاوە، پێویستە ئیدی نەبینە قەڵغانی شەڕی ئەوان و دەوڵەتی خۆمان هەبێت.

"ئەحمەدی خانی کاریگەری لەسەر میرەکان ھەبووە"

ئیبراهیم خەلیل باران، لەبارەی کاریگەری میرەکانی بایەزید لەسەر ئەحمەدی خانی دەڵێت: میر کاریگەری نەبووە لەسەر ئەحمەدی خانی، بەڵکو ئەو کاریگەری لەسەر میرەکان هەبووە، لەبەر ئەوەی ئەحمەدی خانی شام و بەغدا و چەندین شوێنی دیکە گەڕاوە و و فارسی و کوردی و تورکی زانیوە، ھەروەھا ئاگاداری فەلسفەی فەیلەسووفە یۆنانی و ئەوروپییەکان بووە.

"دۆخی ئێستای کوردستان هاوشێوەی سەردەمی ئەحمەدی خانییە"

سەرۆکی پارتی کوردستانی لە بەرنامەکەدا باسی لەوە کرد: دۆخی ئێستای کوردستانیش هاوشێوەی سەردەمی ئەحمەدی خانییە، هەم ناکۆکی لەنێوان لایەنەکانی پارچەکانی کوردستان هەیە و هەم ناکۆکی لەنێوخۆی پارچەکاندا هەیە، ئەو کاتەش ئەحمەدی خانی داوای لە میرە کوردەکان دەکرد، یەکگرتووبن و سەرکردەیەک لەنێوان خۆیان هەڵبژێرن و دەوڵەتێک دروستبکەن، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی بەرەو لاوازی دەچوو، بەڵام نەیانکرد، ئەو داواکارییەی ئەحمەدی خانی بۆ ئێستەش راستە.

د. محەممەد خالید: تاتۆکردن حەرامە

د. محەممەد خالید، پسپۆڕی زانستە ئیسلامییەکان، یەکێکی دیکەبوو لە میوانەکانی پاشیڤ و باسی لە کوتانی تاتۆ و خاڵ کرد لە رووی شەریعەتی ئیسلامەوە و گوتی: لە ئیسلامدا تاتۆکردن حەرامە، بەگوێرەی قورئان و فەرموودەی پەیامبەر، هەر جۆرێکی تاتۆ مرەکەب و دەرزی تێدا بەکاربێت حەرامە، بەڵام ئەگەر بە لەزگەبێت حەرام نییە.

لەبارەی جوانکارییەکانی دیکەشەوە دەڵێت، جوانکاری ئەگەر بۆ پێویستی بوو حەرام نییە، بۆنمونە کەسێک لە رووداوێکدا بەشێک جەستەی لەدەست دەدات، یاخود بەشێک لە دەموچاوی  عەیبدار دەبێت، ئەوکاتە ئەنجامدانی جوانکاری بۆی حەرام نییە، لەبەر ئەوەی ئەوە ناچێتە چوارچێوەی جوانکارییەوە، بەڵکو چاککردنەوە و راستکردنەوەیە.

"نوێژی ئەو کەسانە قبوڵە کە تاتۆیان پێوەیە"

د. محەممەد خالید دەڵێت: ئەوکەسانەی تاتۆیان پێوەیە، دەستنوێژیان دروستە و نوێژەکەشیان قبووڵە، بەڵام گوناهباری ئەوەش دەبن کە کارێکی حەرامیان کردووە، هەروەها دەشڵێت: جوانکاریی بابەتێکی هەستیارە و نابێت بە گشتی لەبارەیەوە قسە بکرێت، دەبێت پەنا بۆ فتوادانی تایبەت ببرێت بەگوێرەی کەسەکان.

