132 هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە
ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، لە بەرنامەی پاشیڤ گوتی، لەماوەی چوار مانگی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان هەشت کرێکار لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە، دەشڵێت: تاوەکو ئێستا 132 هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە، لەو ژمارەیەش 15 هەزاریان ژنن.
عەبدولقادر ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، لە بەرنامەی پاشیڤ ئاماری ئەو کرێکارانەی خستەڕوو کە دەستەبەری کۆمەڵاتییان بۆ کراوە و گوتی، "تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 نزیکەی 127 هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە، ساڵی 2022ش پێنج هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە، ئەوە بێجگە لەوەی سەتان هەزار کرێکاریش هەن دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە".
لەبارەی ئاماری کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، عەبدولقادر ئەحمەد دەڵێت: لەساڵی 2007 نزیکەی 70 هەزار کرێکاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، تەنیا لە ساڵی 2021دا نزیکەی هەشت هەزار کرێکاری بیانی لە وڵاتەکانی نیپاڵ و فلیپینەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان ئافرەتن و بۆ کارکردن لەنێو ماڵەکاندا هێندراون.
عەبدولقادر ئەحمەد، باسی لە شێوازی دابەشبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرد و گوتی: لە مووچەی ئەو کرێکارانەی کە دەستبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و مووچەکەیان لە سەروو 350 هەزارەوەیە، 17%ی مووچەکەیان بۆ دەستەبەرییەکان دەڕوات، لەو بڕە 14% بۆ خانەنشینییە، 2% بۆ پێکانی کارە، 1%ی بۆ دەستەبەری تەندروستییە، کە بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ کرێکارێک سوودی لەو دەستەبەری تەندروستییە نەبینیوە، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت تەرخان نەکراوە رووی تێبکەن و چارەسەری لێوەربگرن.
عەبدولقادر ئەحمەد: لەماوەی چوار مانگدا هەشت کرێکار لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە
ئەو ئەندامەی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران دەڵێت، جیاوازی لەنێوان ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەندیکاکانی کرێکاران هەیە لەبارەی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەسەر کار، بەگوێرەی ئامارەکانی ئێمە، ساڵی 2021 بەهۆی رووداوە جیاوازەکانەوە لەشوێنی کار 36 کرێکار گیانیان لەدەستداوە، لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵیشدا هەشت کرێکار گیانیان لەدەستداوە، داواش لە کرێکاران دەکات لەکاتی بوونی کێشە لەسەر کارەکانیان پەیوەندی بە سەندیکاکانی کرێکارانەوە بکەن و ئەوان پارێزەریان بۆ دابین دەکەن، یاخود پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 5500 بکەن کە تایبەتە بە کرێکاران.
عەبدولقادر ئەحمەد، لەبارەی ئاماری کرێکارانی ژنەوە گوتی لە هەرێمی کوردستان، 15 هەزار کرێکاری ژن دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە، هەروەها لەماوەی چوار مانگی رابردوودا 5 هەزار کرێکار دەستبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە، بەوەش کۆی ئەو کرێکارانەی دەستبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە دەبێتە 132 هەزار کرێکار.
د. سالار تاوگۆزی، پسپۆڕی ئەدەبیاتی ئیسلامی یەکێکی دیکە بوو لە میوانەکانی پاشیڤ، باسی چۆنێتیی ناوهێنان و ناساندنی کوردی کرد لە سەرچاوەکانی ئەدەبی عەرەبی و بەشێک لە کتێبە مێژووییەکان و گوتی: 95%ـی سەرچاوەکانی ئەدەبیاتی عەرەبی بەخراپی باسی کوردیان کردووە.
د. سالار تاوگۆزی، باسی فەرهەنگێکی بەناوبانگی عەرەبی کرد بەناوی عەین عەرەب، کە خەلیلی کوری ئەحمەد نووسیویەتی، گوتی، لەو فەرهەنگەدا هاتووە کە کوردەکان نەوەی فارس نین، بەڵام نەوەی کوردی کوڕی عەمری کوڕی عامرن، واتا کوردی بە نەوەی عەرەب ناساندووە، هەروەها لە کتێبێکی ئیبن فارس، بەناوی ( معجب مقایس لغة) دا هاتووە، کورد ئەهلی ستەم و خراپەکارین.
د. سالار تاوگۆزی: کورد خۆی تاوانبارە لەوەی بەرگی عەرەبی بەبەردا کراوە
د. سالار تاوگۆزی دەڵێت، لە سەرچاوە عەرەبییەکاندا جابانی کوردی بە جابانی سوردی ناسراوە، لە زۆر سەرچاوەشدا هاتووە، کە کوردەکان بریتین لە عەرەبە فارسەکان، بێجگە لە سەرچاوە عەرەبییەکان، کوردیش خۆی تاوانبار بووە لەوەی کە شوناسی عەرەبی بە بەردا بکرێت، بۆ نموونە ئیبین تەیمییە، کە کورد بووە، خۆی بە عەرەب ناساندووە، گوتوویەتی عەرەب باشترین و نایابترین مرۆڤن و تایبەتمەندی باشیان هەیە، خۆشەویستی عەرەب ئیمان زیاد دەکات.
د. سالار تاوگۆزی: دەبێت لێپرسینەوە لەو کولتوورە بکەین کە بەخراپ باسی کورد دەکات
د. سالار تاوگۆزی، دەڵێت، کە ئامانجی لە وروژاندنی بابەتی بە خراپ باسکردنی کورد لە سەرچاوەکانی ئەدەبی عەرەبیدا ئەوەیە، کە رووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببینەوە و لێپرسینەوە لە کلتورە بکەین کە بەخراپ باسی کورد دەکات و چیدیکە رێگە نەدەین لە میمبەرەکانەوە ناوی کورد بە جنۆکە و نەوەی جنۆکە بهێندرێت.
'دکتۆر جەمال نەبەز لەبارەی بە خراپ ناوهێنانی کورد رەخنەی لە عەرەب گرتووە'
د. سالار دەڵێت، من یەکەم کەس نیم باسی ئەم بابەتە دەکەم بەر لەمن دوو رۆشنبیری کورد ئەم بابەتانەیان وروژاندووە، کە یەکێکیان مامۆستا ئیبراهیم مەحموود، نووسەری رۆژئاوای کوردستانە، لە کتێبێکدا بەناوی (قبیلە ضائیعە) باسی ناوهێنانی کوردی بە خراپە کردووە لەلایەن نووسەر و ئەدیبە عەرەبەکانەوە، ئەوەی دیکەیان دکتۆر جەمال نەبەز، کە لە کتێبێکدا بەناوی (الاکراد و مستعضفون و اخوانهم مسلیمون) لەو کتێبەدا گلەیی لە عەرەب دەکات و پێیان دەڵێت، "کاتێک ئێوە پێویستان بە کوردە لەبارەمانەوە هەڵوێستان هەیە و کاتێکیش ئێمە پێویستمان پێتانە بێدەنگ دەبن".
'گەنجێکی کورد لە مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد لە ئیستەنبووڵ بانگی داوە'
رەوەند وەلی، سروودبێژێکی شاری هەولێرە، یەکێک بوو لە میوانەکانی پاشیڤ، باسی لەوەکرد، کە لە ٢٠١٣ موناجات دەبێژێت و دەچێتە مەولوود و مەراسیمە ئایینییەکان، دەشڵێت، بە چەندین شێوازی جیاواز دەتوانێت بانگ بدات و لە مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد لە شاری ئیستەنبووڵ رێگەی پێدراوە بانگ بدات.
دواڕۆژەکانی بابلیۆن لە هەولێر نمایشدەکرێت
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەی پاشیڤ هەریەک لە شوان کەریم، دەرهێنەری شانۆگەری 'دواڕۆژەکانی بابلیۆن' و رێشان حەمۆ، ئەکتەری سەرەکی 'دوارۆژەکانی بابلیۆن' میوان بوون، شوان کەریم باسی لەوەکرد، لەدوای ئەو پێشوازییەی لە شاری سلێمانی لە شانۆگەرییەکەیان کرا، دوای جەژن لە هەولێر نمایشی شانۆکەیان دەکەن، گوتیشی: 23 هەزار کەس هاتوون بۆ بینی شانۆگەرییەکەمان، هەرچەند ئەوە ژمارەیەکی زۆرە و سەرکەوتنێکی گەورەیە، بەڵام هێشتا دەکاتە نزیکەی ٢%ی دانیشتوانی سلێمانی.
رێشان حەمۆش گوتی: ئەو رۆڵەی لە شانۆگەرییەکەدا پێیدراوە، لەگەڵ کەسایەتی گونجاوە بۆیە بڕیاری بەشداریکردنی لە شانۆگەرییەکەدا داوە، دەشڵێت: ئەوە یەکەم ئەزموونمە لە کاری شانۆدا و لە داهاتوودا بەردەوامدەبم.
کەلسووم حوسێن: یەکەم ژن بووم کە چێشتخانەم کردەوە
کەلسووم حوسێن، خاوەن چێشتخانەی کەلسووم لە سلێمانی، یەکێکی دیکەبوو لە میوانەکانی پاشیڤ، باسی لە سەرەتای دەستکردن بە کاری خواردن دروستکردن کرد و گوتی: سەرەتا لە ماڵەوە و بە شێوەیەکی بچووک دەستم بەکار کرد، کاتێک زانیم خواست لەسەر خواردنەکانم زۆرە، وردە وردە کارەکەم فراوان کرد، یەکەم ئافرەتیشم کە چێشتخانەم کردووەتەوە، چەندین ئافرەتم فێری کاری چێشتخانە کردووە و ئێستا بەشێکیان چێشتخانەی خۆیان کردووەتەوە لە سلێمانی.
کەلسووم حوسێن باسی ئەوەی کرد، کە خواردنەکانی ناوبانگیان پەیدا کردووە و لە هەولێر و دهۆک و بەشێک لە شاۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە داوای کفتە و دۆڵمەی لێدەکرێت و بۆیان دەنێرێت.
بهشی بكه لە