د. محەممەد خالید: دەبێت لیژنە بۆ بڕیاردان لەبارەی فیلەر و بۆتۆکس پێکبهێندرێت

د. محەممەد خالید، ئەوەی خستەڕوو: بەشێک لە موفتییانی ئیسلام فتوایان لەبارەی حەڵاڵی پڕکردنەوەی ئەو چرچانەی دەموچاو داوە کە بەهۆی تەمەنەوە دروست دەبێت، بەڵام دەبێت لیژنەیەک لە شارەزایانی فیقهی ئیسلام و پزیشکانی جوانکاری دابنیش گفتوگۆ لەبارەی فیلە و بۆتۆکس بکەن و پزیشکەکان وەڵامی پرسیارەکانی شارەزایانی ئایینی بدەنەوە و ئەوانیش فتوا لەوبارەیەوە بدەن.

خێرخوازێکی دھۆک جلوبەرگی جەژنی بۆ سێ ھەزار منداڵ دابینکردووە

کاروان دۆسکی، سەرپەرشتیاری گرووپی کاروان دۆسکی بۆ خێرخوازی، میوانێککی دیکەی بەرنامەی پاشیڤ بوو، لەبارەی کارە خێرخوازییەکانیانەوە گوتی: لە ماوەی 20 رۆژی مانگی رەمەزاندا جلوبەرگمان بۆ سێ هەزار منداڵ دابینکردووە و خواردنمان بەسەر 700 خێزاندا دابەشکردووە، بۆ دیاریکردنی ماڵە هەژارەکانیش گرووپێکی 14 کەسیمان هەیە و دەگەڕێن و ماڵە هەژارەکان دەستنیشان دەکەن.

کاروان دۆسکی: لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هاوکاری زیاتر لە 17 هەزار خێزانمان کردووە

کاروان دۆسکی، ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی 2012ـەوە هاوکاری بۆ هەژاران کۆدەکەنەوە، بەشێوەیەکیش کاردەکەن، نە ناوی ئەوکەسانە ئاشکرا دەکەن کە خێر دەکەن، نە وێنەی ئەو کەسانەش دەگرن کە خێریان پێدەکەن، هەروەها دەشڵێت: تەنیا لەماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، هاوکاری 17 هەزار و 326 خێزانمان کردووە، ئامانجیشمانە لەماوەی ئەو چەند رۆژەی کە لە مانگی رەمەزان ماوە، جلوبەرگ بۆ هەزار و 500 منداڵ دابین بکەین.

"یەکەمجار کە بانگم دا لەماڵەوە گوتم مزگەوتەکەم دەلەراندەوە"

محەممەد مەلا ئاراز، سروودبێژ یەکێکی دیکەبوو لە میوانەکانی پاشیڤ، لەبارەی دەستپێکردنی بە سروودبێژی گوتی کە لەتەمەنی پێنج ساڵییەوە چووەتە مەولوود، لە باوکییەوە فێری موناجات بێژیی بووە، ئێستا ناوبانگی پەیداکردووە و لەزۆربەی ناوچەکانی کوردستانەوە بانگدەکرێت بۆ مەولوود خوێندن، محەممەد دەڵێت: لە سەرەتاوە شەرمم دەکرد، یەکەمجار کە بانگم دا لەماڵەوە گوتم "بانگێکم داوە مزگەوتەکە دەلەرییەوە، بەڵام باوکم گوتی ئەوە خۆت گیانت دەلەرزی مزگەوتەکە نەدەلەرییەوە".

مهابات رەحمان، شێفێکی شارۆچکەی کۆیەیە کە بە خواردنە خۆشەکانی ناوبانگی دەرکردووە، مهابات میوانی بەرنامەی پاشیڤ بوو، لەبارەی دەستپێکردنی بە کاری خواردن ئامادەکردن و فرۆشتنی لەڕێگەی ئۆنلاینەوە گوتی: ماوەی سێ ساڵە ئەو کارە دەکەم، لەماڵەوە دەستم بە کارکردن کردووە، وردە وردە ناوبانگم دەرکرد، بەناوبانگترین خواردنم کە خواستی زۆری لەسەرە پاچەیە، لە سلێمانی و کەرکووک و هەولێرەوە خەڵک داوای دەکات.